٢٨ سەر ئەسپی کاسبکاران لە پیرانشاردا کوژران

15:29 - 19 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ٢٨ سەر ئەسپی کاسبکارانی شاری پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لەنێو چوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٨ی جۆزەردان، ٢٨ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران لە گوندی \"زێوکە\"ی شاری پیرانشاردا، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لەنێو چوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"هەژار و ئاوارە ئاتەشبەرگ\" و \"محەمەد شارستین\"، خەڵکی شاری پیرانشار و \"عزیز ڕام\"، خەڵکی گوندی سێڵوێ، خاوەنانی ئەو ٢٨ سەر ئەسپە بارهەڵگرە بوون.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"ئەم هەوڵەی هێزە نیزامییەکان، ناڕەزایەتیی کاسبکارانی لێکەوتووەتەوە.\"

لەم پەیوەندییەدا، نیزامییان حکوومەت لە کوێستانی \"مێرگە چەکۆ\"ی پیرانشاردا، دەیان ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان دایە بەر دەسڕێژی و کەلاکی ئەم ئەسپانەیان هەروا لە سروشتدا بەرەڵا کردووە.

پێشتر، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار وێرای مەحکوومکردنی کوژرانی ئەسپی کاسبکاران، لەمبارەوە وتوویانە: \"ئەم کارە دەستدرێژییە بە گیانلەبەران و لە هیچ کوێی یاسادا ئاماژە بە کوشتنیان نەکراوە.\"