زانکۆی کوردستان/بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسکی زانستی لەسەر زمان و فەرهەنگی باشووری کوردستانی ئێران+وتووێژ

16:41 - 15 بانەمەڕ 2714

 

ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی بواری ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد، کۆنفڕانسێکی زانستی لە سەر زمان و کولتووری باشووری کوردستانی ئێران لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو کۆنفڕانسە کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو، لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوەی خوێندکاریی کوردیی وەکوو ئەنجومەنی شێعر و ئەدەبی زانکۆی کوردستان سەبارەت بە زمان و کولتووری ناوچەکانی (کرماشان، ئیلام، لوڕستان و لەکستان) رێکخرابوو.

لە سەرەتای ئەو رێوڕەسمەدا هیوا بابایی بەرپرسی بەشی ئیجرایی کۆنفڕانسەکە وتارێکی لەسەر چۆنیەتی و گرتنی ئەو کۆنفڕانسە و گیروگرفتەکانی ناو زانکۆ لە سەر رێگەی پەرەپێدانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی پێشکەش کرد و پاشان کلیپێک لەسەر زمان و وێژەی ناوچەکانی لوڕستان و لەکستان پێشکەش کرا.

لەو کۆنفڕانسەدا چالاکانی ئەدەبیی کورد وەکوو عەدنان بەرزەنجی، ئاکۆ جەلیلیان، عەلی نەزەری لەسەرزمان و فەرهەنگی ناوچەکانی باشووری کوردستانی ئێران وتاریان خوێندەوە.

عەدنان بەرزەنجی، چالاکی ئەدەبی لەسەر ناوەڕۆکی وتارەکەی کە لەسەر ئەدبیات و زمانی ناوچەکانی باشووری کوردستانی ئێران بووم لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاند؛ زمانی بەشی خوارووی کوردستانی ئێران زیاتر لە ژێر کاریگەری و ئیختیاری ئایین و بەتایبەت ئایینی یارسان دایە و بۆیە بە بڕوای من ئایین باشترین مانا و وێنەی ئەدەبیات لە زاراوەی کرمانجیی خواروودایە.

\"19815.jpg\"

 

عەدنان بەرزەنجی، بەرپرسی ئەنستیتۆی زمانی کوردیی راژە لە شاری سنە

هەروەها گوتیشی ئەگەر مێژووی ئەدەبیاتی کوردی لە پاش هاتنی ئیسلامەوە دەست پێ‌بکات، مێژووەکەی بە زاراوەی کرمانجیی خواروو دەست پێ ئەکات، کە ئەمەش شانازییەکە بۆ ئەدەبیاتی کرمانجیی خواروو.

بەرزەنجی سەبارەت بە رەوشی ئێستای زمان و کولتووری ناوچەکانی باشووری کوردستانی ئێران رایگەیاند؛ کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە بە داخەوە لە بەشی باشووری کوردستانی ئێران ئەو هەلە بۆ پەرەپێدانی زمان و فەرهەنگی کرمانجیی خواروو بۆ ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لێ ئەدات، نەڕەخسێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک کەس هەن کە لەو ناوچانە زۆر جیددی و دڵسۆزانە کاری ئەدەبی و فەرهەنگی دەکەن.

ئەو چالاکە ئەدەبییە سەبارەت بە چۆنیەتیی رەخساندنی هەلی پێشکەوتنی بواری ئەدەبی فەرهەنگی گوتی، \"دەبێ میدیاکان یارمەتیدەر و گرینگی بەم بابەتە بدەن و پێویستە سمینار و کۆنفڕانسی بەرین لە نێو زانستگە و خوێندگەکاندا لەسەر زمان و فەرهەنگی کوردی بەڕێوەبچێت هەتا ئەو ناوچانەش وەکوو شوێنەکانی دیکەی کوردستان بتوانن خۆیان بناسن و شوناس و ناسنامەی خۆیان بزانن.

بەرپرسی ئەنستیتۆی زمانی کوردیی راژە لە شاری سنە، سەبارەت بە زاراوەی لەکی و لوڕی باسی لەوە کرد، شێوەی دابەشبوونی دیالێکتەکانی زمانی کوردی بە پیی هێندێک لە سەرچاوە زانستییەکان باس لەوە دەکەن کە زمانی کوردی لە سێ لقی سەرەکی و بنەڕەتییە کە ئەوانەش لەکی، لوڕی و کرمانجیی ژووروە.

بەرزەنجی هێندیک سەرچاوەی رۆژهەڵاتناسانی وەک بەڵگە هێنایەوە، کە چەند نامە و دەستنووس کە لە نامەخانەی شاری سەنپتێرزبوورگی رووسیادا کە ئاماژەی بە چەند شاعیرێکی لور کراوە، لەژێر ناوی ئەدەبیاتی کوردیدا ناویان هاتووە و چەند شاعیرێک کە ١١٠٠ ساڵ پێش ئیستا ژیاون هەموویان لەژێر ناوی زمانی کوردیدا پێناسەیان بۆ کراوە.
\"19822.jpg\"

 


\"19818.jpg\"

 


\"19817.jpg\"

 


\"19819.jpg\"

 


\"19820.jpg\"

 


\"19821.jpg\"