ریاڵیزمی سیاسی و ئەقڵی سیاسی کوردی

20:13 - 6 رەشەمه 2714
Unknown Author
مەسعوود رۆستەمی

وتمان کە ئەقڵی کوردی سەردەمی خێڵ کە بەرهەمی نزیک چوار سەدە ژیان لە ژێر شەڕی دوو حیکایەتی گەورەی شێعەگەری و سونەگەری بوو، هەوڵ لە پێناو مانەوە بوو. هەرجۆر کردار و پەرچەکردای سەرۆک خێڵ، نە خەیانەت بە شناس و بەرژەوەندی گەل، بەڵکوو تۆمارکردنی داستانی قارەمانییەتی پێناسە دەکراو دەسکەوتەکەشی مۆری موڵکی خێڵی پێەوە بوو نە گەل، چۆن شتێ بە ناوی گەل و نەتەوە مانای نەبوو. بۆیە نزیک بە چوار سەدە کورد خاوەنی مێژووی هاوبەش و هێمای هاوبەش نەبوو. خۆد-ئەویتری کورد بۆ چوار سەدە، یان دەبێتە خێڵی دراوسێی ژێر یەک دەسەڵات، یان خێڵی دراوسێی ئەو دیوی سنوور. لە حاڵیکدا، تا پێش هێرشی ئێسلام مێژووی کورد مێژووی هاوبەش بوو، وە ئەویتری کوردی بێگانەیێکی ناکورد. قۆناخی شەڕی سەفەوی/عوسمانی، قۆناخی پارچە بوونی فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی/جوگرافیایی کوردستان لە پێناوی دین -دینی دەسەڵاتخواز- و خەلیفە/شا بوو، وە مێژووی کوردی لەم قۆنەخەدا کرد بە مێژووی خێڵ. پاشماوەی ئەقڵی کوردی- وە هەروەها ئەقڵی سیاسیی کوردی- خێڵ، بە گوزەر بۆ قۆناخی دەوڵەت- نەتەوەی دەسکرد، گوازرایەوە بۆ فۆرماسیۆنێکی نوێی کۆمەڵایەتی کە لە تاکی ئەتۆمیزەکراوی بێلقۆوە خۆفرۆش، وە لە فۆرمی کاری بەکۆمەڵ لە حیزب/خێڵ خۆی دەردەخا. لە شوێنی خۆیدا دەگەڕێمەوە بۆ ئەم بابەتە؛ بەس هۆکاری ئەو ئاماژە کورتە، ئەوە بوو کە لەمەو بە دوا ناچارین شرۆڤەێ چەمکەکان و چۆنییەتی خوێندنەوەیان و هەروەها سیاسەت کردن لە کوردستان بە پێی حۆزوری حیزبەکان بخوێنینەوە؛ وە دەقێقەن کێشەکە هەر لێرەشەوە دەست پێ دەکات. چۆن فرەحیزبی- وە زۆر جاریش دەنگە تاکەکان- وا دەکات شرۆڤەی یەک چەمک، رەنگدانەوەی هەموو وێژمانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان نەبێ. بۆ نموونە لە زەمەنێکدا کە دێمۆکرات باس لە خۆدمۆختاری دەکات، کۆمەڵە هەوڵ ئەدات ئەمپریالیزم بروخێنێ. لێرەدا ئیتر ناکرێ فامی چەمکێکی سیاسی - بۆ نموونە ریاڵیزم- بە کۆی ئەقڵی سیاسی کوردی ببەستینەوە. بۆیە ناچارم لە بڕێ شوێندا روانین و وێژمانی زاڵ کە لە ناو کۆمەڵگەدا زۆرتر کڕیاری هەبووە یان لایەنگری زۆرتری هەبووە بکەم بە معیار. ئەمە بەو مانایە نییە لە کاریگەرییەکانی حیزبگەرایی و فرە حیزبی چاو داپۆشین؛ هەروا کە پێشتر وتم بۆ ئەم بابەتە لە شوێنی خۆی دەگەڕێمەوە.

پێش ئەوەی بچمە ناو شرۆڤەی ریاڵیزمی سیاسی، بە پێویستی دەزانم جارێکیتر بە بیری خوێنەری بەرێز بێنمەوە کە هەدەف لەم پرۆژەیە ژیانەوەی خەباتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. کاتێ باس لە ژیانەوەی خەبات-یش دەکەین، یانێ خەبات لە رۆژهەڵات تووشیاری قەیرانە. بۆ رزگار بوون لەم قەیرانە، پێویستە خۆدی قەیرانەکە بناسین و چارەسەری بکەین، وە ئەمەش بە ئاخافتنی عاتفی و ئێحساسی، کە نەریتی کۆنی ئێمەی کوردە، ناکرێ. هەروا کە پێشتر باسم کرد، من ئەم قەیرانە لە خۆدی ئەقڵی سیاسیی کورد دا دەبینم، وە بۆ چارەسەر کردنی ئەو قەیرانەی کە تێیدا گرفتارین، ئەبێ هەنگاوی یەکەم-مان بە چالش کێشانی خۆدی ئەم ئەقڵییەتە بێ.

دەستنیشان کردنی ریاڵیزمی سیاسی وەکوو یەکەم چەمک بۆ شرۆڤەی ئەقڵی سیاسی کوردی و خەبات، لە چ سونگێکەوە گرینگە؟ بێ ئەملاوئەولا لەم سونگانەوە گرینگن، وە ئەبێ لە سەری رابوەستین: یەکەم، ئەو جەبرە مێژووییە کە باس کرا وە کوردستان لە نێوان چوار وڵات دابەش کرا؛ دووهەم، فامی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان لە هەمبەر کورد و زلهێزەکان لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی؛ سێهەم، فام و لێتێگەیشتنی ئەقڵی سیاسی کورد لەم چەمکە، کایە سیاسییەکان و وێناکردنی خەونەکان بە پێی ئەم چەمکە.

رەنگە چۆن بەردەوام لە ریاڵیزمی سیاسی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی باس دەکرێ، کەسانێک پێیان وابێ کە ئەم چەمکە تایبەتە بە سیاسەتی دەرەکی و نێونەتەوەیی. بەڵام بە پێچەوانە، وەکوو زۆرێک لە چەمکە سیاسییەکان کە بنەماکانیان لە فەلسەفە و ئەندێشەی سیاسیدایە سەرەتا لەم بوارە هاتە ئاراوە؛ ئەگەرچی وەکو چەمک دواتر لە لایەن مۆرگێنتا لە سیاسەتی نێونەتەوەیی تیۆریزە کرا. تاقمێ لە پسپۆڕانی فەلسەفەی سیاسی پێیان وایە کە یەکەم فیلسوفی سیاسی کە بە شێوەی ریاڵیستی باسی لە سیاسەت کردووە، ئەرەستۆ بووگە. ئەگەرچی لای ئەم کەسانە ئەرەستۆ بە یەکەم ریاڵیستی سیاسی دەناسرێ، بەڵام بێگۆمان ئەوە ماکیاڤیلی و دواتر هابز بوون کە ریاڵیزمی سیاسیان بە مانا ئەمڕۆژیەکەی هێنایە نێو ئەدەبیاتی سیاسییەوە. لێرەدا کێشەمان ئەوەیە کە ئەگەر بە وردی بچینە ناو وردەکارییەکانی ئەندێشەی سیاسی هابز و ماکیاڤیلی، ئەبێ بەشێکی زۆر لەم مانیفیستەی بۆ تەرخان بکەین، وە ئەوەش نە دەکرێ و نە پێویستیشە؛ هەروەها ئەگەر بە کورتیش باسی لێ بکەم ئەوا خۆم تووشی گرفت دەبم، چونکە ناکرێ ئەندێشەی سیاسی ئەم دوو کەڵە فیلسوفە سیاسییە لە چەند دێڕێکدا کورت بکرێتەوە. بەڵام ناچارم ئەم کارە بکەم، تا تیشک بخەمە سەر هەڵەی تاقمێ لە بە ناو ریاڵیستەکانی کوردستان، وە هەروەها زەرەر و زیانەکانی ئەم تێنەگەیشتنە.

ریاڵیزمی سیاسی قوتباخەنەیەکی سیاسییە کە وەکو هەر قۆتابخانەیێکی سیاسییتر باس لە فەلسەفەی وجوودی دەوڵەت، ناوەرۆکی سیاسەت، پێوەندی نێوان سیاسەت و ئەخلاق، مرۆڤناسی فەلسەفی، ناوەرۆکی هێز و پێوەندی نێوان دەسەڵات و تاک/کۆمەڵگە دەکات، وە دواتر کە هاتە نێو سیاسەتی نێونەتەوەیی چۆنییەتی پێوەندی نێوان دەوڵەتەکان و پێگەیان لە سیستەمی نێونەتەوەیی و کایە سیاسییەکانی نێوان دەوڵەتەکان دەکات. ماکیاڤیلی داهێنەری فەلسەفەی سیاسی ریاڵیستی، هەموو فلسەفەی سیاسیی خۆی تەرخان دەکات بۆ مێژوو. بەڵام ئەوە هەڵەیێکی کوشەندەیە کە پێمان وابێ ماکیاڤیلی مێژووی نووسیوە. لە راستیدا ماکیاڤیلی خۆی سەرقاڵی مێژوو کرد تا ماهییەتی سیاسەت و پێوەندی نێوان سیاسەت و ئەخلاق روون بکاتەوە. بۆیە باس لە سیاسەتی ئەخلاقی ناکا، بەڵکوو باس لە ئەخلاقی سیاسی دەکات. ئەم بیرمەندە سیاسییە کە دڵی بۆ ئیتالیا لێیدەدا، دەسەڵاتی شازادەکان و واتیکانی بە عامڵی سەرەکی بۆ نایەکگرتوویی و شپرزەیی وڵاتەکەی دەزانی. خەمێکی گەورە لە سەر دڵی بوو کە وڵاتەکەی بە هەر کزەبایێک دەڕووخێی و نیشتمانەکەی و گەلەکەی تەهقیر دەکرێ، بەڵام کەسانێکی ناچیز لە ژێر چەمکی پڕ تەمتۆراق وەک عەدالەت، خودا، ئەخلاق و بەرژەوەندی شانشینەکان ریگریێان دەکرد لە یەکگرتن و بەهێز بوونی وڵات. ماکیاڤیلی دەیدیت کە پاپەکان و شازادەکان ئەخلاقی سیاسی و عەداڵەت، بەس بۆ گەمژاندنی خەڵک بە کار دەهێنن و لە پشتی پەردەدا دەست بۆ هەر فیڵ و تەلەکەیەک دەبەن هەتا دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن؛ لەوانەش بوو خەڵک یان بەشێک لە خەڵک بەمەشیان بزانیبا، بەڵام پاش تەواو بوونی رکابەرییەکە، لە بیر دەکرا و سەرکەوتووەکەش هەمان رێز و پێگەی دەبوو. بۆیە ماکیاڤیلی باس لەوە دەکات کە ئارمانج، ئامراز پاساو دەکات، وە سیاسەت، ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئەگەر لەو قاعدەیە پەیڕەوی نەکرێ، دەدۆڕێی. ماکیاڤیلی هاتبووە سەر ئەو قەناعەتە کە وەختێ ماهییەتی سیاسەت ئەوەیە، وە قسە کردن لە خۆدا و عەداڵەت و ئەخلاقی سیاسی فشەیە، بۆ کەسێک لەم رێگەیەوە هەڵنەستێ بە رزگار کردنی ئیتالیا. بۆیە بە کتێبەکانییەوە بە دوای شازادەیەک دەگەڕا تا بەڵکوو وڵاتەکەی لە دەستی دوژمنی دەرەکی و چەند دەستەگی ناوەکی رزگار بکات. لە راستیدا ئەو پیاوە مەزنە، بۆ ئەوەی گەلەکەی و وڵاتەکەی لە تەحقیرکردنی رۆژانەی وڵاتانی دراوسێ رزگار بکات، بەد ناویەکی چەند سەدەیی بە گیان کڕی، لە حاڵێکدا ئەو بەس شتگەلێکی نووسیبوو کە دینییەکان و سیاسییەکان رۆژانە ئەنجامیان دەدا. کە چی ماکیاڤیلیزم بۆ چەند سەدە جنێوێکی سیاسی بوو، وە شازادە و پاپ-یش هێمای خودا، عەداڵەت، ئەخلاق و رزگاریبەخش. پاش ماکیاڤیلی، هابز لە کتێبی لێڤیاتاندا، لە سونگەی مرۆڤناسی فەلسەفییەوە باس لە ریاڵیزم دەکات کە بە تەواوی جیاوازە لە فەلسەفەی ماکیاڤیلی. بە واتایەکیتر، ئەگەر ماکیاڤیلی باس لە ماهییەتی سیاسەت، ئەخلاقی سیاسی و چۆنییەتیی گەیشتن بە ئارمانجەکان دەکات، بۆ هابز ئەو شتەی کە گرینگە مرۆڤناسی فەلسەفییە. ئەو وەکوو یەکەم فیلسوفی قەردادی کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکات کە مرۆڤ گورگی مرۆڤە. ئەم گورگییەتیە لە ناخ و زاتی ئەم بوونەوەرەیە. بە بڕوای هابز، مرۆڤ لە وەزعی سروشتی بە هۆی نەبوونی دەوڵەت یان دەسەڵاتێک کە بتوانێ ئاسایشی بپارێزێ (هەمان لێڤیاتان)، لە ترسێکی بەردەوام لە کوشتن بە دەست هاوڕەگەزەکانی خۆی بە سەر دەبات. مرۆڤ لە وەزعی سروشتی خاوەنی ئازادی رەهایە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە بێ ئاسایشی رەهاش دا دەژیت.

