سپای پاسداران کەرەستەی دروستکردنی ڕێگاوبان بۆ بەرزایییەکانی شاری شنۆ دەگوازێتەوە

15:47 - 10 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بۆ کردنەوەی جادەکان لە بەرزایییەکانی سنووری شاری شنۆ و دروستکردنی ڕێگاوبانی نوێ بۆ هێزەکانی خۆی، هەوڵی گواستنەوەی کەرەستەکانی سازکردنی ڕێگاوبانی بۆ ئەو ناوچەیە داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی جۆزەردان، سپای پاسداران، دەستی بە ڕەوانەکردنی کەرەستەکانی سازکردنی ڕێگاوبان لە بەرزایییەکانی سنووری شاری شنۆی کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران لە بەرزایییەکانی شاری شنۆ، لە حاڵی دروستکردنی ڕێگاوبانی نوێیە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەم هەوڵەی سپای پاسداران، بۆ گواستنەوەی خێرای هێزەکانی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: سپای پاسداران بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، هەوڵی زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر ئەو ناوچەیەیە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی جۆزەردان، سپای پاسداران هێز و چەکوچۆڵی قورسی نیزامی بۆ بەرزایییەکانی شاخی شاهۆی لە نزیکی شاری کامیاران ڕەوانە دەکات.

دەگوترێت، هەلیکۆپتێرە نیزامییەکانی سپای پاسداران بە بەردەوامی لە بەرزایییەکانی شاخی شاهۆ لە حاڵی فڕین بووە.

هەموو ساڵێک و لە وەرزەکانی بەهار و هاوین، سپای پاسداران بە بیانووی بەربەرەکانێ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، هەوڵی ڕەوانەکردنی هێزی نیزامیی و لەگەڵ چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەدات.