سێ زیندانیی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران

17:54 - 3 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی کورد بۆ بەرێوەبردنی حوکمی لە سێدارەدانیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە  ٣ی ڕەزبەر، سێ زیندانیی تاوانبار بە کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر بە ناوەکانی "ڕەووف (ئازاد) ئازادیخا کوڕی حاجی سدیق خەڵکی "دزەی" مەڕگەوەڕ، شەماڵ (ئیبراهیم)مەحموودپوور خەڵکی شاری مەهاباد و شەهابەدین محەممەدپوور" بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانیان، لە بەندی ١٥ی زیندانی ورمێ، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی ئەو زیندانە کران.

ڕووف ئازادیخا و شەماڵ مەحموودپوور، ماوەی سێ ساڵ و ٥ مانگە لە زیندانی ورمێ دان و لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە تۆمەتی "کڕین و فڕۆشتنی مادەی سڕکەر" بە ئێعدام مەحکووم کراون.

بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بۆ دوایین چاوپێکەوتن  لەگەڵ کوڕەکانیان بانگهێشت کراون و بەرپرسانی زیندانی ورمێ ڕایانگەیاندووە کە حوکمی لە سێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕەزبەر جێبەجێ دەکرێت.