سەحەر کازمی چالاکی مەدەنیی کورد لە گرتووخانە ئازاد کرا

22:15 - 3 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی ڕەوتی قۆناغی قەزایی لە گرتووخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، سەحەر کازمی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند، سەحەر کازمی بە شێوەی کاتی لە زیندان هەتا کۆتاییی ڕەوتی قۆناغی قەزایی لە گرتووخانەی بەشی ژنان لە سنە ئازاد کرا و هەروەها مەهوەش ئەمیری دایکی ناوبراویش کە لە گرتنگەی ئیتلاعات بووە، بۆ بەشداریی لە پرسە و سەرەخۆشی مێردەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: مادێح فەتحی هاوژینی ئەو چالاکە مەدەنییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتە و ئازاد نەکراوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز لە گرتنگە ئازاد بکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"مادێح فەتحی\" هاوژینی سەحەر کازمی چالاکی مەدەنیی و دایکی ئەو چالاکە مەدەنییە \"مەهوەش ئەمیری\" پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەسبەسەر کراون.

مادێح فەتحی هاوژینی ئەم چالاکە مەدەنییە، لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووش، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە‌بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی \"سەحەر کازمی\" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

سەحەر کازمی لە گرتووخانەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە تەلەفۆن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.