زیاتر ٥١ لەسەدی ئێعدامەکانی جیهان لە ئێراندا ڕوو دەدات

14:58 - 17 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە مانگی ژانوویە هەتا مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە، لە ئێران ٢١٦ هاووڵاتیی لە سێدارە دراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی مانیتوورینگی ئێران لە \"ئینفوگرافیکـ\"ـێکدا بڵاوی کردووە، کە لە ماوەی ٩ مانگدا، ٢١٦ هاووڵاتیی ئێرانی و کورد لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە ماوەی ئەو ٩ مانگەدا، لانیکەم ١٠ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی \"ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، محەممەد سەلاس، کەماڵ ئەحمەدنژاد، ئەحەد شەباب، ناسر عزیزی، محەممەد و ئیسماعیل شەبەخش و حەیاتوڵڵا نوتی زەهی\" لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ٥ کەس کە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە، لە کاتی دەسبەسەرکرانیان بە ناوەکانی \"ئەمیر حوسێنپوور جەعفەر، عەلی کازمی، مەحبووبە موفیدی، ئەبووڵفەزڵ چزانی شەرایی و زەینەب سکانوەند لرکانی\" لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە: لە مانگەکانی ژانوویە ١٧ کەس، فووریە ١٧ کەس، مارس ١٣ کەس، ئاڤریل ٣٣ کەس، مەی ١٦ کەس، ژوویەن ١٧ کەس، جوولای ٤١ کەس، ئووت ٣٠ کەس و سێپتامبر ٣٣ کەس لە زیندانییەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.

حوکمی لەسێدارەدان لە ئێراندا، نە تەنیا وەکوو سزا، بەڵکوو وەکوو ئامرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵات لە بەرانبەر ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران و کوردستان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

بەپێی بڵاوکراوەکانی فەرمیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، \"ئێران دووهەمین وڵات لە دوای چینە، کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت و بە وڵاتێکی تەواو خراپ لە بوارەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت.