سووکایەتی بە کەسایەتیی ژن، خۆپیشاندانی بەرینی ژنانی مەریوانی لێکەوتەوە + وێنـە

23:42 - 27 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای ئەوەی رۆژی رابردوو هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەریوان سووکایەتییان بە کەسایەتیی ژن کرد، ژنانی ئەو شارە خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

شایەتحاڵێک لە شاری مەریوانەوە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو خۆ پیشاندانە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بەتوندی بەرەوڕووی سەرکوت بوویەوە و چەندین ژنیش بەتوندی بریندار بوون.

\"12046.jpg\"
شایەتحاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، \" ژنێک بەهۆی لێدانی لە ڕادەبەدەری ئەو هێزانەوە تووشی لاق شکان و خوێنڕێژی بوو.

ئەو شایەتحاڵە باسی لەوەش کرد، ژنانی شاری مەریوان لە سێ‌ڕێیانی \"مووسک\" هەتا مەیدانی \"سەرباز\" ئەو خۆ پیشاندانیان بەڕێوە بردووە و هەنووکە لە زۆربەی شەقام و شوێنە گشتییەکان هێزە لیباس شەخسی و نیزامییەکان جێگیر کراون.

رۆژی دووشەممە رێکەوەتی ٢٦ی خاکەلێوە هاووڵاتییەک بەناوی \"توفیق داباشی\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵك درابوو.

وێنە: پەیجی ژنانی مەریوان