زیندانییەکی سیاسی کورد، لە مانگرتنەکەی لە زیندانی ورمێ بەردەوامە

14:54 - 21 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، لە مانگرتنەکەی بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قادر محەممەدزادە، زیندانی سیاسی کورد خەڵکی شاری بۆکان، لە مانگرتنەکەی لە زیندانی ورمێ، لە هەمبەر \"ڕاگرتینەکەی لە قەرەنتینەی پێشوو (بند امن)، پێی نایە ١٢هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە دەستی داوەتە مانگرتن و چواردەهەمین ساڵی زیندانیی بوونی خۆی لەو گرتووخانەیە، تێدەپەڕێنێ.

سەرەڕای بەردەوامی مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە خواردن، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، دژکردەوەیان سەبارەت بە داواکاری ناوبراو، نیشان نەداوە.

قادر محەممەدزادە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەپێی دەستووری قەزایی بە تۆمەتی \"پێشێلکردنی یاساکانی زیندان\" بۆ قەرەنتینەی پێشووی زیندان ڕاگوێزراوە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکی بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و مەهاباد،بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و پاش ١٥ مانگ لە ناڕوونی چارەنووسی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی \"محاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، هەر کامیان بە ١٨ ساڵ زیندانی بە دوورخراوەیی مەحکووم کران و ئەم حوکمەش بە فەرمی لە دادگای پێداچونەوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

قادر محەممەدزادە، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٨٩، لە دۆسیەکی دیکەدا، بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان لە دەرەوەی وڵات\"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە ماوەی زیندانیبوونیدا، لە مافی مورەخەسی بێبەری بووە.