سێ کەس لە ناڕازییانی کوشتنی ژنان لە مەریواندا، بە \"تێکدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار کران

20:57 - 28 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە ناڕازییانی کوشتنی ژنان لە شاری مەریواندا، لە لایەن دادگای ئەوە شارەوە، بە \"تێکدانی نەزمی گشتی\"، تاوانبار کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ کەس لە ناڕازییانی کوشتنی ژنان لە شاری مەریواندا، بە ناوەکانی \"دیمەن فەتحی، محەمەد دانش و سوومەیە ڕوزبە\"، بە تۆمەتی \"تێكدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەو سێ چالاکە کوردە، لە لایەن لقی چواری دادگای شاری مەریوانەوە بە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتی\" تاوانبار و پاش داکۆکیی پارێزەرەکانیان، بە دانانی بارمتەی ٢٥ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی کورد لە شاری مەریوان، پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە کوشتن و خۆکوژیی ژنان لەو شارە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە دروشمی \"نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان\" و \" نا بۆ قەتڵی نامووسی\"، بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، ژمارەیەک لە ناڕازییان بە تایبەتی \"دیمەن فەتحی، سوومەیە ڕوزبە، محەمەد دانش، کەویار خیشکار، هێمن کانی سانانی، موژدە مەردۆخی و حەمید قوبادی\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

حەمید قوبادی، هێمن کانی سانانی، کەویار خیشکار، دیمەن فەتحی، موژدە مەردۆخی، سوومەیە ڕوزبە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کران و محەمەد دانش ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بانەمەڕ، لە گرتنگە ئازاد کرا.