زەوتکردنی کەلوپەلی کاسبکاران لە پاوەدا

20:34 - 25 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران، کەلوپەلی کاسبکارانیان لە یەکێک لە گوندەکانی شارستانی پاوە، زەوت کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردە سەر گوندی \"دزئاوەر\"ی پاوە و کەلوپەلی کاسبکارانیان زەوت کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیزامییان حکوومەت، تەواوی کەلوپەلی کاسبکارانیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کردووە: \"ئەم کارەی هێزەکانی سپای پاسداران، خەسارێکی زۆری بە کاسبکاران گەیاندووە.\"

نیهادەکانی حکوومەت، لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستاندا، وەکوو \"قاچاخچیی کەلوپەل\"، هەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام بەپێی بەندی یەکی مادەی ٢ی کەلوپەلی قاچاخ، ئەگەر بەهای کەلوپەلە هاوردەکان کەمتر لە یەک ملیۆن تمەن بێت، تاوان نایەتە ئەژمار و لە زۆربەی کاتەکاندا، بایەخی کەلوپەلە هاوردەکان لە لایەن کاسبکارانەوە، کەمتر لەم نرخەیە.