ریاڵیزمی سیاسی و ئەقڵی سیاسی کوردی – به‌شی هه‌فته‌م

15:23 - 28 بانەمەڕ 2715
Unknown Author
مەسعوود رۆستەمی

درێژەی \" target=\"_blank\">به‌شی شه‌شم

ج- قۆناخی سێهەم، قۆناخی فرەحزبی و ریاڵیزمی حزبییە-سەرەتا تیشک دەخەمە سەر ریاڵیزمی حزبی و لە درێژەدا دێمەوە سەر بابەتی فرەحزبی. ئەم قۆناخە بێ ئەملاوئەولا قۆناخی رەشی خەباتە. لە سێدارەدانی قازی، تەنها مەرگی پێشەوا نەبوو، خنکاندنی خەونی سەربەخۆیی و دەسپێکی ریاڵیزمی حزبی بوو. ئەگەر ریاڵیزمی سیاسی بۆ داگیرکەر کایەیێکی فکری لە ئەمری واقع بوو، ئەوە بۆ ئەقڵی سیاسی کوردی پەرژاندنی خودی ئەمری واقع بوو.

بە مانایێکیتر، ریاڵیزمی سیاسی قبووڵکردنی ئەمری واقع نییە، بەڵکوو واقعێکی سیاسی و فەلسەفییە کە پێوستی بە کایەی تایبەت بە خۆیە؛ بەڵام ریاڵیزمی حزبی لای ئەقڵی سیاسی کوردی، قبووڵکردنی خودی ئەمری واقع بوو؛ لاواز کردنی رۆحی خەبات و دیلاندنی ئیرادەی نەتەوایەتی بوو بە دەستی حزبی کوردی. ئەوەی ویستی داگیرکەرانی کوردستان بوو، بە ریاڵیزمی حزبی هاتە دی. ماڵئاوایی هەر بەشی کوردستان لەگەڵ بەشەکانیتر، خۆشترین مزگێنی بوو بۆ داگیرکەرێ کە ویستی یەکەمی کۆیلاندنی دەروونی تاکی کورد بوو.

لێرە بە دواوە ئێژیتا کوردێک بوونی نییە، چۆن دۆخی کورد لە پرسی سەربەخۆیی دەبێتە هەوڵ بۆ پەرژاندنی کێشەی کورد لە لایەن داگیرکەر. بە واتایێکی دی، دوای قۆناخی یەکەم و دووەمی خەبات کە ویستێکی بەهێز هەیە بۆ سەربەخۆیی، لەم قۆناخە دا پرسی کورد لە شناسەوە دەگۆڕدرێ بۆ فۆرمی دەسەڵات. بەم شێوەیە لە قۆناخی ریاڵیزمی حزبی پرس دەبێتە کێشە و بە کاسەی سواڵکەری خودمۆختاری لە بەر دەرگاکانی تاران و ئانکارا و بەغدا دەستەو ئەژنۆ چاوروانن بەڵکوو کێشەکەیان لە لایەن برا فارس و تورک و ئەرەبەکانیان چارەسەر بکرێ! سواڵکەرێکی ملکەچ و چەق بە ناوی کورد کات بە کات خەوی لە چاوی داگیرکەران دەزڕاند و دەپاڕایەوە ئێمەش هەین و قبووڵمان بکەن؛ ئەگینا ناچارین بە خەباتی چەکداری. لەم قۆناخە بە دواوە تەنانەت گەوهەری خەباتی چەکداریش لە ئامرازێ بۆ رزگاری دەگۆڕدرێ بە ئامرازێ بۆ پەرژاندنی کێشەی کورد. بێگۆمان پاش ماڵئاوایی هەر پارچەی کوردستان لەگەڵ یەکتر، زۆرترین خەسار بەر رۆژهەڵاتی کوردستان کەوت.

جیا لە تایبەتمەندییەکانی وڵاتی ئێران، لە بوارێکی هەرە گرنگ بە ناوی مێژوو، پێشتر تۆژینەوەی ئۆروپاییەکان و ئاریاییزمی فاشیستەکانی ئاڵمان دەریایێک دەیتەی مێژوویی و ئایدیۆلۆژیکیی بۆ ناسیۆناڵیزمی فارسی پێکهێنا بوو تا بیکاتە ژێرخانی گوتاری ئێرانیگەری وپێوەندیێکیی ئایدێنتێتیکاڵ یان ئەمئەویدی لە نێوان شناسی فارسی و ئێرانی و ئاریایی پێک بێنێ. فارس زۆر زیرەکانە کوردیشی کردە بەشێ لەم گوتارە، تا جێگایێک کە سەرمەستی ئاریاگەرایی تەنانەت سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەزاند و پارچەکانیتری کوردستانیشی گرتەوە. بەم شێوە کورد، بە تایبەت لە رۆژهەڵات لە گوتارێکی ئایدیۆلۆژیکی ئێرانیگەری، کە هیچ لێکچووێکی لەگەڵ مانای ئێرانی سەردەمی ساسانیەکان نەبوو، توایەوە. لە شوێنگەلێکیش کە ویستێک هەبوو بۆ دەرچوون لەو ئایدیۆلۆژیایە، کوردی ماڵوێران تەنها یەک بەرهەمیشی نەبوو تا لەسەری رابوەستێ و تیشک بخاتە سەر دەسکردەیی و درۆ بوون و بە لارێدا بردنی ئەو مێژووە. بۆیە تەنانەت سەرکردەیێکی تێگەیشتوو وەک نەمر قاسملووش لە هەمبەر پرسیاری شناسی کوردی هەمان وتەی فارسەکان دووبارە دەکاتەوەو باس لە رەسەنایەتی ئێرانی بوونی کورد دەکات.

هەمان شت کە فارس دەیان ساڵە کاری بۆ دەکات تا من و تۆی کورد بکات بە رەسەنترین ئێرانی/فارسی و بە داخەوە لای زۆرینەی کوردیش بە تەواوی قبووڵکراوە-خوێنەری بەڕیز ئەبێ ئەوە بزانێ چەمکی ئێران هیچ پێوەندی بە فارسەوە نییە. بۆیە لە رۆژهەڵات زیاتر لە هەر بەشێکیتری کوردستان رستەگەلێکمان ئەبیست کە خۆی لە خۆی دا هەڵگری خەساندنی رۆحی خەباتی نەتەوەیی بوو: ئێرانیێکین رەسەن بە درێژایی مێژوو؛ مێژوو گەواهی دەدات رەگ و ریشەی زمانمان یەکێکە؛ کوڵتورمان یەکێکە؛ ئەوە نییە دایکی بنیادنەری مێژووی پەرسەکان کورد بووە-لە دەقەکاندا لە لایەن فارسەکانەوە بەردەوام چەمکی پارسە بە کار دەبردێ و کوردیش پێی وایە ناوەکە هەر ئەوەیە.

بەڵام لە راستی دا پارسە نییە و پەرسە-یە. لە دەقە کۆنەکاندا A دەنگەکەی کاتێ بەرەو سەر دەکێشدرێ کە لە سەروی دا خەتێکی تیرە هەبوا. لەو حاڵەتدا دەنگەکە دەبوو بە ئا. لە حاڵیکدا لەو دەقگەلە لە سەروی A ئەو خەتە تیرەیە ناببیندرێ. بۆیە دەنگەکە ئە-یە نا ئا. لە کوردی لاتین ئەوە بە باشی خۆی نیشان دەدات. پارسە Parse پەرسە Perse . ناوی پێرسپۆلیس-یش لە راستی دا هەڵەیە. خودی تۆژەرە ئێنگلیزیەکان پەرسەپۆلیس دەبێژن نە پارسەپۆلیس یان پێرسپۆلیس. وشەی پەرسە وشەیێکی کوردییە؛ دەی خۆ ئێمە ئامۆزاگین؛ دە وەرن رێز لەم برا مێژوویەتان بگرن!!! بە راستی چ ریسوایێکی فکری لەوە زیاتر، کە سیاسەتمدار و رۆشنبیری ئێمە بە هەمان هەیەجانەوە خۆیان دەخزێننە نێو مێژوویێکی دەسکرد و درۆیینی بەرهەم هێنراوی ئەقڵی سوڵتە. ئەم گوتارە و دواتریش گوتاری ئیسلامی سیاسی و چەپێکی بێ بنەمای ئەندێشەیی و ماڵوێرانکەر کە جگە لە زەرەر بۆ کورد هیچ خێرێکی نەبوو، کوردستان ئەکەنە گۆڕەپانی تەراتێنی خۆیان و ئەقڵێکی سەقەتی کوردی/سیاسیمان -بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان- بۆ بە ئەرمەغان دێنن کە هەنووکەشی لەگەڵدا بێ هیچ بەرنامە و پلانێ بۆ رزگار بوون لێی لە ئارا دا نییە.

حزبەکانی ئێمە رۆژانە تێچوویێکی زۆر بۆ پڕۆپاگاندای حزبی خۆیان تەرخان دەکەن و منەتیش لەسەر نەتەوەیێکی داڕووخاو، دامرکاو، داڕماو و داتەپیو دەنێنن کە خەریکی خەباتی نەتەوایەتین.

بە راستی ئایا ئێوە خۆتان بەشی هەرە قورسی ئەم ماڵوێرانییە نین؟ ئایا ئاکامی نزیک بە پەنجا ساڵ خەباتی حزبایەتیتان بۆ ئەم گەلە بەو ئەقڵە سیاسییە سەقەتە، جگە لە نەتەوەیێک لە بواری رۆحی و هزری پارچە پارچە کراو چ بووە؟ بە هەر حاڵ لەم چەشنە پرسیارگەلە زۆرن، بەڵام با زۆر لە باباتەکە دوور نەکەوینەوە. بۆیە بە گشتی ئەتوانم بێژم ئەوەی ئەقڵی سیاسی کوردی وەکوو ریاڵیزم لێی تێگەیشتبوو، بریتی بوو لە دۆخێ کە کورد توانای گۆڕاندنی نییە. ئاکامی ئەم ریاڵیزمە حزبییە سەیر و سەمەرە شیوازێ لە بیر کردنەوەیە کە لە بیر و هزری تاکی کورد رەگ و ریشەی کوتاوە و ئەگەر کەسێ خوازیاری گوتاری سەربەخۆیی بێ وەکوو مرۆڤێکی ئایدیالیست و گەمژە لە لایەن خودی کوردەوە چاو لێ دەکرێ. ئەوە تەسلیم بوونی هزری کوردە کە ریاڵیزمی حزبی بۆ ئێمە بە ئەرمەغانی هێناوە. مرۆڤێکی شکست خواردو، بێ ئیرادە و ترسنۆک کە پاساوی هەموو نەزانین و تێنەگەیشتن و ترسنۆکییەکانی خۆی لە ژێر ئاڵای ریاڵیزم و دێمۆکراسی شاردۆتەوەو دەشارێتەوە.

ریاڵیزمی حزبی لە ژێر ئاڵای خودمۆختاری و دواتر فێدراڵیزم بزووتنەوەی کوردی خەساند. کێشە ئەو کات گەورەتر دەبێت کە خودی ئەم خودمۆختاری و فێدراڵیزمە بەندە بە دێمکۆراسی. ئەقڵی سیاسی کوردی وەکوو ئەوەی کەشفێکی گەورەی کردبێ، دوو دروشمی کردە خواستی سەرەکی خۆی: دێمۆکراسی و خودمۆختاری. هیچ گومانی تێدا نییە کە ئەم دووانە بە یەکەوە بەندن. ئەوانەی وا ئەم دروشمە هەڵدەگرن و ژێستێکی رووناکبیرانەو مۆتێفەکرانە ئەگرن و زانستی خۆیان دەفرۆشن پێمان و پێیان وایە دژبەرانی ئەم دروشمە نەزانن، ئەگەر ئەم رستەیەیان لێ بگریتەوە هیچیان بۆ وتن نییە و نامێنێ. دیارە لەم رستەیە ئەوەی کە ناوەرۆکە دێمۆکراسییە نە خودمۆختاری.

خودی هەڵگرانی ئەم دروشمەش ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆیە دێمۆکراسیمان خستۆتە پێش خودمۆختاری کە بێ دێمۆکراسی ناگەین بە خودمۆختاری یان فێدارڵیزم. کە وایە ئەبێ لە سەر خودی دێمۆکراسی بوەستین و بزانین هەڵە تێۆریک و مێتۆدیکەکەی کورد لەم دروشمە دا چییە. ئەبێ ئەوە بزانین کە بۆ خەبات پێویستە هاوئاهەنگیێک لە نێوان کردار و ئەندێشەدا هەبێت.

بۆ نموونە ئەبێ لە خۆمان بپرسین: ئێمەی کورد کە دروشمی دێمۆکراسیمان هەڵگرتووە، ئایا ئەم خواستە لە رێگای خەباتی چەکداری بە دی دێت؛ ئۆسووڵەن مەبستی ئێمە لە دێمۆکراسی چییە؟ پرسیارێکیتر: بۆ نەتەوەیێک کە دێمۆکراسی وەیشوومەیە، چۆن دەتوانین قەناعەتی پێ بێنین کە دێمۆکراسی بۆ ئێوە و ئێمەش باشە؟ ئەم دوو پرسیارە مشتێکە لە خەروار کە هەم رووبەڕووی خۆمان دەبێتەوەو هەمیش داگیرکەر. ئەتوانم دەیان پرسیاریتر بخەمە بەردەستی خوێنەری بەڕێز تا نیشانی بدەم ئێمەی کورد چەندە بێ فکر و ئەندێشە، بێ ستراتێژی، بێ لێتێگەیشتن لە چەمکەکان، لە هەمووش گرنگتر چۆن لە دەرەوەی شوێن و زەمەن هەڵساگین بە خەبات.

کە وایە با لەسەر خودی چەمکی دێمۆکراسی رابووەستین؛ ئەو چەمکەی کە خەباتی کوردی پارادۆکسیکاڵ کردووە. چۆن ئەگەر هەڵەی خۆمان لەم بوارەدا روون بکەینەوە، ئەوا هەڵەی خودمۆختاریخوازی و فێدراڵیزمخوازیشمان لە چوارچێوەی وێژمانی دێمۆکراسی روون کردۆتەوە. وێسان لەسەر چەمکی دێمۆکراسی لەو سونگەوە بۆ ئێمە گرنگە کە ئەو مۆدێلە لە دێمۆکارسی وا ریاڵیزمی حزبی داوای دەکات بۆ داگیر کەر ماناکەی هەمان پارچە پارچە کردنە. ئەمە وای کردووە خەباتی ئێمەی کورد لە دۆخیك دا گیر بخوات کە لە وتارێکدا ناوم ناوە دۆخی شۆتۆرمۆرغی.

خودمۆختاریخوازی و فێدرالیزمخوازی، بووەتە هۆی ئەوە کە نە وشترکە بین بار هەڵبگرین و نەش مریشکەکە کە بفڕین. بۆیە وێسان لەسەر چەمکی دێمۆکراسی و ئەو مۆدێلەی لە دێمۆکراسی کە ریاڵیزمی حزبی داوای دەکات بۆ ئێمە گەلەک گرنگە. بە داخەوە ناکرێ بە وردی باسی دێمۆکراسی بکەم. بۆیە وەک هەر چەمکێکیتر کە تا ئیستا بە کارم هێناوە، ناچارم بە کورتی ئاماژەیێک بە دێمۆکراسی بکەم.

