زیندانییەکی کورد، مەترسیی لەدەستدانی چاوەکانی لە ئارادایە

15:18 - 11 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لەچالاکانی کرێکاریی کورد، کەلە زیندانی مەهاباد لە دەستبەسەری‌دایە، تووشی ئازار و نەخۆشیی چاو بووەو سەرەڕای هۆشداریدانی پزیشکانی نێو زیندان، بۆ چارەسەریی پزیشکی رێگری لە ناردەنە دەرەوەی دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یووسف ئابخرابات، زیندانیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە بەهۆی کاری لە رادەبەدەرەوە گلێنەی چاوی دڕاوە، پێویستیی خێرای بە چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان هەیە.

\"21224.jpg\"
یووسف ئاب‌خرابات، چالاکی کرێکاریی کورد تووشی ئازار و نەخۆشیی چاو بووە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردە ماوەی دوو مانگە پەروەندەی پزیشکیی کوڕەکەیان بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی رەوانەی دادستانیی مەهاباد کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن دادستانییەوە بۆ پێدانی مەرەخەسیی پزیشکی بە یوسف ئابخرابات نەدراوە.

دەگوترێت، پێنەدانی مەرەخەسی بە یووسف ئابخرابات لەلایەن دادستانییەوە لە کاتێکدایە، کە بەرپرسی زیندان بەهۆی بارودۆخی خراپی چاوی ئەو زیندانییە کوردە، رەزامەندیی لەگەڵ پێدانی مەرەخەسیی پزیشکی بەو چالاکە کرێکارییە دەربڕیوە، بەڵام داوای مەرەخەسییەکەی لەلایەن دادستانییەوە بێ وەڵام ماوەتەوەو لە ئەگەری پێنەدانی مەرەخەسی بۆ چارەسەریی پزیشکی، چاوەکانی یووسف مەترسیی لەدەست دانیان لێ دەکرێت.

یووسف ئاب‌خرابات، مانگی بەفرانباری ١٣٩١ لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو دواتر دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد لە رێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢دا ئەو چالاکە کرێکارییەی بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.