زنیدانییەکی کورد لە دەست سێدارەوە ڕزگاری بوو

14:42 - 2 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی مەریوان، کە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست دەسبەسەر کرابوو، بە لێخۆشبوونی دایک و بابی کوژراوەکە لە دەست سێدارەوە ڕزگاری بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی بانەمەڕ، بنەماڵەی سەمەدی پاش ١١ ساڵ، بکوژی کوڕەکەیان بە ناوی \"ک. مـ\"ـیان بەخشی و ناوبراو لە دەست مەرگ ڕزگاری بوو.

عیزەت سەمەدی، لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، کە لاوێکی تەمەن ٢٨ساڵە و خێزاندار و خاوەن منداڵێکی یەکساڵانە بوو، لە تێکەڵچوونێکی بنەماڵەییدا بە لێدانی چەند چەقۆ لە لایەن \"ک. مـ\"ـەوە گیانی لە دەست دا.

بنەماڵەی سەمەدی بە لێخۆشبوونی بکوژی کوڕەکەیان، خوازیاری جێگیربوونی لێخۆشبوون و ئاشتی لە کۆمەڵگادا بوون.

زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا لە پێوەندی لەگەڵ تاوانی سەودا بە مادە هۆشبەرەکانە، بەڵام بەشێک لەسێدارەدانەکان بەپێی یاسای قەساس ئەنجام دەدرێت، کە لەم بوارانەدا سکاڵاکەری تایبەت لەسەر چارەنووسی بکوژەکە بڕیار دەدات.

قەساس لە یاسای حکوومەتی ئیسلامیدا بۆ تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە بەرچاو گیراوە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لە مافەکانی باوک و دایکی کوژراو لە قەڵەم دەدرێت، کە دەتوانن بکوژەکە ببەخشن یان ئەوەی کە چارەنووسی بدەنە دەست حاکم شەرعەوە.

ئەم یاسایە لە حاڵێکدایە، کە باوک یان باپیر ئەگەر مناڵ و نەوەی خۆیان بکوژن، قەساس ناکرێن و تەنیا بە دانی دییە و تێپەڕاندنی حوکمی یاسایی مەحکووم دەکرێن.