زیندانییەک لە زیندانی قێزێل حەسار بە هۆی گوشاری ڕۆحییەوە کۆتایی بە ژیانی هێنا

14:18 - 30 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گوشارە ڕۆحی و دەروونییەکان لە نێو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زیندانیەک لە زیندانی قەزەڵحسار دەستی دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی تەمەن ٢٦ ساڵە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر، کە بە ئێعدام مەحکووم کراوە، بە هۆی گوشاری دەروونی لە ژێر حوکمی ئێعدام و ڕاگرتنی درێژ ماوە لە ژووی تاکەکەسی هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئاکام دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
خۆکوژی ئەو زیندانییە ڕۆژی سێ شەممە ٢٨ بەفرانبار ڕوویداوە.

شوناسی ئەو زیندانییە بە ناوی\" بێهزاد سیری\" تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی وەرامین ڕاگەیەنراوە و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە لە زیندانی قێزێل حەساری کەرەج خۆی کوشتووە.

هۆکاری سەرەکی خۆکوژی ئەو زیندانییە بۆ ئێعدامەکانی چەند ڕۆژ پێش دەگەڕێتەوە کە هێندێک لە هاورێکانی ئەو زیندانییە لە گرتووخانەی کەرەج ئێعدام کرابوون.

ناوبراو، چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی سڕکەر دەستبەسەر و دوو ساڵ لەو ماوەیەدا لە زیندانی خۆرین لە زیندانی خێرئاوی شاری وەرامین بووە.

نەبوونی چاوەدێریی شیاو لە نێو زیندان بەسەر بارودۆخی زیندانیان لە زیندانەکانی ئێراندا، بووەتە هۆی ئەوەیکە ژمارەیەک لە زیندانییەکان پەنا بۆ خۆکوژی ببەن.

نەبوونی سیستمی ستانداردی پزیشکی، نەبوونی ناوەندی چارەسەریی نەخۆشیی دەروونی لە نێو زیندان، تێکەڵاویی زیندانیان بە هەموو جۆرە تاوانێکەوە، بەڕێوەبەریی سەلیقەیی و نەبوونی چاوەدێریی سیستمی قەزایی سەربەخۆ بەسەر ئەو زیندانەدا، بە هۆکارەکانی زیادبوونی ئاماری خۆکوژیی زیندانیان ئەژمار دەکرێت.