\"زارا محەمەدی\" یەکەم پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرت

15:11 - 9 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، پاش ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، پاش ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت.

کەمپەینی پشتیوانی لە \"زارا محەمەدی\"، پەیوەندیی چەند خولەکیی \"زارا\"ی لەگەڵ بنەماڵەکەی تەئید کرد.

ئەم کەمپەینە زۆرتر لە هەزار واژۆی بۆ پشتیوانی لە \"زارا محەمەدی\" کۆ کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری ئازادنەکرانی ئەم ئەندامە دەسبەسەرکراوەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە.

پاش دەسبەسەرکردنی\"زارا محەمەدی\"، چالاکانی مەدەنیی کوردستان کەمپەینێکیان بۆ پشتیوانی لە ناوبراو، ڕێک خستووە.

بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەینە ڕایانگەیاندووە: \"هەموو تاک و نیهادە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە کە کۆکردنەوەی واژۆ تەنیا یەکەمین هەنگاومان دەبێت و لە ئەگەری ئازادنەکردنی \"زارا محەمەدی\"، هەنگاوی تر دەنێین.\"

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.