زیندانیانی تاوانبار بە ئەندامبوون لە داعش هێرشیان کردە سەر زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

15:47 - 8 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە لایەن چەند زیندانییەک، کە بە ئەندامی گرووپی داعش تاوانبار کراوان، هێرشیان کرایە سەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنج کە س لە زیندانیانی تاوانبار بە ئەندامبوون لە گرووپی داعش کە خەڵکی وڵاتانی کۆماری ئازەربایجان، چێچێن و عێراق بوون، هێرشیان کردە سەر زیندانیانی سیاسی لە ساڵونی ژمارە ١٠ی بەندی چواری زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش هێرشی زیندانیانی تاوانبار بە ئەندامبوون لە داعش، دەستی ڕاستی سەعید شێرزاد شکاوە و قۆلاپەی پای زانیاری مورادی و نێوقەدی ئارش سادقی و هەروەها چەند زیندانییەکی دیکە لەو هێرشەدا بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو پێنج زیندانییە تاوانبار بە ئەندامبوون لە گرووپی داعش، چەند ڕۆژ پێش لە بەندی تایبەت بە زیندانیانی ئەو گرووپە جیا کراونەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ ساڵونی زیندانیانی سیاسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج.

\"ساقی لەقایی\" وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە لە توییتێری شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: \"ئەو شەڕە نزیک بە ١٥ خۆلەک پاش ئەوە دەستی پێکرد کە \"ساڵح الف\"، زیندانیی داعشیی ئازەربایجانی، شتێکی تیژی لە ژێر قوڕگی هووشەنگ ڕەزایی دانابوو و پێی وتبوو کە ئێوە کافرن و ڕشتنی خوێنتان حەڵالە.

پاش ئەو ڕووداوە، زیندانیانی دیکە هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی هووشەنگ ڕەزایییان دا، که لە لایەن زیندانیانی داعشییەوە بە پارە ئاجۆر و میلە هێرشیان کرایە سەر و لە ئاکامدا، سەعید شێرزاد، لوقمان مورادی و ئارش سادقی بریندار بوون.

دەوترێ، ئەو شەڕە لە لایەن مەئموورانی زیندان کۆتایی پێهات و زیندانییانی سیاسی گوازرانەوە بۆ ژووی تاکەکەسی و بەپرسانی زیندانیش لە چارەسەر کردنی ئەوان و پێدانی دەوا و دەرمانی شێرزاد،مورادی و سادقی خۆیان بواردووە.