زیندانییەكی سیاسیی كورد: باوەڕم بە بەڵێنییەكانی لێپرسراوانی قەزایی نەماوە و مانگرتنەكەم ناشكێنم

14:37 - 16 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: حەیدەر رەشیدی زیندانیی سیاسیی كورد ماوەی ٢٢ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە و سەرەڕای بەڵێنییەكانی لێپرسراونی زیندان و دەزگای قەزایی شاری دێگولان و قوروە لە مانگرتنەكەی بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی كەمپەینی بەرگریی لە زیندانیانی سیاسیی، دادسەرای شاری قوروە ئەو زیندانییە سیاسیەیان بانگهێشت كردووە و داوایان لێكردووە كە كۆتایی بە مانگرتنەكەی بهێنێت و بەپێی هێندێ‌ سەرچاوەش دادستانی شاری دێگولان پێی راگەیاندووە كە پێداچوونەوە بە دۆسیەكەیدا دەكرێتەوە.

ئەو هاووڵاتییە رایگەیاندووە چیدیكە باوەڕەم بە بەڵێنییەكانی لێپرسرااونی ئەمنیەتی و قەزایی نەماوە و هەتا وەدیهاتنی ویستەكانم دەست لە مانگرتن هەڵناگرم.

حەیدەر رەشیدی ماوەی سێ‌ساڵ لەمەوبەر بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردی دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بە ٦ ساڵ زیندان حوكم دراوە.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی پێشووش بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ مانی لە خواردن گرت و دواتر لەسەر بەڵێنیییەكانی دادستانی شاری دێگولان مانگرتنەكەی شكاندبوو.