زیندانییەکی کورد لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا/ زیندانییانی بەندی ٣٥٠ی ئێڤین رادەگوێزرێن

15:41 - 13 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەقز کەلە زیندانی (ئێڤین)ی تاران لە دەستبەسەریدا بوو، ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەیوب موسلیم خەڵکی قشڵاخی ئەفغانانی سەربە شاری سەقز و دانیشتووی گەڕەکی حاجیاوای ئەو شارە، کە لە زیندانی ئێڤین راگیرابوو، لە زیندان ئازاد کرا.

ئەیوب موسلیم رێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری و سیخوڕی بۆ ئیسراییل دەستبەسەر کراو بۆ ماوەی ٢ مانگ و نیو هاوڕێ لەگەڵ بێهزاد عەبدولی لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوون.
رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە ٤٨ کەس لە زیندانیانی \"ئەمنیەتی\"ی بەندی ٣٥٠ی ئێڤین، کە زۆربەیان زیندانیانی مەزهەبی بوون، بۆ بەندی ٧ی ئەو زیندانە کە تایبەت بە \"تاوانی ماڵی\"یە، راگوێزراون و ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بەندی حەوت شوێنی پێویستی بۆ زیندانیان نییە و زۆربەی زیندانییەکان تەختیان نییە و لەسەر زەوی دەخەون.

هەروەها ٢٥ زیندانیی دیکەی بەندی ٣٥٠ی ئێڤین، پێیان راگەیەندراوە؛ لە رۆژانی داهاتوودا بۆ بەندی ماڵی رادەگوێزرێن.

دەگوترێت، کە راگواستنی ئەو زیندانیانە بە مەبەستی نەهێشتن و هەڵوەشاندنەوەی بەندی سیاسیی زیندانی ئیڤن لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام ئەدرێت، کە ئەمە نیگەرانیی لای چالاکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی زیندانییەکانی بەندی ٣٥٠ دروست کردووە.

لە ئێستادا تەنیا ٦٤ زیندانیی سیاسی، مەزهەبی و سایبیری، لە بەندی ٣٥٠ی ئێڤین راگیراون، کە محەمەد سدیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ٣٥٠دا لە دەستبەسەریدان.

رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ \"مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و زیاتر لە ١٠٠ سەرباز و مەئمووری گاردی تایبەت\" هێرشیان کردە سەر بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین و وێڕای بەستنی چاو و لێدانی دەستبەند لە دەستی زیندانییە سیاسییەکان، بۆ ماوەی چەند کاتژمیر لێیان دابوون و سووکایەتییان پێکردن.