ناوەرۆکی خەباتی ئێمەی کورد هەروەک وێژرا لە قۆناخی یەکەم و دووەم سەربەخۆیی بوو. بۆ نموونە جان فوران لە کتێبی بەرخۆدانی شکێنەر (مۆقاوەمتی شکنندە) باس لە تووڕەیێک دەکات کە رووسییەکان سەبارەت بە نەمر قازی هەیانبوو. رووسییەکان لەوە تووڕە بوون کە پێشەوا کۆڵ بە وێژمانی کۆمۆنیستی نادات و نەتەوەیی بیر دەکاتەوە. بەڵام قازی ئەوە قبووڵ دەکات کە حزبێک بە ناوی حزبی دێمۆکرات دامەزرێنێت. ئەگەرچی یەکیێتی سۆڤییەت بەردەوام بانگەوازی بۆ مارکسیسم-لێنێنیزم دەکرد، بەڵام لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی پەیرەوی هەمان پاڕادایمی ریاڵیزمی سیاسی بوو. بۆیە لە سیاسەتی یەکیێتی سۆڤییەت پێگەی حزبی دێمۆکرات پێناسە کراو بوو: پاشکۆ بوونی حزبی توودە و دێمۆکراتی ئازەربایجان، پەرەدان بە بیری کۆمۆنیزم لە کوردستان، تەنگەژەی سیاسەتی ئامریکا لە ناوچەکە و بە ئەهرۆمی فشار کردنی دێمۆکرات بۆ گرتنی ئێمتیاز لە دەوڵەت، چەن خاڵی سەرەکی سیاسەتی یەکیێتی سۆڤییەت بوو سەبارەت بە حزبی دێمۆکرات و کورد. بەڵام ئامانجی قازی لە دامەزراندی حزبی دێمۆکرات، هەوڵ بۆ راکشانی پشتگری سۆڤییەت بوو لە جەنگەڵی ریاڵیزمی سیاسی و یاسای نێونەتەوەیی.

شکستی ئەو ئەزموونەی کورد بە پێچەوانەی ئەو روانگەگەلە کە بەس رەهەندی کۆمارەکەی لە بەرچاو دەگرن، بە رای نووسەر زۆرتر شکستێکی فکری بوو کە لە درێژەی دامەزراندنی دێمۆکرات بە تەواوی بەرچاو دەکەوێت.

ئێمەی کورد تێڕامانێکی قووڵمان لە کۆماری کوردستان و دامەزراندنی حزبی دێمۆکرات و پەیامەدەکانی نەکردووە. بۆ نموونمە کاتێک کە دامەزراندنی خودی حزبی دێمۆکرات بۆ قازی ئامراز بوو، دواتر ئەم ئامرازە دەبێتە گەوهەری خەبات( گەوهەر بوونی حزب لە درێژەدا هەموو حزبێکی کوردی دەگرێتەوە کە لە شوێنی خۆیدا ئاماژەی پێ دەکەم)؛ یان لەوەش زیاتر کاتێ لە پشتی دامەزراندنی حزبی دێمۆکرات و نزیک بوونەوە لە سۆڤییەتی کۆمۆنیستی مەسڵەحەتێکی سیاسی هەبوو، دواتر خودی بیرۆکەی چەپ ئەبێتە ناوەرۆک و مێتۆدی خەباتی حزب.

