زۆربوونی جموجۆڵەکانی سپای پاسداران لە کوردستان

20:59 - 10 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: جموجۆڵە نیزامییەکانی سپای پاسداران لە ناوچە جۆراجۆرەکانی کوردستان، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، جموجۆڵی نیزامیی سپای پاسداران لە شاری شنۆ ڕووی لە زیادبوون کردووە و فەزای ئەمنییەتی باڵی بە سەر ئەو شارەدا، کێشاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران لە سێڕیانی \"نەلیوان\"، دەستیان بە دانانی خاڵی پشکنین کردووە و ئەم ‌هێزانە ماشینی شەخسیی هاووڵاتییان دەپشکنن.

ئەو سەرچاوەیە وتی: \"هێزەکانی سپای پاسداران لە زۆربەی ناوچەکانی شاری شنۆدا جێگیر کراون\".

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، چەکوچۆڵی قورس لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە شاری نەغەدە بۆ شاری شنۆ ڕاگوێزرا.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، هێلیکۆپتێرەکانی سپای پاسداران، لەسەر ئاسمانی شاری سەقز و ناوچەکانی نێوان سەقز- بانەدا سووڕاونەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: \"٥ ماشینی نیزامیی هێزەکانی سپای پاسداراندا، لەگەڵ هێز و چەکی قورس، لە سەقزەوە بەرەو بۆکان ڕەوانە کران\".

بە وتەی سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا: \"زۆربوونی جموجۆڵە نیزامییەکانی سپای پاسداران لە کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێراندا بووە\".