سێ هاووڵاتیی کورد، بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کران

11:33 - 17 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سنە و مەریوان، بە دانانی بارمتەم بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، لاوێکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا بەشتام"، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی "ڕەمەزان"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی گەلاوێژ، ئەو لاوە کوردە، لەگەڵ "ئارام نیک پەی"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی "عەزیز"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگـ"ـی شاری سنە بە ناوەکانی "بەشیر حاتەمی" کوڕی "سدیق" و "غەفوور یاری" کوڕی "غەفار"، هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگایی، لە گرتنگەی ئیتلاعات لە شاری تاران ئازاد کران.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، ئەم  دوو هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "سەیفوڵڵا جەلیلی"، لە شاری دەماوەند، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "کەڵکوەرگرتن لە جامانە لە یەکێک لە زەماوەندەکان لە شاری دەماوەند و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوون.