سێ زیندانیی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران

10:15 - 4 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی ورمێ و مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجی کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، سێ زیندانی بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر، بە ناوەکانی "ڕەئووف (ئازاد) ئازادیخا" کوڕی حاجی "سدیق" خەڵکی دزەی مەڕگەوەڕی ورمێ، "شەماڵ (ئیبراهیم) مەحموودپوور" خەڵکی شاری مەهاباد و "شەهابەدین محەممەدپوور" خەڵکی گوندی "حاجی بایرام" لە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا، ئێعدام کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەزبەر، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بنەماڵەکانیان بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکانیان، بانگهێشت کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر"، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.