زیندانییەک لە زیندانی سەڵماس لەسێدارە درا

10:29 - 7 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک لە زیندانی سەڵماس  کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سەڵماس، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "عەلی عەمیزادە"، لە زیندانی ئەو شارەیان جێبەجێ کرد.

ئەو زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەزبەر، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، حوکمی لەسێدارەدانی بە سەر ئەو زیندانییەدا سەپاندبوو.

لە مانگی ڕەزبەردا، ئەمە پێنجەمین زیندانییە کە لە زیندانەکانی کوردستاندا لەسێدارە دەدرێت.