نەبوونی دەسەڵات یان دەوڵەت، ئازادیی رەها، نەبوونی ئەمنییەت و ئاسایش، ترس لە مەرگ و زاتی گورگییەتی مرۆڤ وا دەکات تا هەر تاکێک بەس پشت بە خۆی ببەستێ، وە بۆ ئەم کارەش پێویستە بە دوای زۆرینە کردنی هێزی خۆی بێ. لەم حاڵەتدا رکابەریێک بۆ بەهێز کردنی خۆ دەست پێدەکات کە تەنیا بە مەرگ کۆتایی پێدێت. بە رای هابز چۆن مرۆڤ گیانی خۆی لە هەموو شتێک زۆرتر خۆش دەوێ، وە رکابەری هێزیش ناتوانێ گەرەنتی گیانی مرۆڤ بکات، لە نەتیجە هەڵدەستێ بە راسپاردە کردنی ئازادی خۆی بۆ لێڤیاتان بەو شەرتەی ئاسایشی بپارێزێ. بۆیە بە پێی قەردادێکی نەنووسراو، هەر تاكێک لە وەزعی سروشتی خۆی دەرباز دەکات و هێزی خۆی رادەستی دەوڵەت دەکات، تا بەم شێوەیە لە کۆمەڵگەیێکی مەدەنی بژیت. دیارە ئەم کورتە روونکردنەوەیە لە ماکیاڤیلی و هابز ناتوانێ رەنگدانەوەی فەلسەفەی سیاسی ئەم دوو ئەندێشمەندە بێ. بەڵام هەر ئەم کورتکراوەیەش ئەتوانێ بنەمەکانی تیوریی ریاڵیزمی سیاسیمان بۆ ئاشکرا بکات، کە بریتین لە: یەکەم، ماهییەتی سیاسەت هێزە و تێکۆشانە بۆ بە دەستهێنانی یان زیاد کردن و پتەو کردنی؛ دووهەم، سیاسەت قاعێدەی ئەخلاقی خۆی هەیە بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییەکان کە بە مانای بێ ئەخلاقی نییە؛ سێیەم، مرۆڤ زاتەن بوونەوەرێکی خراپە و بە دوای بەرژەوەندی خۆیەتی و هەر شتێک بۆ بە دەستهێنانی ئەم بەرژەوەندییە دەکات بە قوربانی؛ چوارەم، بۆ مرۆڤ ئاسایش لە سەرووی ئازادییە. هەروا کە دەبینن، ئەم دوو فیلسووفە سیاسییە زۆرتر لە سەر رەهەندگەلێک دەوەستن کە رەنگە مرۆڤ لە ناخەوە قبووڵی بکا، بەڵام لە زاهێردا خۆی لێ دەدزێتەوە و پێچەوانەکەی نیشان دەدات. شایەت هەر ئەم دوو روویی مرۆڤە بێ کە هابز بە باشی ناسیوییەتی، وە لە کتێبەکەی لە خوێنەر داوا دەکات ئەو شتانەی باسی دەکات ئایا لە هەر یەک-مان دا نییە. بە زمانێکیتر، هابز داوا دەکات لە تەنهایی خۆت و کاتی خوێندنەوەی کتێبەکە لانی کەم لەگەڵ خۆتدا راستگۆ بە. دەرگای ریاڵیزمی فەلسەفی، بەم دوو فیلسوفە دادەخرێ؛ گوایە ئیتر شتێک نەماوە کە باس بکرێ. ئەگەر چی ئەندێشەی هابز سەر لە دەروون ناسی دەردێنێ و باوەڕمەندان بە بەدزات بوونی مرۆڤ لە دەوری خۆ دا کۆ دەکاتەوە، بەڵام هیچ شوێنێک بەقەدەر ئەرسەی سیاسەتی نێو نەتەوەیی بۆ پەزیرشی ریاڵیزم گونجاو نەبوو. هەر بۆیەش ریاڵیزمی سیاسی دواتر لە تیوری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان گەشە دەکات و ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ، پارادایمی زاڵ-ە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا.

دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، لە ئاخرەکانی دەیەی بیستەمدا، یانێ چەن ساڵ پاش دابەشکردنی کوردستان، نەزەریە پەردازێکی بواری سیاسەتی نێونەتەوەیی بە ناوی هانس مۆرگێنتا، هەڵسا بە تێوریزە کردنی فەلسەفەی سیاسی ماکیاڤیلی و هابز لە روانگەی سیاسەتی نێونەتەوەیی. پاش مۆرگێنتا، کێنێتس واڵتس قۆناخێکی نوێی لە ریاڵیزم هێنایە ئاراوە. بە گشتی و بە کورتی ریاڵیزمی سیاسی لە سیاسەتی نێونەتەوەیی باس لەوە دەکات کە: دەوڵەت تەنها کایەکەری سیاسەتی نێونەتەوەییە؛ سیستەمەی نێونەتەوەیی فاقدی حاکمییەتی یەکانێ-ە(واحد)، وە هەموو دەوڵەتەکان لە ژێر هەڕەشەی یەکتردان؛ لەم بێ حاکمییەتییەدا هەر دەوڵەت ئەبێ بۆ پاراستنی خۆی لە پلەی یەکەم تەنها و تەنها پشت بە خۆی ببەستێ؛ باشترین و سەرەکیترین رێگا بۆ خۆ پاراستن هیزی سەربازییە، وە ئەم هێزە ئەبێ بەردەوام بەهێز بکرێ؛ سیاسەتی باش نە سیاسەتێکی ئەخلاقی، بەڵکوو سیاسەتێکە کە بتوانێ زۆرترین بەرژەوەندییەکان بە دی بێنێ؛ دەستە واژەگەلێک وەک مافی مرۆڤ و یاسای نێونەتەوەیی جێگەی بایەخ نین لە خۆش بینانەترین حاڵەت ئەبێ وەک ئامرازی سیاسەت چاو لێ بکرێ؛ دۆستی هەمیشەیی و دوژمنی هەمیشەیی بوونی نییە. ئەگەر خوێنەر یەکجاریتر ئەو خاڵگەلە بخوێنێتەوە رەنگە ژ تەک من هاوڕا بێ کە هیچ نەتەوەیێک لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو بە قەد کورد بە هەست، خوێن، گۆشت و ئێسقان هەر رۆژ ریاڵیزمی سیاسی نەچێژاوە. ئەمما ئەوەی کە زۆر سەرنج راکێشە و مەخابن ئەقڵی سیاسی کوردی فێری نەبوو، ریاڵیزمی سیاسی بوو. جا با هەر لە ئێستاوە ئەم پرسیارە بکەین بزانین ئەوەی وا لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد بەردەوام لە ژێر ناوی ریاڵیزم باس دەکرێ و سیاسەتمەدارانی کورد دەبێژن ئەبی واقعگەرا بین، ئایا بە پێی ئەم مەکتەبە فیکری/سیاسییە-یە یان نە شتێکیترە؟ کە بۆ وەڵامەکەی لە درێژەدا دەگەڕێمەوە.

ئەگەرچی ریاڵیزمی سیاسی وەک قوتابخانەیێکی فکری ناس دەکرێ، بەڵام تایبەتمەندی سەرنجراکێشی ئەم قوتبخانەیە ئەوەیە کە باوەڕمەندەکانی بە ئایدیۆلۆژیایێکی تایبەت نابەسترێتەوە. لە مارکسیستەوە بگرە، تا لیبێراڵیست و بناژۆخواز و هتد لە بواری سیاسەتی دەرەکی لە دەوری ئەم وێژمانە دەبیندرن. بۆیە هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێ دەوڵەتێکی مارکسیستی، یان دینی یان لیبێراڵ لە ئاستی سیاسەتی دەرەکی بە پێی ئایدیۆلۆژیاکەی هەڵسووکەوت دەکات. هەر بۆیەش، خۆدی ریاڵیستەکان باس لەوە دەکەن کە سیاسەتی دەرەکی، لە سیاسەتی ناوەکی سەربەخۆیە. گرنگی فامی سەربەخۆیی سیاسەتی دەرەکیی لە روانگەی ریاڵیزمی سیاسییەوە، ئەو کات زۆرتر ئاشکرا دەبێت بە بیری خۆمان بێنینەوە کە لە کوردستان چۆن حیزبی چەپی لێنینیستی کوردستانیان کرد بە مەیدانی جەنگی ئەمپریالزم و سەرکردەکانیان دڵخۆش بوون بەوەی کە دەستی دیکتاتۆری پڕۆلێتاریای یەکییەتی سۆڤییەت و لێنینی باوک پشت و پەنایانە.
ئەگەرچی ریاڵیزمی سیاسی بە ماکیاڤیلی لە ئاستی فەلسەفەی سیاسی و مۆرگێنتا لە ئاستی سیاسەتی نێونەتەوەیی تیوریزە کرایەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە لە دێر زمەنەوە ئەم شێوە روانینە بۆ سیاسەت و هێز هەبووە. ئەوەی کە خۆدی ماکیاڤیلی بۆ ئێسباتی ئەندێشەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، دەریدەخات کە ماهییەتی سیاسەت هێزە و ئەخلاقی سیاسی بێ مانا. هەرچەند ئەمە بۆ ئەخلاقگەرایان زۆر ناخۆشە، بەڵام راستیێکی حاشا هەڵنەگرە. ئەگەر سەیری سیاسەتی بەریتانیای سەردەمی ئێمپراتۆرییەت بکەین، ئەبینین کە چۆن لە نێوان تزار و هاپسبۆرگ، یان سەفەویی و عوسمانی سیاسەتی باڵانسی هێزی پەیرەو دەکرد. بۆیە ئەم ئێمپراتۆرییەتە بە ئەزمونێکی سەدان ساڵە، باشتر لە هەر وڵاتێ ئەیزانی چۆن رۆژهەڵاتی ناڤین ئەبێ دابەش بکرێ تا هەمیشە ئەم ناوچە نەفت خێزە لە ناو چنگیان بێ. دابەش کردنێ کە تەنها بە سەر بڕینی کورد ئەیتوانی سەرکەوتوو بێ. رۆژهەڵاتی ناڤین بۆ ماوەی دووهەزارو پانسەد ساڵە لەگەڵ رۆژئاوا شەڕ دەکات؛ لەم ماوەیە، جار و بار شکستی خواردووە و جار و بارێکیش سەرکەوتووە. ئەم شەڕە ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەگەرچی بەم نزیکانە مەحاڵە کە رۆژهەلاتی ناڤین بتوانێ رۆڵەکەی جارانی پەیدا بکاتەوە. پەیمانی سایکس- پیکۆ هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ لە ناو بردنی گەورەترین دژبەری رۆژئاوا. ئەم دابەشکردنە مۆتەفەکرانەیە، بەس سەرەوەری و بەرتەری رۆژئاوای بە دواوە نەبوو، بەڵکوو لەوە گرینگتر ناوەکی کردنەوەی جەنگێکی بێ پایان، ئەمما نە بەربڵاو لەم ناوچەیەش بوو.

