سەرجەم رۆژنامەکانی ئێران داخران

13:49 - 28 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆزدا زۆربەی بڵاڤۆک و رۆژنامەکانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە دوایین ژومارەی ئەمساڵی خۆیان بڵاو کردەوە و هەتا دوا پشووی نەورۆز دادەخرێن.

هەواڵدەریی فارس بڵاوی کردەوە، بەم پێیە ژومارەکانی داهاتووی رۆژنامەکانی ئێران پاش پشووی نەورۆزی چاپ و بڵاو دەبنەوە و لە ماوەی پشووی سەری ساڵدا بۆ ماوەی نزیک بە ٢٠ رۆژ دادەخرێن.

یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی جیهانی ئابووری رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ٩٢، رۆژنامەی ئافتاب یەزد، رۆژنامەی ئێعتماد، رۆژنامەی تەفاهوم، رۆژنامەی سیاسەت، رۆژنامەی جەوان، رۆژنامەی رێسالەت ١٤ی خاکەلێوە چاپ و بڵاو دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ رۆژنامەی غەرب بەهۆی بڵاو کردنەوەی کاریکاتۆرێکی ئەحمەدی نژاد، بە بڕیاری وەزارەتی فەهەنگ و ئیرشاد پێش بە وەشانی گیرا و دواتریش سەرنووسەر و ٣ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو رۆژنامەیە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.