سێ کەس لە ژەهراوی بووانی مەشرووب لە شاری بۆکان گیانیان لە دەست دا

13:55 - 15 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی شاری بۆکان، کە بە هۆی خوارنەوەی مەشرووبی دەستکرد، ژەهراوی بوون، گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد و دەستکرد، لەو شارە، ژەهراوی بوون ٣ هاووڵاتیی بەو هۆیەوە، گیانیان لە دەست دا.

دوکتور قادرزادە، بەرپرسی نەخۆشخانی \"قلی‌پور\"ی شاری بۆکان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر ڕابردوو، ١٦ کەس لە ژەهراوی بووانی مەشرووب سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراون.

بە وتەی بەرپرسی ئەو نەخۆشخانەیە: ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەممە، ٩ کەس و لە ڕۆژی دواتر ٧ کەس دیکە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

ناوبراو گیانی لە دەستدانی سێ کەسی لەو ژەهراوی بووانی پشتڕاست کردەوە و هەروەها شوناسی یەکێک لە گیان لە دەستداوانی مەشرووبی ناستاندار بە ناوی \"س.ی\" تەمەن ٤٩ ساڵ ڕاگەیاندراوە.