پەیمانی سایکس-پیکۆ، وە دابەش بوونی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ: پێکهێنانی سنوور، وە سەرهەڵدانی ئەسڵی حاکمییەتی سەرزەمینی لە رۆژهەڵاتی ناڤین؛ دەوڵەت-نەتەوە؛ دۆزینەوەی نەفت(کەمێ پێش سایکس-پیکۆ) و شۆرشی ئۆکتۆبەر. چوار بوومی شووم کە ئەقڵی سیاسی کوردی بەس نەفتەکەی دی و بەردەوام هاواری هەڵدەهێناو دەیگوت: نەفت سەری کوردی خوارد. لەوەی کە نەفت یەکێ لە سەرەکیترین کێشەکان بوو، وە هەیە هیچ گومانێک نییە. بەڵام ئەقڵی سیاسی کوردی بۆ سێ مۆئەلفەکەیتر چ رێکارێکی بوو، یان باشترە بێژین چۆنی دەخوێندەوە و خۆی و فەلسەفەی وجودی خەباتەکەی چۆن پێناسە دەکرد؟

دابەشکردنی کوردستان لە لایەن بەریتانیا، کوردی لە نێوان سێ ئەقڵی دڕەندە، کە تەنانەت مێژووی پێش دابەشکردنیش گەواهی لە دڕندەگیان ئەدات، لە ژێر ناوی حاکمییەتی سەرزەمینی بە تەنها هێشت. هەروا کە پاش پەیدایی دەوڵەتی مۆدێڕن گوزەری ئێپێستێمەیی لە فۆرماسیۆنی خێل بۆ کۆمەڵگەیێکی مۆدێڕن لە ئەقڵی کوردی و ئەقڵی سیاسی کوردی رووی نەدا، بە هەمان شێوەش ئەقڵی فارسی و تورکی و عەرەبی، بێ گوزەرێکی مەعرێفەتی لە ئەقڵێکی خێڵەکی بۆ ئەقڵێکی مۆدێڕن، چوونە سەر دەسەڵات و بوون بە خاوەنی دەوڵەتی مۆدێڕن. ئەگەر ئەقڵی سیاسی کوردی لە قۆناخی گوزەر لە فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی خێڵ بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی نەیتوانی لە قەیرانە مەعرێفەتییەکانیش تێبپەڕێ، وە ناسیۆنالیزمی کوردی بە ئەقڵانییەتی خێڵ بەڵام لە ژێر چەمکی مۆدێڕن بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانەوەی فۆرماسیۆنی خێل و ژیانی خێڵەکی بوو، ئەقڵی فارسی و تورکی و عەرەبیش بە هەمان شێوە خۆی بەرهەمهێنایەوە. بۆیە کاتێ لە حیزب/خێڵ لە کۆمەڵگەی کوردی قسە ئەکەین، بە هەمان شێوە ئەتوانین لە دەوڵەت/خێڵ-یش لەم وڵاتگەلە قسە بکەین. ئەبێ ئەوە بزانین کە مەفسەڵبەندی فۆرماسیۆنی کۆمەڵایتی و سیاسی لە رۆژئاوا لە ئاکامی گوزەرێکی مەعرێفەتی شیوازێکیتر لە مەفەسڵەبەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرهەمهێنا کە نزیکەی پێنج سەدە دەخایێنێ. بە زمانێکی دی، مۆدێڕنیزم لە رۆژائاوا بە شۆرشێکی مەعرێفی دەست پێدەکات کە دێکارت داهێنەری بوو، وە هەموو شۆرشەکانیتر بەرهەمی ئەم شۆرشە مەعرێفییە بوون. بۆیە لە رۆژئاوا گوزەر لە فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی-سیاسی پێش مۆدێڕن بۆ مۆدێڕن، لە هەمان کاتدا گوزەرێک بوو لە مۆتەشەکلکردنی مەفسەڵبەندییەکانی کۆمەڵایەتی-سیاسی کە کردار و پەرچەکردارەکان لە دایەرەی ئەقڵانییەتی مۆدێڕن دەسووڕایەوە. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە قەیرانی مەعریفی لە رۆژهەڵاتی ناڤین، نەبووە هۆی دەسپێکی قۆناخێکی نوێی مەعریفی، وە لە ئاکام دا گوزەر لە فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی-سیاسی خێڵ بۆ فۆرماسیۆنی مۆدێڕن، تەنها رووکارەکانی گرتەوە و مەفسەڵبەدنی خێڵ بە هەمان شێوە گوازرایەوە بۆ فۆرماسیۆنی نوێ. بۆیە لەو باوەڕەم کە هەموو ئەو چەمک و رێکخراوگەلە کە لە فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی پاش پەیدا بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن و حاکمییەتی سەرزەمینی لە رۆژهەڵاتی ناڤین، کارکردیان بە پێی هەمان ئەقڵییەتی سەردەمی خێڵە، ئەتوانین پاشگری خێڵی بۆ دابنین.

