سپای پاسداران ٣٠٠ مەڕ و ماڵاتی دیکەی هاووڵاتیانیانی زەوت کرد

14:32 - 29 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی زەوت کردنی سامانی هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان، نزیک بە ٣٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانیان لە قەسری شیرین و مەریوان زەوت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نزیک سنوورەکانی \"ئەزگلە\" و گەردە نۆ\"، ٢٥٠ سەر مەڕی هاووڵاتیانیان بەبیانووی نزیک بوونەوە لە سنوور زەوت کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری \"پیران\"ی شاری مەریوان ٥٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەکیان زەوت کردووە و رەوانەی کوشتارگای ئەو شارەیان کردوون.

هەروەها لە ماوەی ١ حەفتەی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠٠ سەر مەڕی هاوووڵاتیان لە شارەکانی قەسری شیرین، پیرانشار و کرماشان لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەشێک لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، سەرقاڵی بەخێو کردنی مەڕوماڵاتن و بە مەبەستی لەوەراندنی مەڕ و ماڵاتەکەیان لە کاتی گەرمێن و کوێستاندا سەردانی هەر ٢ دیوی سنوورەکان دەکەن و هێزەکانی سپای پاسدارانیش بەبیانووی نزیک بوونەوە لە سنوور یان بەزاندنی سنوور، دەست بەسەر ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتی ئەو هاووڵاتیاندا دەگرن.