سپای پاسداران ئەندامانی شۆرای گوندی \"حەسەن نووران\"ی بانگهێشت کرد

15:39 - 23 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لە شاری شنۆ، ئەندامانی شۆرای گوندی \"حەسەن نووران\"ی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، ئەندامانی شۆرای گوندی \"حەسەن نووران\" سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن سپای پاسدارانەوە بانگهێشت کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەندامانی شۆرای گوندی حەسەن نووران، بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز و شەڕ و تێکەڵچوونی دانیشتوانی ئەو گوندە، لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: چەند ڕۆژ پێش، هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی حەسەن نووران موبایلی شەخسی دانیشتوانی ئەو گوندەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دواتر ئەوانییان بانگهێشت کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی ئەم هەوڵەی سپای پاسداران ، دروست کردنی ترس و خۆف لە ناو دانیشتوانی گوندی حەسەن نورووان، بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممە ساڵی ٩٧، هێزەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ و لەگەڵ بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە، تووشی شەڕ بوون.

پاش شەڕ و تێکەڵچوونی دانیشتوانی گوندی حەسەن نووران لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، شەش هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"حەیدەر شێخ محەممەدی، محەممەد ئەسەدی، حامید ڕەشیدپاک و حەمزەی مام قادری\" خەڵکی گوندی \"ئالیاوێ\" و هەروەها، \"مەولوود فەتحوڵلاهی\" کوڕی بایزید و \"سڵێمان داستار\" کوڕی سەعدوون خەڵکی گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کران.