سێ هاووڵاتی لە شاری \"سایین ‌قەڵا\" دەسبەسەر کران

16:36 - 24 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، ‌هێرشیان کردە سەر یەکێک لە گوندەکانی \"سایین ‌قەڵا\" و سێ هاووڵاتییان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە گوندی \"قۆزڵوو\"ی شاری سایین ‌قەڵا، هێرشیان بردە سەر ئەو گوندە و سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی \"خالید ڕەحیمی، عەلی ئیبراهیمی و مەحموود قسمەتی\"، دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری گیرانی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.