پێشتر وتگمە و دووپاتیشی دەکەمەوە ئەگەر کورد پێی وا بێ ئەوە دەسەڵاتە کە لە تورکیا، ئێران، سوریا یان ئێراق کورد دەچەوسێنێتەوە یان ویستێکی بەهێزی پاکتاوی هەیە، گەورەترین هەڵەیە لە خوێندنەوەی سیاسەت و هێز لەو وڵاتگەلە کە کورد لە نێوانیان دابەش کراوە. لە واقعدا ئەوە سێ ئەقڵی دڕندەی خێڵەکی فارس و تورک و عەرەبە کە دەسەڵات نوێنەرایەتیان دەکات، یان بە زمانێکی دی لە دەسەڵات رەنگی داوەتەوە، وە مێژوویێکی سەدان ساڵەش گەواهی لە چۆنییەتی دڕندەیی ئەم ئەقڵانییەتە ئەدات. بەڵام نوێگەری توندوتێژی پاش پەیدا بوونی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناڤین، بە هۆی چەمکی حاکمییەتی سەرزەمینی و بە پاڵپشتی یاسای نێونەتەوەیی رواڵەتێکی مەدەنی پێ بەخشرا، وە لە فۆرماسیۆنی توندوتێژی رەوای (legitimacy) دەوڵەتی پێناسە کرا. ئەگەرچی لە ئێراق و سوریا-بە تایبەت لە ئێراق- ئەم ئەقڵە قەت نەیتوانی نمایشی مەدەنییەت بکات، بەڵام لە ئێران و تورکیا ئەقڵی دڕندە و ستەمکار، لەوپەڕی زیرەکی لە کایەکانی سیاسەتی ریاڵیستی رووکار و رووپەڕێکی شارستانیانە و مەدەنی لە توندوتێژی نواند. بەڵام ئەم ئەقڵە خیڵەکییە، جار و بار هۆکارگەلێک ئەبوونە هۆی داکەندنی جلی نمایشی شارستانییەت و رووی راستەقینەی توندوتێژی خێلەکی خۆیان ئەنواند و ئەنوێنن. بۆ نموونە پاکتاوی رەگەزی ئەرمەنی و کورد لە تورکیا، کەمترین لێکچووی(شەباهەت) هەیە لە گەڵ پاکتاوی رەگەزی نازیسمی ئاڵمانیەکان. ئەگەرچی تورکەکان لەم پاکتاوییەدا ئەیانەوێ وڵاتێکی یەکنەتەوەیی پێک بێنن، بەڵام ورد بوونەوە لە شێوازی کوشتن، شێوازی دەسدرێژی سێکسی، بەرفراوانی دەسدرێژی سێکسی، شێوازی کۆچاندن، شێوازی سووکایەتی کردن و هتد، روونی دەکاتەوە کە سەرچاوەی شێوازی ئەم پاکتاوییە، ئەقڵییەتێکی خێڵەکییە، ئەگەرچی ئامانجەکەی هەمان نەتەوەسازی-ش بووبێ. بە هەمان شێوە کوشت و بڕی حەمەرەزای پەهلەوی لە تەورێز هەمان شێوەی هێرش و کوشت و بڕی کەسانێ وەک چەنگیز خانی مۆگۆل، یان ئاقا مۆحەمەد خانی قاجار دێنێتە پێش چاو. گوایە بەو شێوە کە باس دەکرێ، یەکێ لە هۆکارگەلێ کە پێشەوا قازی خۆی ئەدات بە دەستەوە، ترس لە دووبارە کردنەوەی هەمان مێتۆدە لە مەهاباد، کە بە رای من هەمان کاریشی لە مەهاباد دا دەکرد. لێرەدا دەبینین کە وەک جەنگی سەردەمی خێڵگەرایی کە ئەگەر شارێک لە بەرامبەر هێرشی خێڵی داگیرکەر بەرگری بکردبایا، چۆن هەموو خەڵکی ئەو شارەیان دەکووشت یان دیل دەکران و سوکایەتیان پێ دەکردن. بە رای من پێشەوا بە باشی ئەم ئەقڵەی ناسیبوو، وە دەیزانی لە بەرامبەری هێزی داگیرکەر ناتوانێ کۆمارە ساواکەی رابگرێ، بۆیە خۆی ئەدات بە دەستەوە تا لانی کەم کوشت و بڕ و دەسدرێژی سێکسی سەرچاوە گرتوو لە عەقڵی خێڵەکی لە مەهاباد روو نەدات. پاش شۆرشی ئێرانی-ش دەبینین کە چۆن توندوتێژی جلی نمایشی شارستانییەت لە بەر دەردێنێ، رواڵەتی راستەقینەی ئەقڵی خێڵەکی خۆی دەردەخات (جێگەی ئاماژەیە کە مەبەستم لە نمایشی شارستانییەتی توندوتێژی، هەمان توندوتێژیە کە دەوڵەتەکان بە پێی ئەسڵی حاکمییەتی سەرزەمینی رێگە پێ دراو بوون).

هەموومان دەزانین کە داگیرکەرانی کوردستان و نیشتمان فرۆشان چۆن دەسدرێژیان سێکسی-یان دەکردە سەر کچی کورد و دواتر تیربارانیان دەکردن. رەنگە خوێنەر نەزانێ کە دەسدرێژی سێکسی لە ئەقڵی خێلەکی پێش ئەوەی لە سەر بنەمای چێژ بێ، سووکاندنی لایەنی بەرامبەر، هەڵرژاندنی قین و نەفرەت، تەهقیر کردن و بێ شەرەف کردنی لایەنی بەرامبەرە لە جیهانبینی فەرهەنگی خێڵ. ئەوە لە حاڵیکدایە کە یەک دەقم نەخوێندووەتەوە-لەوانەیە هەبێ- کە نازیستەکانی ئاڵمان دەسدرێژی سێکسیان کردبێتە سەر جوولەکەکان. بۆ نازیستەکان، جوولەکەکان رەگەزێکی نزم و نەوی بوون کە نە تەنها ئەبوا لە ناو ببرێن، بەڵکوو شایستەی دەسدرێژی سێکسی-یش نەبوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆ ئەقڵی خێڵەکی فارس و تورک لە ئێران -لەو باوەڕدام کە ئەم دوو ئەقلانییەتە لە ئێراندا مۆوازی یەکترن- ئامانج لە شێوازی کوشتن و دەسدرێژی سێکسی، لە یەک کات دا، هەڵرژاندنی قین و نەفرەت، وە بێکەرامەت کردنی کورد بوو؛ کە بێ ئەملاوئەولا، دوو کۆڵەکەی ئەقڵی خێڵەکین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خێڵ وەک فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی جێگای خۆی بە قەوم بەخشیوە، وە پاکتاوی و سووکاندنی لایەنی بەرامبەر ئیتر خێڵ نییە، بەڵکوو قەومە. کە وایە ئەتوانین لە پاڵ دەوڵەت/خێڵ ، لە فاشیزم/خێڵ-یش قسە بکەین کە ئامانجی پاکتاوی ئەویدی قەومییە لە ژێر ناوی نەتەوە-سازی، وە تا ئەو جیگایە بکرێ بە توندووتێژی شارستانیانە ئەنجام ئەدرێ، بەڵام جار و بار هۆکارگەلێک دێنە ئاراوە کە مێتۆد و عەقلانییەتی خێڵەکی کە گەوهەرەکەیەتی لەو قەفەسە دەفڕێ و رووە راستەقینەکەی ئەنوێنێ. بۆیە چەمکی فاشیزم-دەوڵەت/خێڵ بە کار دێنم کە ئەم فاشیزم و دەوڵەتگەلە تا ئەو کاتەی بکرێ، نمایشی توندووتێژی شارستانییەت دەکەن، بەڵام کە ناچار کران، رووە راستەقینەکەیان.

