زیندانییەکی سیاسیی کورد لە دەرمان بێبەری کراوە

13:00 - 25 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕێگری لە ڕەوانەکردنی زیندانییەکی سیاسی  بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی خەرمانان، بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بە هۆکاری ناڕوون لە ڕەوانەکردنی "سەعید شیرزاد"، زیندانیی سیاسی کورد بۆ چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان، ڕێگرییان کرد.

پاش چەندین مانگ بەدواداچوون لە دادستانی، بڕیار بوو "سەعید شیرزاد" بۆ نەشتەرگەریی چاوی، ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، بەڵام سەرەڕای نەوبەتەکەی و دانی تێچووەکەی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، لە ڕەوانەکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێگری کرا.

"سەعید شیرزاد"، چەندین جار و بۆ ماوەیەکی درێژ، لە هەمبەر نالەباریی بارودۆخی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و گوشار بۆ سەر زیندانییان، مانی لە خواردن گرتبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە تووشی نەخۆشیی گورچیلە، دیسکی کەمەر و چەند نەخۆشییەکی دیکە بووە و بەهۆی ڕێگریکردنی دادستان لە دەرمان بێبەری کراوە.

"سەعید شیرزاد"، چالاکی مافی منداڵان، ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ٩٣، لە شوێنی کارەکەی لە پاڵاوگەی تەورێز دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ زیندانی ئەوینی تاران، بەهۆی دادکۆکیکردن لە مافی منداڵانی کار و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. پاش ئەو ماوەیە ناوبراو بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئەوین گوازرایەوە و پاش ماوەیەکی کورت و بەبێ هیچ هۆکارێکی تایبەت، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا، ئەو حوکمە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران دووبارە پشتڕاست کرایەوە. هەروەها حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعلیقی ناوبراو کە لە ساڵی ٩١ بە ۆی بەشداری لە یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی  شاری "ئەهەر"، بە سەریدا سەپابوو، خرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.