زیندانییەکی سیاسی به هۆی نەخۆشیی گورچیلە دۆخی تەندروستیی نالەبارە

21:14 - 15 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بە هۆی ئەوەیکە ئیزنی پێ نادەن لە دەرەوەی زیندان نەخۆشییەکەی چارەسەر بکات، دۆخی تەندروستی نالەبارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە ١٠ی سەرماوەز، \"سەعید شێرزاد\" زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە هۆی دەرد و ئێشی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەی مەدەنیی کەرەج ڕاگوێزراوە و دوای سۆنۆگڕافی دەردەکەوێت کە گورچیلەی ڕاستی ناوبراو بە شێوەیەکی نائاسایی بچووک بووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار له زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند، گورچیلەی ڕاستی سەعید شێرزاد سێ سانتیمتر بچووکتر بووەتەوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە گورچیلەی چەپی نەخۆشی کیستی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا چەندین جار به هۆی ئێشی گورچیلە سەردانی بێهداریی زیندانی کردبوو کە ئێستا دەرکەوتووە گورچیلەی بچووک بووەتەوە.
پزیشک، هۆکاری بچووک بوونەوەی گورچیلەی سەعید شێرزادی بۆ مانگرتن لە خواردن گەڕاندووەتەوە.

سەعید شێرزاد چەندین جار بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانی دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ناوبراو جیا لە نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشیی دیسکی کەمەری هەیە و لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەرییە.

زیاتر لە سێ مانگە لەسەر بڕیاری دادستانی تاران، سەرجەم زیندانیانی ساڵۆنی ١٢ بەندی ٤ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بۆ چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بێبەری کراون.