زیندانییەکی ئەهلی سونەت لە زینداندا مانی لە خواردن گرت

15:33 - 29 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانییانی ئەهلی سونەت لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان، لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان سەبارەت بە ئازادیی بێمەرجی ناوبراو، مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئومید خاکی\"، کوڕی حەسەن، زیندانیی ئەهلی سونەت، بەهۆی ناڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان سەبارەت بە داواکاریی ئازادکردنی ناوبراو بەبێ مەرج، ماوەی یەک حەوتووە دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەو زیندانییە، لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕەوە هەتا ئێستا، دەستی داوەتە مانگرتن.

\"ئومید خاکی\" کە سێهەمین ساڵی زیندانیبوونەکەی لە زیندان تێدەپەرێنێت و لە دوو ساڵی پێشەوە، بە شێوەی تەمێکردن لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە زیندانییانی عەقیدەتی، بۆ بەندی تایبەت بە نەخۆشییە عەفوونەتییەکان ڕاگوێزراوە.

ناوبراو بەهۆی پڕوپاگەندە بۆ بیروباوەڕەکانی خۆی دەسبەسەر و لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، بە سەرۆکایەتیی \"دادوەر مواردی\"، بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.