زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی مەریواندا، مانی لە خواردن گرت

15:24 - 12 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، بەهۆی پێنەدانی مورەخەسی، ناڕەزایەتیی دەربڕی و لێوی دوورییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی \"هیوا ئەژبەری\"، ناوسراو بە \"هیوای خاوی\"، ماوەی ٦ ڕۆژە لێوەکانی لە زینداندا تەقەڵ داوە و مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی شاری مەریواندا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی زیندانیکرانیدا، لە هەر جۆرە مورەخەسی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و بەو هۆیەوە، دەستی داوەتە مانگرتن\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بەرپرسانی زیندانی شاری مەریوان، بەو زیندانییە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری هاوکاریکردن لەگەڵیاندا، وڵامی داواکارییەکانی دەدەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"ئەو زیندانییە سیاسییە، داخوازیی هاوکاریی بەرپرسانی زیندانی شاری مەریوانی ڕەت کردووەتەوە\".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دووپاتی کردەوە کە ئەو زیندانییە سیاسییە، لە مافی ئازادیی مەرجداریش بێبەری کراوە.

\"هیوا ئەژبەری\"، باوکی چوار منداڵە و بە تۆمەتی \"سیاسی\" لە لایەن دادگاوە، بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە و ماوەی ٣ ساڵە لە زیندانی مەریواندایە.