بێگۆمان حزبی دێمۆکرات دەقاودەق درێژەی کۆمەڵەی ژ.ک نەبووە و نییە. بەڵکوو لە لایێکەوە نوێنەرایەتی ئەو بیرۆکەیە دەکرد و لە لایەکیتریشەوە بە هۆی نزیک بوونەوەی لە یەکیێتی سۆڤییەت، بوو بە هەوێنی چەپ. رەهەندی بیرۆکەی کۆمەڵەی ژ.ک لە سەرەتا لای قازی و حزبی دێمۆکرات نە زۆر بەرجەستە بوو، بەڵکوو ناوەرۆک بوو و ناو و ستراکچێر و سیاسەتی دەرەکی حزبی دێمۆکرات ئامراز. ئەمما، دوای کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی پێشەوا، جێگای ئامراز و گەوهەر گۆڕدرا و رەهەندی چەپ لە ناو حزبی دێمۆکرات بەرجەستە دەبێت. پاش ماوەیێک دوو باڵ لە حزبی دێمۆکرات سەر هەڵدەدات: چەپێ کە ئەیویست ئەو حزبە بەردەوام پاشکۆی توودە بێت و چەپێکیتر بە نوێنەرایەتی دۆکتۆر قاسملوو کە خواستێکی کوردستانی هەبوو. ئەم دوو بەرەکییەی نێو حزبی دێمۆکرات لە ئاکام دا بەرەو لای باڵی کوردستانی شکایەوە. ئەگەرچی شەهید قاسملوو هەوڵی دا چەپ کوردستانی بکاتەوە، بەڵام ئەندێشەی چەپ لە کوردستان ریشەی کوتا بوو و ئەمەش خەباتی کوردی بێ مانا کرد. لەگەڵ رێزم بۆ کۆنە چەپەکان، بەڵام جگە لە دۆکتۆر قاسملوو، هیچ کامیان تەنانەت لە سەرەتاییترین چەمکەکانی مارکس-یش تێنەگەیشتبوون. لە کاتی خۆی دا بۆ بابەتی کاریگەرییەکانی چەپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕمەوە .

لێرەدا بە کورتی ئەوە باس بکەم کە ئەندێشەی سیاسی مارکس کە حزبە چەپییەکان لە سەری بنیات نراون،- جا چ چەپی میانەڕۆ بێت یان بناژۆخوا- ئایدیۆلۆژیایێکی ئابوورییە کە خۆی پەرچەکردارێک بوو لە هەمبەر گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووریەکانی ئۆروپا. بەڵام چەپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە کوردستان، نە تەنها لە بەستێنی کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە هەڵنەقوڵابوو، کە چی ئەوانەش کە خۆیان هەڵواسیبوو بەم ئایدیۆلۆژیایە کەمترین لێتێگەیشتنیشیان لە چەپ بە مانا گشیتییەکەی نەبوو.

جگە لە دۆکتۆر قاسملوو، ئەوانەی کە بە گڕ و تینەوە، پەیتا پەیتا چەمکی زەبەلاحی مارکسی لێنینی-یان بە کار دەهێنا، لە رێگەی چەن جزوەیێکی بچووک و چەن کتێبێکی سەقەت بە شێوەی رووکەش و سەتحی لەگەڵ مارکس و لێنین ئاشنا ببوون.

دوای سەرکەوتنی چەپی کوردستانی لە ناو حزبی دێمۆکرات، دۆکتۆر قاسملوو ئەندێشەی چەپ و رزگاری کوردستان پێکەوە گرێ دەدات و رەهەندی رزگاری ئەکاتە پێش مەرجی پیادە کردنی رەهەندی ئەندێشەی چەپ و بەرنامەی حزبی دێمۆکرات لە سەر ئەم بیرۆکە دادەمزرێ و هەنووکەش هەمان بەرنامە پەیرەو دەکات. ئەم تێۆرییە، خۆی لە خۆی دا شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە.

رەنگە کەسانێ لەو سەردەمە ئەم تێۆرییەیان بە شتێکی ئەوتۆ دانابێ، بەڵام پێویست بەوە ناکات سیاسەتت خوێندبێ کە بزانی دێمۆکراسی پێش مەرجە بۆ خودمۆختاری یان فێدراڵیزم. کێشە ئەوەیە کە خودی دێمۆکراسی لە ناوچەیێک وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تا سەر ئێسقان لە پاڕادایمێکی سونەتی و ئەقڵێکی خێڵەکی بە سەر دەبات چۆن بنیات دەنی؟ لە راستای هەمان پرسیار: ئایا ئەو دێمۆکراسییەی کە حزبی دێمۆکرات بەردەوام باسی لێ دەکرد و دەکات، بەرهەمی باوەڕ بە دێمۆکراسی بوو یان بژاردەیێکی ناچاری کە ئاکامی ریاڵیزمی حزبی بوو؟ زۆر گرنگە کە ئێمەی کورد وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خۆمان روون بکەینەوە. ئەوەی کە دیارە لایەنی بەرامبەر بە بەرنامەیێکی توکمەوە، سیاسەت و ستراتێژی خۆی دادەڕێژێ. کە وایە بۆ ئێمەی کورد خۆمان یەک لا نەکەینەوە و لەم دۆخە پارادۆکسیکاڵە خۆمان رزگار نەکەین.