ئەگەر دەوڵەت-خێڵ وەک نوێنەری ئەقڵی قەومی سوڵتە نمایشی شارستانییەتی دەکرد، ئەوە لە ناو کوردا حیزب/خێڵ بوو کە هەستا بەم نمایشە. زۆرێ لە حیزبە کوردییەکان بە هەڵکردنی ئالای دێمۆکراسییەت، هەوڵیان ئەدا لە بەرامبەر دەسەڵات و سیستەمی جیهانی نمایشی شارستانییەت بکەن. ئەمما لە بەرامبەر یەکتر، دڕەندەیی و توندوتێژیێکی بێ پایانیان دەنواند. گوایە ئەگەر لە بەرامبەر ئەویدی ناکورد سنورێ بە ناو نمایشی شارستانییەت پێویستە، لە بەرامبەر ئەویدی کوردیدا هیچ پێوێستیێک بۆ ئەم نمایشە بوونی نییە. بۆیە سنووری نمایشی شارستانییەت دەڕووخێ، وە دیوی راستەقینەی ئەقڵی خێڵەکی لەوپەڕی قین و نەفرەت و بێ ئەخلاقی توندووتێژی دەنوێنێ؛ بە شێوەیێک کە بەس بۆ قڕکردنی یەک نەبوو، بەڵکوو لەوە خراپتر سوکاندن بە مێتۆدی خێڵەکی بوو. ناکرێ لەگەڵ دیلی ئەویدی ناکورد، لەوپەڕی ئەخلاق و رەحم و مرۆڤایەتی هەڵسووکەوت بکەی، بەڵام دیلی ئەویدی کوردی لەوپەڕی بێشەرمی و نامرۆڤایەتی لە ناو ببەی. پێم وا نییە پێویست بکات لەوە زیاتر بچمە ناو وردە کارییەکانی شەڕی براکوژی، چۆن ئەوانەی وا ئاگادری چۆنییەتی ئەو شەڕە بن، دەزانن چی دەبێژم. بە راستی ئەم هەڵسووکەوتە پارادۆکسیکاڵەی بێ ئەخلاقی خێڵەکی / دێمۆکراسیخوازی مەدەنی-ە چۆن لە یەک کاتدا لە تاک و حیزبی کوردی کۆ دەبێتەوە، ئەگەر لە ژێر ناوی دیاردەی حیزب/خێڵ پێناسە و راڤە نەکرێ؟

