سپای پاسداران، کاولکاری سەرەکیی سروشت و ژینگەی کوردستانە

15:02 - 1 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران، دارەکانی دارستانی یەکێک لە گوندەکانی مەریوانی بڕیوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانی سپای پاسداران لە پایگای گوندی \"سەردۆشـ\"ی مەریوان، دارەکانی دەوروبەری ئەم پایگایەیان بڕیوەتەوە.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سەردۆش، وێڕای تەئیدی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"سپای پاسداران چەندین جار داوای لە دانیشتووانی گوندی سەردۆش کردووە کە بۆ بڕینەوەی دارەکانی دەوروبەری ئەم پاسگایە یارمەتییان بدەن، بەڵام خەڵکی سەردۆش ئەم داخوازیانەیان قەبووڵ نەکردووە.\"

\"\"ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: \"دوای ڕەتکردنەوەی داخوازیی سپای پاسداران لە لایەن خەڵکەوە، هێزەکانی سپای پاسداران، دارەکانی دەوروبەری پاسگاکەیان بڕیوەتەوە.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی حوزووری هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، دەستیان داوەتە کاولکردنی ژینگەی ناوچەکە.\"

ئەم کارەی هێزەکانی سپای پاسداران، ناڕەزایەتیی دانیشتووانی گوندی سەردۆشی لێکەوتووەتەوە و ئەم کارە بە کاولکاریی سروشت و ژینگەی کوردستان دەزانن.