\"سیرووس عەباسی\" لە زیندانی قوروە ئازاد کرا

21:06 - 21 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری قوروە، بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی گەلاوێژ، \"سیرووس عەباسی\" کە بە تۆمەتی \"ڕەخنە لە حکوومەتی ئێران و بارودۆخی نالەباری هەنووکەیی\"، دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی قورەوە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بڕیار بوو کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، لە گرتنگە ئازاد بکرێت، بەڵام بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە، کرابوو.

\"فەریدە وەیسی\"، هاوژینی ئەو چالاکە مەدەنییە سەبارەت بە ئازادنەکردنی \"سیرووس عەباسی\" لە ڕۆژی یەکشەممە، لە لاپەڕەی ئینیستاگرامیی خۆیدا نووسیبوی: \"پاش دانانی بارمتە، حوکمی ئازادیی کاتیی سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی کوردستان، کە پاش ڕەخنەگرتن لە قسەکانی خامنەیی، دەسبەجێ خرابووە ژێر چاوەدێرییەوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری دێولان، حوکمی ئازادیی کاتیی دەرکرا، بەڵام دواتر کە سەردانی زیندانی قوروەمان کرد، فەرمانبەرانی زیندانی قوروە ڕایانگەیاند کە کەسێک بەو ناوونیشانە لێرە نییە و کەسانی لیباس شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە\".

ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سیرووس عەباسی\"، خەڵکی شاری دێولان، پاش ڕەخنە لە ڕێبەری نیزام و بارودۆخی نالەباری مەوجوود، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.