سێ هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی بیروباوەڕیانەوە بە ئێعدام مەحکووم کران

22:24 - 7 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی ئێرانی تەنیا لە سەر دەربڕینی بیروباوەڕ و بیروبۆچوونی شەخسیی خۆیان بە ئێعدام مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری تاران حوکمی ئێعدامی بۆ سێ هاووڵاتیی ئێرانی بڕیوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییەی بە ناوەکانی \"سینا دێهقان\"، \"محەممەد نووری\" و \"مەرجان داوەری\" ڕاگەیاندووە.

\"\"
مەرجان داوەری
ئەو سەرچاویە ڕایگەیاندووە، ئەو سی هاووڵاتییە تەنیا بە هۆی دەربڕینی بیروباوەڕ و باوەڕی شەخسی بە ئێعدام مەحکووم کراون.

سینا دێهقان دانیشتووی شاری تارانە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ساڵی ٩٤ی هەتاوییەوە، لە کاتی تەواو بوونی خزمەتی سەربازی لە یەکێک لە پادگانەکانی سپای پاسداران، لەلایەن وەرزاتی ئیتلاعاتی شاری ئەراکەوە دەستبەسەر کراوە.

پێشتریش سینا لەگەڵ سێ کەسی دیگە پێش لە دەستبەسەرکردنی چەند ئەکاونتێکیان سەبارەت بە ئیسلام بڵاو کردبووەوە، کە بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی ئەو پۆستانەیان بە بێڕیزی لە قەڵەم دابوو.

لقی یەکی دادگای کەیفەریی پارێزگای ناوەندی بە سەرۆکایەتی محەممەد ڕەزا ڕەحمەتی، سینا و محەممەد نووری بە ئێعدام و سەحر ئەلیاسی بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو.

\"\"
سینا دێهقان
هەروەها لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئێعدامی ئەو دوو هاووڵاتییەی پشتڕاست کردەوە و حوکمی ٧ ساڵ زیندانی سەحەرئەلیاسی بۆ سێ ساڵ کەم کردەوە.

مەرجان داوەری لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە ماڵی باوکی لە شاری کەرەج، لەلایەن مەئموورەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، حوکمی ئێعدامی بۆ بڕدرابووەوە.

ناوبراو بە هۆی بەڕێوەبردنی پۆلی وانە و وەرگێڕانی کتێب سەبارەت بە \"اکنکار\" دەستبەسەر و بە تۆمەتی \"پەیوەندی ناڕەوا، \"کۆبوونەوە و تەبانی دژی نیزام\" و \"ئەندام بوون لە فێرقەی عێرفانیی ئێکێنکار\"و...هتد، سزای بەسەردا سەپاوە.