زیاتر لە ٥٠ تێکەڵچوون لە نێوان سپای پاسداران و حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران ڕوویداوە

11:44 - 7 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران باسی لە ڕوودانی زیاتر لە ٥٠ شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، لە کوردستان و بەلووچستاندا کرد.

"محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزە زەویینییەکانی سپای پاسداران لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "فارس" ڕاگەیاندووە کە دژکردەوەی ئەوان لە بەرانبەر هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، "ئافەندی و هجوومی" دەبێت.

فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران لەو وتووێژەدا وتوویەتی کە لە ماوەی ساڵی ٩٨، نزیکەی ٥٠٠ پایگایان لە ناوچە سنورییەکاندا دروست کردووە.

ناوبراو لە قسەکانی خۆیدا، ئاماژەی بە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ پێشمەرگەکانی کوردستان لە گوندەکانی "قەرەسەقلی شاری شنۆ، سەوڵاوا، کرماشان، جوانڕۆ، چاڵدێران و ماکۆ"، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابروودا کرد کە لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژراو و بریندار بوون.

"محەممەد پاکپوور" لەو وتووێژەدا ئیدعای کردووە کە لە مووشکبارانکردنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و یان بریندار بوون.

فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران، باڵوێزخانەکانی بان ناوچەیی لە هەرێمی کوردستانی بە پشتیوانی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران تاوانبار کرد.

لە ساڵی ٩٥ و پاش ئەوەیکە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، چالاکیی خۆیان لە کوردستانی ئێران زیاد کرد، شەڕ و تێکەڵچوون لە نیوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی سپای پاسداران زۆرتر بووەتەوە.