ئەقڵی سیاسی کوردی و بزووتنەوەی کوردی، پاش کۆمەڵەی ژ.ک و لە سێدارەدانی پێشەوا، بە پێی ئایدیای ریاڵیزمی حزبی ناوەرۆکی خەباتی لە سەربەخۆیی گۆڕا بە گؤراندنی فۆڕماسیۆنی دەسەڵات لە ئێران. هەر وا کە پێشتر وێژرا ئەم گۆڕناکرییە گەوهەریە لە ژێر ناوی دێمۆکراسی رووی دا. ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە لە ناخودئاگای هەر تاکێکی کورد، ئاواتی سەربەخۆیی ریشەی کوتا بوو، وە ببو بە خەونی نەتەوەیێک. بەڵام ریاڵیزمی حزبی بەو قەناعەتە گەیشتبوو کە بزووتنەوەی کوردی توانای گۆڕاندنی سنوورەکانیان نییە.

چونکە ئێرادەیێکی گەورەتر و بەهێزتر لە ئێرادەی کورد رێگرە لەو ئاواتە. بەڵام ئەو پرسیارەی بێ وەڵام هێشتبوو کە ئایا دێمۆکراسی نە لە فۆڕماسیۆنی فێدڕاڵی، تەنانەت لە ئاستی شارمەند تەوەر لە دەرەوەی ئێرادەی ئەو دا هەیە یا نە؟

رەنگە ئەقڵی سیاسی کوردی پێی وا بوو کە دێمۆکراسیخوازی لانی کەم لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی کڕیاری هەیە و ئەتوانێ لەم رێگایەوە پشتیوانیێک بۆ خۆی ساز بکات. بێ ئەملاوئەولا ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە و ئاکامی نەناسینی سیاسەتی نێونەتەوەییە. هەر هیچ نەبێ، لانی کەم سەد ساڵ ئەزموونی تورکیا وەک دێمۆکراتترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناڤین، ئەوەمان پێ دەبێژێ کە ئەم لێتێگەیشتنە تا بێخ ئێسقان هەڵەیە.

هەر وا کە وێژرا ئەوە دەگەڕیتەوە بۆ ناوەرۆکی پاڕادایمی ریاڵیزمی سیاسی کە تا رادەیێک پێشتر ئاماژەم پێکرد. بەڵام خودی دێمۆکراسیخوازی لە ئێران چ هەڵەی تێۆریک و مێتۆدیکێکی تێدایە؟ پێش ئەوەی کە بچمە سەر بابەتی دێمۆکراسی لە وڵاتی ئێران، پێویستە بە بیری خوێنەری بەڕێز بهێنمەوە کە باسی نووسەر لە سەر هەڵەی دێمۆکراسیخوازی نە دەگەڕیتەوە بۆ دژایەتی کردنم لەگەڵ ناوەرۆکی دێمۆکراسی و نەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە خوازیاری دێمۆکراسی لە ئێران نیم. بەڵکوو مەبەست هەڵە تێۆریک و مێتۆدیکەکانی خەباتی ئێمەی کوردە؛ مەبەست ئەویە کە چۆن خەباتمان پاڕادۆکسیکاڵەو بە دەوری خۆیدا گێژ دەخوات؛ وە چۆن ئەم سەرگەشتگییە رۆحی خەباتی لای ئێمەی کورد کوشتووە هەر حزبێک و تاکێک بۆ خۆی ئامێرێکی گرتووە دەست و دەیژەنێ. لە درێژەدا تیشک دەخەمە سەر چەمکی دێمۆکراسی؛ تایبەتمەندییەکانی ئێران و هەڵەی دێمۆکراسیخوازی ریاڵیزمی حزبی.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.