زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی سەقز مانی لە خواردن گرت

11:26 - 27 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "ئیقباڵ زارعی"، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەردا، لەمەڕ دەستێوەردنەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لە ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستانی شاری سەقز، ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەربڕیوە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات پێشی بە ئازادکردنی گرتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە هەتا جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکەی، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ هاتووەتە مورەخەسی".

"ئیقباڵ زارعی" خێزاندار و خاوەن منداڵە.

ناوبراو ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرا.