رەخساندنی 131 هەزار هەلی كار لە كوردستان/ شەعبانی: ئاماری بێكاری هەر رۆژە لە كوردستان زیاد دەكات

13:46 - 3 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە حاڵێكدا كە بەرپرسانی حكوومەتی لە پارێزگای كوردستان باس لە رەخساندنی 131 و 700 هەلی كاری تازە دەكەن، نوێنەری سنە لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەو باوەڕە دایە كە هەر رۆژە ئاماری بێكاری لە پارێزگای كوردستان روو لە زیاد بوونە.

بەرپرسی زانستیی تەرحی هەلی كاری پارێزگای كوردستان رایگەیاندووە، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بەرنامانەی كەلە چوارچێوەی تەرحی رەخساندنی هەلی كاری پارێزگای كوردستان و هەروەها بەرنامەی پێنجەمی گەشە هەیە، 131 هەزار و 700 دەرفەتی تازەی كار لەم پارێزگایە دەڕەخسێنرێن.

بایەزید مەردۆخی لە وتووێژێك لەگەڵ هەواڵدەریی میهر وتوویەتی، بە تەرخان كردنی 154 هەزار و 500 میلیارد ریاڵ سەرمایە لە پارێزگای كوردستان كێشەی بێكاری چارەسەر دەبێت.

ئەو لێدوانانەی مەردۆخی لە كاتێك دان كە ئەمین شەعبانی نوێنەری شارەكانی سنە، دیواندەرە و كامیاران لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رایگەیاندووە، بەپێی ئامار و بەڵگەكان ئاماری رێژەی بێكاری لە پارێزگای كوردستان هەر رۆژە روو لە زیاد بوونە.

شەعبانی راشیگەیاندووە، بڕیار بووە چەندین كارگەی وەكوو سایپا، پێترۆشیمی، توانەوەی ئاسن و ... لە كوردستان بكەونە گەڕ كە هەتا ئێستا نەتەنیا بە ئەنجام نەگەیشتوون، بەڵكوو ئەو بەڵێنیەی سەركۆمار كە رایگەیاندبوو، لەو 2 میلیۆن و 500 هەزار هەلی كارەی كە ساڵانە لە ئێران دێتە ئاراوە، 56 هەزاری بەر كوردستان دەكەوێت، هیچی بەدی نەهاتووە.

لەلایەكی دیكەشەوە پارێزگاری كوردستان لە تازەترین لێدوانیدا وتوویەتی دۆخی بێكاری لە كوردستان لە خراپی دایە و رایگەیاندووە، من لەو باوەڕە دام ئەو ئامارەی كە لەمەڕ نرخی بێكاری لە كوردستان هەیە راست نیە و نرخی بێكاری لە سەرووی 20%ە.

عەلیڕەزا شەهبازی ئاشكراشی كردووە، كە نرخی بێكاری بەتایبەت لەناو دەرچوانی ئاستی خوێندنی باڵا زۆر بەچاوە كە ئەمە بۆ خۆی گرفتێكی جیدییە.