رۆژهەڵات شەڕی براكوژی لە پەكەكە قبووڵ ناكا

14:11 - 5 جۆزەردان 2715
Unknown Author
هاوار بازیان

هەمیشە سووكە نیگەرانییەك لە ناخی هەر كوردێكی رۆژهەڵاتیدا هەبووە كە نەكا سیاسەتەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پ.ك.ك) بۆ باشوور و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دووپات بكرێنەوە. هاوكات كورد لە رۆژهەڵات كە دوا پارچەیە هێشتا بە ئازادی و رزگاری نەگەیشتووە هەمیشە سۆزێكی بۆ گەریلا هەبووە كە پەیامی \"رزگاریی نەتەوەیی\" هەڵگرتووە، بەڵام رووداوەكەی چەند رۆژی رابردوو و تێكهەڵچوونی پەكەكە و هێزێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سەر سنوورەكانی رۆژهەڵات و باشوور كە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە خەریكە زیان بەو بۆچوونە دەگەیەنێ و نیگەرانییەكی رەوا هەموو كورد بەتایبەت لە رۆژهەڵات دەگرێتەوە.

١.گەورەترین نیگەرانی

ئەو رووداو و ئاڵۆزییە لای حیزبی دیموكرات شتێكی چاوەڕوانكراو بوو و لەمێژ بوو پێیوابوو پ.ك.ك وازی لە \"دەستێوەردانی\" كاروباری پارچەكانی دیكە نەهێناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە جۆر و كاتی رووداوەكەیە. حیزبی دیموكرات كە یەكەمجارە بەئاشكرا دەكەوێتە بەر تاقیكارییەكی سیاسەتەكانی پ.ك.ك لە رۆژهەڵات، ئامادە نابێ ملكەچی خواستەكانی ئەو هێزە بێ كە داوا دەكا پێشمەرگەكانی دیموكرات ناوچەكە (كێلەشین، سەقەر و خنێرە) چۆڵ بكەن.

دیموكرات پێیوایە ئەگەر ئێستە لەبارەی ناوچەكانی سەر بەخۆی لە رۆژهەڵات هەڵوێستێكی توندی نەبی، رەنگە دواتر زۆر ئەستەم بێ خۆی لە \"پاوانخوازییەكانی پ.ك.ك\" دەرباز بكا. هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێ دیموكرات بەرامبەر ئەو رووداوە كە خۆیان بە رەسمی لە راگەیەنراوێكدا بە \"شەڕفرۆشی\"ی پ.ك.ك ناویان بردووە هەڵوێستی توندی هەبی. نیگەرانییەكە ئەوەیە كە پارتی كرێكارانیش پێیوایە دەبێ هەر لە ئێستەوە بە هێزەكانی رۆژهەڵات بڵێ \"كوردستان سنووری نییە و هەموو شوێنێك بە مەیدانی خەباتی خۆمان دەزانین\". ئەو جیاوازییە گەورە ئەگەر ئەمڕۆش ئاگری شەڕ خۆش نەكا، بە دڵنیایییەوە بەردەوام سێبەری لەسەر باری سیاسیی كورد لە رۆژهەڵات دەبی.

٢.گومانی یەكدەستبوونی پ.ك.ك و ئێران دەكرێ

چوونەوەی پێشمەرگەكانی دیموكرات بۆ ناوخۆی رۆژهەڵات راستەوخۆ پاش نائارامییەكانی مهاباد (دوای گیان لە دەستدانی كچێك بەهۆی نیازی دەستدرێژی كارمەندێكی ئەمنیەتی) هات كە چاوەڕوان دەكرا هێزەكانی رۆژهەڵاتی بەتایبەت دیموكرات بە چەند چالاكییەك هەڵوێستیان هەبێ.

كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ تا ئێستەش سەرقاڵی گرتنی خەڵك و چاودێریكردنی چالاكان و هەرجۆرە جووڵەیەكە. هاوكات ئەمساڵ كۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەمیشە سەرقاڵی كێشە ناوەخۆیی و دەرەكییەكانە هەر لە تێكەڵبوونی بە شەڕی داعش لە عێراق، حوسییەكان لە یەمەن، دۆخی سووریا و بەرنامە ئەتۆمییەكەی كە دیسان بەرەو هەڵدێڕ دەڕوات. بۆیە حیزبی دیموكرات لەزاری جێگری سكرتێری گشتییەوە نایشارێتەوە \"بۆمان درەكەوتووە جۆرێك هاوئاهەنگی لەنێوان پەكەكە و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیدا هەیە\" تا لە ناوچەكەدا تەگەرە بۆ چالاكیی پێشمەرگەكانی حیزب درووست بكەن. هاوكات باس لە بڵاوەپێكرانی هێزی سوپای پاسداران لە هەمان ناوچەدا دەكرێ. ئەو لێدوان و بۆچوونانە نابێ بەئاسایی و بێ كێشە لێكبدرێنەوە.

٣.هێزە رۆژهەڵاتییەكان یەكدەنگن

سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسی و سەرەكییەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو نیگەرانییەی حیزبی دیموكرات تێدەگەن و ئەوانیش هەست بەمەترسیی \"پاوانخوازی\"ی پ.ك.ك لە رۆژهەڵات دەكەن. هەموویان لە چەپ و ئیسلامی و عیلمانییەوە رووی گلەیییان لە پ.ك.ك كردووە. ئەوان نموونەی \"پارتی چارەسەریی دیموكراتیك\" لە باشوور و \"پەیەدە\" لە رۆژئاوایان هەیە كە هەردووكیان سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانی باكوورن. لەبارەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، \"كۆمەڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهەڵات (كۆدار)\" كە پێشتر هەمان پژاك بوو وەك نوێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ رۆژهەڵات دێتە دانان. بۆیە رۆژهەڵاتییەكان نیگەرانن لەوەی ئەگەر ئەمڕۆ پ.ك.ك خۆی بسەپێنێ، دوارۆژی كورد لە رۆژهەڵات لەدەستی هێزە ناوخۆیییەكان دەردەچێ و لەو بڕوایەدان \"هێزێكی وەك پ.ك.ك ناتوانێ لە واقعی كوردی رۆژهەڵات تێبگا و سوودی هەبی\".

قبووڵكردنی سیاسەتی پ.ك.ك بۆ هێزەكانی تر هەندێك دژوارە، بەتایبەت كە تەمەنی حیزبی دیموكرات لە رۆژهەڵات ٢ ساڵ لە تەمەنی بەڕێز ئۆجەلان و ٢٨ ساڵ لە پارتی كرێكاران زیاترە! سیاسەتەكانی پ.ك.ك لە رۆژهەڵات زیاتر وەك \"سڕینەوە\"ی هێزەكانی تری وەك كۆمەڵە و دیموكرات لێكدەدرێتەوە، بۆیە هەرجۆرە جووڵەیەكەی ئەو هێزەی باكوور بەزمانی شك و گومان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێ. بەردەوامبوونی ئەو دۆخە بەرەو شەڕی براكوژیمان دەبا و جێگەی مەترسییە.

بەكورتی

ئەوەی ئێستە لەنێوان دیموكرات و پەكەكە روو دا و شەڕی تێكەوتووە، تەنیا خزمەت بە یەك لایەن دەكات كە ئەویش هەمان كۆماری ئیسلامییە! بۆیە پەكەكە ئەگەریش راستەوخۆ لەداوی ئەو پیلانەی ئێران نەكەوتبێ، وەك تۆمەتباری یەكەمی ئەو رووداوە دادەنرێ. چاوەڕوان دەكرا پ.ك.ك وشیارتر و نەتەوەیی تر بجووڵێتەوە و دەست بۆ چەك نەبا و رێز لە پێگەی خۆی بگرێ كە لای بەشێكی زۆری رۆژهەڵاتییەكان بەدەستی هێناوە، چونكە هیچ بیانوویەك ناتوانێ وەڵامی كوژرانی كوردێك بە دەستی كوردێكی تر بداتەوە، بەتایبەت كوردی رۆژهەڵات ناتوانێ قبووڵی ئەوە بكا لە شاخ بەدەستی كورد بێتە كوشتن و لەناو شاردا بەدەستی كۆماری ئیسلامی دستگیر و لەسێدارە بدرێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە