رۆژژمێری پێشێلکردنی مافەکانی ژنان ( ٣ مانگی سێهەمی ساڵی ٩٢) لە کوردستاندا

21:08 - 2 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا ٣٢ حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە کوردستاندا رووی داوە.

ئاژانسی هەوەڵدەریی کوردپا بە مەبەستی رووماڵ کردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و لە درێژەی راپۆرتی حەفتانەدا، راپۆرتی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا بڵاو دەکاتەوە.

لەم راپۆرتەدا حاڵەتەکانی خۆکوژیی ژنان وەک پێشێلکردنی مافەکانی ژنان پێناسە کراوە.

ئەم راپۆرتە ١٥ حاڵەتی خۆکوژیی ژنان، بانگهێشت کردنی ٣ چالاکی ژن بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، دەستبەسەرکردن ٥ ژنی کورد، گواستنەوەی زیندانییکی کورد لە زیندانیەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، سەپاندنی ٢ ساڵ حوکمی زیندان بە سەر چالاکێکی کورد لە بۆکان، کوژرانی ٣ ژنی کورد و لە سێدارە دانی ٤ ژنی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لەخۆ دەگرێت.

مانگی رەزبەر

نادیار :ژنێکی کوردی خەڵکی بجنوورد و دانیشتووی شاری مەشهەد، بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی و نەسازان لەگەڵ هاوسەرەکەی هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بەژیانی خۆی هینابوو.

ئەو ژنە تەمەن ٣٠ ساڵانە کە ناسنامەکەی نادیارە، خاوەن دوو منداڵی تەمەن ٣ و ٧ ساڵان بووە.

نادیار : ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی \"خەدیجە محەممەد ئەمینی\" هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
هەتا ئێستا هۆکار یان هۆکارەکان و هەروەها شێوەی خۆکوژیی ئەو ژنە جەحێڵەی خەڵکی شاری شنۆ روون نەبووەتەوە.

١٥/٧/١٣٩٢ : شەوی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر، ژنێکی لاو بە ناوی \"کەوسەر جوزان\" و خەڵکی گوندی \"ئاڵیان\"ی شاری شنۆ کە رۆژی چوارشەممە ١٠ی رەزبەر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.

ئەم ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە دوای ئەوەی بۆ ماەی ٥ رۆژ لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ لە ژێر چاوەدێری بوو، گیانی لەدەست دا.

١٨/٧/١٣٩٢ : سەر لە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی رەزبەر، تەرمی کچ و کورێکی لاو کە شەوی پێشووتر لە یەکێک لە گوندی \"سرینجیانە\"ی سەربە شاری سنە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنابوو، دۆزرایەوە.

ئەم کچە کە خوێندکار بووە، لە گەڵ خۆشەویستەکەی بە ناوی \"شاهۆ\" کە خەڵکی هەمان گوند بووە بە هەڵبڕین شادەماری دەستیان، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو.

١٩/٧/١٣٩٢ : رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی رەزبەر، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی \"ساریا مورادی\" خەڵکی گوندی \"باوەرێز\"ی سەربە شاری سنە بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

\"ساریا مورادی\" دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی باوەرێز، ژیانی پێک هێنابوو.

هەروەها دەگوترێت کە ئەو ژنە کوردە پێشتر چەندین جار بەهۆی دەستکورتییەوە هەوڵی خۆکوژی دابوو، کە دوا جار لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

١٩/٧/١٣٩٢ : سەر لە بەیانیی رۆژی هەینی ١٩ی رەزبەر، تەرمی سەحەر چوینی کچە خوێندکاریک لە خەوتنگەی \"زانکۆی بووعەلی\"ی هەمدان دۆزرایەوە.

سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی پەیمانگەی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بوو.

بەرپرسانی زانکۆ لە یەکەم هەڵوێستی خۆیان‌دا و پێش لە دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هۆکاری مەرگی \"سەحەر چوینی\"یان بە خۆکوژی لە قەڵەم دابوو کە ئەمەش دژکردەوەی توندی خوێندکارانی زانکۆی بەدواوە بوو.

هێندێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لەو بڕوایەدان کە هۆکاری مەرگی سەحەر نەبوونی ئەمنیەت لەو خەوتنگەیە بووە و بەرپرسانی زانکۆش بە مەبەستی خۆدەرباز کردن لەم بەرپرسایەتییە، هۆکاری مەرگی ناوبراویان خۆکوژی راگەیاندبوو.

٢٨/٧/١٣٩٢: تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی \"سۆعدا ئەمینی\" لە دەورووبەری شاری بانە دۆزرایەوە.

تەرمی ئەم ژنە لاوە کە دایکی ٢ منداڵیش بوو، رۆژی یەکشەممە ٢٨ی رەزبەر، بە مەودای ٥ کیلۆمیتر دوور لە شاری بانە و لە کاتێکدا دۆزرایەوە کە ئاسەواری خنکان بە ملیەوە دیار بووە.
٢٨/٧/١٣٩٢: لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پەیڕەوەوانی ئایینی یاری لە بەرامبەر مەجلیسی ئێران، ٢ ژن یارسانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ئەو دوو ژنە حومەیرا تاهیری و بەهارە نەدیمی راگەیەندراوە کە سەر لە ئێوارەی هەمان رۆژ ئازاد کران.

ئەم کۆبوونەوە بە مەبەستی نارەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی دەزگا حکوومەتییەکان ئێران لەمەڕ داخوازی و ویستی هاووڵاتییانی یارسانی لە بەردەم مەجلیسی ئێراندا بەڕێوە چوو کە دەستبەسەر کرانی نزیک بە ١٠٠ چالاکی پەیڕەوی ئایینی یاری لێ کەوتەوە.

٢٩/٧/١٣٩٢: رۆژی دووشەممە ٢٩ی رەزبەر، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی نەستەرەن سەفەری هاوڕێ لە گەڵ ٦ پیاوی دیکە لە زیندانی دێزڵ‌ئابادی کرماشان لەسێدارە دران.

نەستەرەن سەفەری بۆ ماوەی ٧ ساڵ بوو کەلە زیندان لەدەستبەسەریدا بوو.

٣٠/٧/١٣٩٢: رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر کچە قوتابییەکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی \"شەقایق محەممەدی\" و کچی عەتا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

شەقایق محەممەدی کە قوتابیی پۆلی ١ی دواناوەندی بووە، لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گوندی \"نەوەڕە\"ی شاری سنەوە بە مەبەستی نیشتەجێ بوون روویان لە شاری سنە کردبوو.

مانگی خەزەڵوەر

نادیار : چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی \"مریەم موقەدەسی\" بەهۆی سەرلەنوێ هەڵدانەوەی نەخۆشییەکەی و کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین، تووشی نەخۆشی بووە و رەوانەی یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی تاران کرا.

مریەم موقەدەسی لەنێو زینداندا تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە.

مریەم موقەدەسی مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و دواتر حوکمی ٩ ساڵ زیندان بۆ بڕایەوە.

٤/٨/١٣٩٢: سەرلەبەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر، ژنێک بەناوی \"حازێ دەروێش‌زادە\" و خەڵکی گوندی \"کەڵانکانی\"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەزیندانی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە درا.

ئەم ژنە کوردە خەڵکی ئاوایی \"کڵانکانی\"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بووە.

٨/٨/١٣٩٢: سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە ٨ی خەزەڵوەر، ١١ زیندانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.

دوو کەسیان ژن بوون کە هەتا ئێستا ناسنامەیان بە نادیاری ماوەتەوە.

١٣/٨/١٣٩٢: رۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، کەژاڵ هوژەبەری هاوسەری چالاکی سیاسیی کورد عەلی دانش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراو رۆژی پێنج‌شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لە ئیتلاعاتی مەریوانەوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە و پاش ٢٠ رۆژ لەدەستبەسەری بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

١٧/٨/١٣٩٢: رۆژی هەینی ١٧ی خەزەڵوەر، ژنێک بەناوی \"فەرزانە ئیبراهیمی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ناو\" لە ناوچەی هەورامانی تەختی سەربە شاری سەوڵاوا کە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە کوردە دایکی دوو منداڵ بووە و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە (بوختان)ی بۆ هەڵبەسترابوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

٢٠/٨/١٣٩٢: رۆژی دووشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی \"رۆژین\" بە هۆکاریکی ناڕوون هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبڕاو لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

٢٤/٨/١٣٩٢: رۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی نیشتمان قوربانی و دانیشتووی شاری بۆکان، لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو بە هۆی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی هەوڵی خۆکوژی دابوو.

نیشتمان قوربانی کە دایکی منداڵێکیش بوو، لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

٢٥/٨/١٣٩٢: رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی \"ئەفسانە بایزیدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، هاوڕێ لەگەڵ برایەکی خۆی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

ئەم خۆشک و برایە کە خەڵکی شاری بۆکان بوون، پاش نزیک بە یەک مانگ راگیران لە بەندیخانە، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کران.

٢٧/٨/١٣٩٢: رۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"لیمۆ خەید\" کچی عوسمان لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو ٥ مانگ پێش و بە پێچەوانەی ویستی خۆی، لەگەڵ کوڕێک ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.

لیمۆ دانیشتووی گوندی \"قۆزلووجە\"ی سەربە شاری مەهاباد بووە.

نادیار : شەهێن بایزیدپوور ئەندامی خولی دووەمی شۆرای شاری بۆکان، لەلایەن دادگای شاری بۆکانەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

شەهێن بایزیدپوور رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەشاری بۆکان و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش ٢٢ رۆژ  بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزرا.

شەهێن بایزیدپوور کە هەنووکە لە زیندانی شاری مەهاباد راگیراوە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە هۆکاری مەحکووم کرانی ناوبراو بەو دوو ساڵ زیندانییە نەزانراوە.

مانگی سەرماوەز

٣/٩/١٣٩٢: شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بەناوی ماریا رێحانی کچی خدر و خەڵکی گوندی \"قەڵا رەشە\"ی سەردەشت لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت کە ماریا هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە و کاتژمێر ١٠،٣٠ی شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز بە بیانووی کڕینی کارتی تەلەفۆن، خۆی لەدایک و خوشکی دزیوەتەوە و لە ژێرخانی ماڵەکەیاندا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

نادیار : کەوسەر فەتاحی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی چالاکییە فەرهەنگییەکانییەوە بەرەوڕووی بانگهێشت و هەڕەشەی دەستبەسەر کرانی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوویەوە.

ناوبراو هەتا ئێستا چەندین جار تەلەفۆنیان بۆ کردووە کە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بنکەی پێشووی مەکتەبی قورئانی شاری بۆکان بناسێنێت و لە ئەگەری خۆ نەناساندن، بەرەورووی دەستبەسەرکران دەبێتەوە.

٦/٩/١٣٩٢: رۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی عوزرا نەقشبەندی، پاش جیابوونەوە لە میردەکەی، هەوڵی خۆکوژی دابوو.

عوزرا دانیشتووی شاری سنە بووە، کەلە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

نادیار : لەیەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی شاری مەهاباد کچە خوێندکارێک بەناوی \"ژاڵە\" پاش ئەوەی لە قوتابخانە دەرکرا، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە خوێندکارەی خوێندنگەی دواناوەندیی \"فەرزانگان\"ی شاری مەهاباد، بەهۆی ئەوەی کە کتێبێکی سەبارەت بە ژیان هاوبەش (ژن و مێردایەتی) پێ بووە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو خوێندگەیەوە بەرەوڕووی دەرکران بۆتەوە.

 بەرپرسانی خوێندنگەی \"فەرزانەگان\" بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارەیان سەبارەت بە پێ بوونی ئەو کتێبە ئاگادار کردۆتەوە و لە ئەنجامدا ژاڵە بەهۆی زەخت و فشاری دەروونییەوە، هەوڵی خۆکوژیی داوە.

٩/٩/١٣٩٢: رۆژی شەممە ٩ی سەرماوەز، ژنێک بە ناوی پەروین تەهایی کچی عوسمان، بەدەستی هاوسەرەکەی بە ناوی سوڵتان پێشەنگ کوژرا.

سوڵتان کە ئەندامێکی سپای پاسداران بووە، بە کەڵک وەرگرتن لە چەک کۆتایی ژیانی ژنەکەی خۆی هێناوە.

هەتا ئێستا هۆکاری کوژرانی پەروین بە دەستی هاوسەرەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

١٧/٩/١٣٩٢: رۆژی یەکشەممە ١٧ی سەرماوەز، دایکی یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی دێزڵ‌ئابادی کرماشان، دوای لە سێدارەدانی کوڕەکەی لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵئ خۆکوژی دا و لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

پەروانە گەڕاوەند تەمەن ٥٢ ساڵ، رۆژی یەکشەممە و ٣ رۆژ پاش لە سێدارە درانی کوڕەکەی لە بەندیخانەی دێزڵ‌ئاباد، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

فەریدوون خەنجەری تەمەن ٤٠ ساڵ رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەز، هاوڕێ لەگەڵ ٦ کەسی دیکە لەسێدارە درابوو.

١٨/٩/١٣٩٢: رۆژی دوشەممە ١٨ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، ژنێکی کوردیان بە ناوی \"هەمین\" لە گوندی \"سپیکان\"ی پیرانشار دەستبەسەر کردووە.

دەگوترێت کە \"هەمین\" بە رەچەڵەک خەڵکی کوردستانی ئێراقە و ماوەی چەند ساڵە لەگەڵ هاووڵاتییەکی کوردی ئێرانی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و لە گوندی \"سپیکان\" نیشتەجێ بووە.

هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران دوای ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دیپۆرتی کوردستانی ئێراق کردووەتەوە.

نادیار : ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دایک و خوشکی چالاکێکی سیاسیی ئەو شارەی بە ناوی شۆڕش زەندی بانگهێشت کردووە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەلایەن ئەو هێزانەوە لێپرسینەوەیان لێکراوە.

شۆڕش زەندی تەمەن ٣٤ ساڵ، پاش ئەوەی چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و بانگهێشت بوویەوە، ماوەیەک پێش ئێستا بەناچاری زێدی خۆت بەجێهێشت.

\"17544.jpg\"


کەڵک وەرگرتن لەم رۆژژمێرە، بە مەرجی ئاماژە کردن بە سەرچاوکەی (ئاژانسی کوردپا) رێگە پێدراوە.