سپای پاسداران لە سنووری نەوسوود تەقەی لە کۆڵبەرانی کورد کرد

20:37 - 22 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران جێگر لە سنووری شاری نەوسوود، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان، دایە بەر دەسڕێژی گوللە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری نەوسوود، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران، پاش تەقەکردن لە کۆڵبەرانی کورد، دەستیان بە ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەران کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: لەو ڕووداوە، هیچ خەسارێکی گیانی نەبووە.

سەرچاوەیە باوەڕ پێکراوی کوردپا دەڵێت: هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی تەقەکردن لە کۆڵبەران، هیچ ئوسووڵێکی تەقەکردنیان لە بەرچاو نەگرتووە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی \"قاچاخچی شتومەک\" هەڵسوکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.