سپای پاسداران پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا دەگرێت

14:46 - 28 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری شنۆ گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی \"ئاڵیاوێـ\"ـی سەر بە شاری شنۆ، پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز گرتووە.

یەکێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە بە هەواڵنێری کوردپا، لە شاری شنۆی ڕاگەیاندووە: هێزەکانی سپای پاسداران هەموو ئەو دارانەی کە بۆ ئاگری نەورۆز کۆ کرابوونەوە، کۆ دەکاتەوە و سەرەنجام لە شوێنێکی گوندی ئاڵیاوێ ئاگریان تێبەر دەدات.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتوویەتی: سپای پاسداران هەڕەشەیان لە لاوەکانی گوندی ئاڵیاوێ کردووە و وتوویانە نابێت ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە ببەن.

هەر لەو پێوەندییە، لە ماوەی ڕابردوودا، دەیان چالاکی کورد بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان وتراوە، کە نابێت لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بەشداری بکەن.

هەتا ئێستاش ناوەندە پێوەندیدارەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز هیچ مۆڵەتێکیان نەداوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕەشەمە، شۆرای تەئمینی شاری سەقز، لە دانیشتنێکدا، بۆ دروستکردنی کەشی ئەمنییەتی و هەڵسوکەوت لەگەڵ بەڕێوبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە، بڕیارە ڕێوشوێنگەلێک بگرنە بەر.

هەروەها، شۆرای گوندی پاڵنگان لە ژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، نەورۆزی گوندی پاڵنگانیان هەڵوەشاندەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئەماکنی شاری مەریوان، بە مەبەستی بەشداری نەکردنی هونەرمەندانی شاری مەریوان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، کارتی هونەرمەندانیان لێ ئەستاندووەتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ و نەورۆز لە کوردستاندا، کەمپەینێکی لەژێر ناوی \"نەورۆز، سەمای ئازادی\" ڕێک خستووە، کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، لە دژکردەوە بەو کەمپەینە، خەریکی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدان و دەستیان به دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد کردووە.