زیندانییەک لە زیندانی ورمێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

12:04 - 6 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازییەکەی بۆ گواستنەوەی بەندەکەی لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە، خۆی کوشت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی رەزبەر،"وەحید کەربەلایی"، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکەی بۆ گواستنەوەی لە بەندێکی دیکە، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو زیندانییە لە پەیوەندی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر، دەسبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕاگوێزرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، "عەلی پایا،" تازەترین قوربانیی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە بەندکراوانە کە لە زیندانی ورمێ و بەهۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی زیندان گیانی لەدەست دا. ناوبراو بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، سزای ٦ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپابوو.

هەر لەو ماوەیەدا ٦ زیندانیی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و بارودۆخی کارەساتباری زیندان، گیانیان لەدەست داوە.