سیمینارێک لە ژێر ناوی \" زمانی کوردی و جیهانی مودێڕن\" لە مەریوان بەڕێوەچوو

14:15 - 3 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی سیمینارێکی بۆ دوکتور بەختیار سەججادی سەرۆکی بەشی زمان و وێژەیی کوردی زانستگەی کوردستان ساز کرد.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕەشەمەی سیمینارێک لە ژێر ناوی \"زمانی کوردی و جیهانی مودێڕن\" بۆ \"دوکتور بەختیار سەججادی\" سەرۆکی بەشی زمان و وێژەی کوردیی زانستگەی کوردستان ساز کرد.

سەرەتا پێشکەشکاری سیمینارەکە، \" عەتا وەلەدی\" بەخێرهاتنی سەرجەم میوانانی کرد و داوای کرد لە \" هادی محەممەدیان\" بۆ خوێندنەوەی دەقی پەیامی ئەنجومەن، پاشان \" ئەمین عەزیزی\" وتاری یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانی بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک پێشکەش کرد.

دواتر دکتور \"بەختیار سەججادی\" بانگھێشت کرا بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی لەسەر زمانی کوردی و جیھانی مۆدێڕن.

پاش وتارەکەی \"دوکتور بەختیار سەججادی\"، لە پانێلێکی دوو کەسیدا \" ئارام ساڵحی\" لەسەر زمانی کوردی چەن پرسیارێکی ئاراستەی \"دکتور بەختیار سەججادی\" کرد.

لەو پەیوەندیەیدا، ژەمارەیەک لە بەشداربووان ئاماژەیان بە چەند خاڵ و بابەتێکی ئەو پانێلە کرد و چەن پرسیارێک ھاتە ئاراوە.

لە کۆتاییدا بە پێشکەشکردنی سپاسنامەییەک بۆ \"دوکتور بەختیار سەججادی\" لە لایەن \" ئەنوەر ڕەوشەن\"سمینارەکە کۆتاییی پێ هات.