دەوڵەت/خێڵ کە سەدان بار مۆتێمەرکێزتر لە دەسگای خەلیفەی عوسمانی و شای قاجاری بوو، لە ناو سنووری دەسکرد بە پشتیوانی یاسای نێونەتەوەیی، کۆمێدی-تراژێدیترین کایەیێک کە مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا بە خۆیەوە بینیبێتی، بوو بە خاوەن دەسەڵاتی رەها. بەم شێوەیە دەوڵەت/خێڵ -ئەم چەمکە وەک فۆڕماسیۆن/مەفسەڵبەندی کۆمەڵایەتی-سیاسی چاو لێ بکەن- لە لایێکەوە تەنها کایەکەری ئاستی سیاسەتی دەرەکی و نێونەتەویی بوو کە بە پێی پێناسە نوێیەکان نوێنەرایەتی نەتەویێکی دەکرد، لە لایێکیتریشەوە لە ناوخۆی وڵات حاکمییەتەکەی بە هەڵکۆڵاوی ئیرادەی گەل و نەتەوە پێناسە دەکرا و خاوەنی دەسەڵاتی رەها بوو. لەم بارودۆخە کورد کەوتە ناو شەڕێکەوە کە بەس شەڕ لەگەڵ چوار دەولەت/خێڵ کە بە لۆتفی ئیرادەی دەرەکی ببوون بە خاوەنی خاک و سەروەت و سامان و گەل و لە هەموو خراپتر تاڵاندنی مێژووەکەشی نەبوو، بەڵکوو شەڕ بوو لەگەڵ ئیرادەیێکی جیهانی و ستراکچێری سیستەمێکی نێونەتەوەیی کە دوو زلهێز سەرۆکایەتیان دەکرد. سەپاندنی ئەم رۆژڕەشییە بە سەر کورد، کاتێ بنقوڵتر دەبوو کە قەدەری مێژوویی وای کردبوو هەم جۆگرافیای کوردستان ببێتە دراوسێ یەکێ لەم دوو زلهێزەی سەردەمی سیستەمی مۆتێسەلێبی دوو جەمسەری، وە هەمیش ئەو وڵاتگەلە کە کوردستان لە نێوانیان دابەش کرابوو. سیستەمی دەوڵەت-تەوەری نێونەتەیی لە سەردەمی شەڕی سارد نە تەنها دەستی دەوڵەت/خێڵی بۆ بەهێز بوون ئاوەڵا کرد، بەڵکوو رەواییێکی یاساییشی پێ بەخشی. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە پارادایمی پۆزیتیڤستی لەم قۆناخەدا دەوڵەتەکانی لە لایێکەوە بە پێشکەوتووترین تێکنۆلۆژیا لە هەموو بوورارەکان، لە زانستی ژێنتیکەوە بگرە تا دەگاتە تێکنۆلۆژیەکانی ئامرازی جەنگ، چەکدار دەکرد، وە لە لایێکیتریشەوە لە بواری نەرم-ئامراز هەموو زانستە مرۆڤایەتییەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت/خێڵ بۆ خوڵقاندنی سۆبژیکتیڤتەیێکی نوێ کە دڵخوازی وێژمانی قەومی سوڵتە بوو. لە حاکمییەتی سەرزەمینی یاسای نێونەتەویی، پۆزیتیڤیسم زیاترین خزمەتی بە دەوڵەتەکان کرد، بە تایبەت لە بواری ریاڵیسمی سیاسی کە ناوەرۆکەکەی بەهێز کردنی لایەنی سەربازی بوو. پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی سەربازی لە کاتێکدا کە بەس دەوڵەت دەیتوانی بچێتە ناو رێککەوتنی کڕیاری، دەوڵەت/خێڵی کردە خاوەنی مەترسیدارترین و پێشکەوتووترین چەکگەل، وە تامەزرۆیی ئەقڵی خێڵەکی دەوڵەتدار بۆ کڕینی چەک هیچ سنوورێکی نەدەناسی. چەرخەی هەر رۆژ تێکنۆلۆژیێکی نوێ و خواستی نوێ بۆ بەدەسهێنان، ئەگەرچی زۆرتر لە روانگەی ئابووریێکی سەرمایەدارانە دەخوێندرێتەوە، بەڵام راستییە شاراوەکەی کە کەمتر بایەخی پێ دەدرێ، مۆکەمڵ بوونی پۆزیتیڤیسم و ریاڵیزمی سیاسیە لە ئاستی ناوەکی و دەرەکی. ئەوە راستیێکە کە دەوڵەت/خێڵ کاتێ دەتوانێ دەسەڵاتی لە ناوخۆ گەرەنتی بکات کە هێزی سەربازی پشتیوانی بێ، وە ئەم هێزە تا بنی دگان بە پێشکەوتووترین چەک، چەکدار بکڕێ. ئاورێ لە چوار دەوڵەت/خێڵ کە کوردستان لە نێوانیان دابەشکرا ئەو راستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات. شەڕگەلێک کە ئەم چوار وڵاتە، لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا لە دەرەوەی سنوورە پێناسە کراوەکان بە شێوەی بەربڵاو چووبێتنە ناویەوە، بەس دوو شەڕی ئێران و ئێراق، وە سوریا و ئێسراییل بووگە. لە کاتێکدا کە ئەم چوار وڵاتە بەهێزترین هێزی سەربازیان لە ئاستی ناوچەکە دا هەبووە. لە کەنار ئەو تایبەتمەندیگەلە کە ئاماژەم پێکرد، ئەگەر پەیمان و رێکخراوەکانی نێونەتەوەیی، چەن قۆڵی و دوو قۆڵی، وەک پەیمانی وەرشۆ، پەیمانی ناتۆ، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپێک، ئەلجەزیرە و هتد، پێ زیاد بکەین، دەبینین کە یەک پەیامی بۆ گەلی کورد هەبووە: هەموو گۆڕنکارییەکانی زانست، یاسا و ئابووری دژی ئێوەیە وە لە ئاستی سیاسەت تەنهاترینی تەنهاکانن؛ بەرژەوەندی هاوبەشتان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکدا نییە وە لەم جیهانە بێ رەحمەدا جگە لە خۆتان کەسێکتان نییە؛ ئێوە نفرین کراوی دەوڵەت-خوداکانن. پەیامەکە ئاشکرایە: تا دەوڵەت-خوداتان نەبێ نفرینی خوداکان ئێخەتان بەرنادات. سەروەتەکەتان هی ئێمەیە، خاکەکتان هی ئێمەیە، مێژووتان هی ئێمەیە، وە زمانیشتان دەبڕین تا نە زمانی هاوارتان هەبێ و نە زمانی شناس، بتان سڕینەوە بێ ئەوەی دەنگتان دەر بێ. لە وەها قۆناخێکی مێژوویی کە بە جەبری مێژوو پێناسەم کرد، خەباتی کورد تەنها یەک رێگەی هەبوو: گەرانەوە بۆ خودی کورد و پشت بەستن بەخۆ. ئەمە دەقاودەق هەمان پەیامە ریاڵیزمی سیاسی ئاڕاستەی هەموانی دەکرد. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەقڵی سیاسی کوردی ئەم پەیامەی خوێندەوە وە ئەگەر خویندیەوە چۆن لێی تێگەیشت، وە رێکار یان رێکارەکانی چی بوو؟ ئایا ئەقڵی کوردی توانی گرینگی رەهەندە ئۆبژێکتیڤ و سۆبژێکتیڤەکانی ریاڵیزمی سیاسی پێناسە بکات؟ تا چەند ئەقڵی سیاسی کوردی توانی راڤە و شرۆڤەیێکی پێناسە کراو لەم رەهەندگەلە ئاڕاستەی ئەقڵی کوردی بکات؟ و هتد.

بۆ راڤە و شرۆڤەی پێوەندی نێوان ئەقڵی سیاسی کوردی و ریاڵیزمی سیاسی، پێویستە سێ قۆناخی فۆرماسیۆن/مەفسەڵبەندی خەباتی کورد بخوێنینەوە؛ ئەمەش کارێکی ئاسان نییە، وە لە زۆر شوێن لە ئەسڵی بابەتەکە دوورمان ئەخاتەوە. بۆیە بە شێوەیێکی گشتی ئاماژەی پێدەکەم.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.