رۆژنامەنووسێکی کورد بەناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت

23:42 - 22 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: مادێح نەزەری رۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سنە و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"دیدگاه\" بەهۆی گوشاری هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت و رووی لە وڵاتی تورکیە کردووە.

مادێح نەزەری لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ماوەیەک پێش ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێیان راگەیاندم کە خۆم بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنم، بەڵام لەبەر ئەوەیکە هەستم بە مەترسیی دەستبەسەر کردن کرد، لە خۆناساندن و چوون بەو ئیدارەیە خۆم بوارد و لەرووی ناچارییەوە وڵاتم بەجێهێشت.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە ئاشکرای کرد کە چەندین جار بەهۆی لە قاودانی گەندەڵییەکانی \"ئوستاندار\"ی کوردستان لە حەفتەنامەی \"دیدگاه\"دا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر و دواتر بە واژۆ کردنی بەڵێننامە و دانانی بارمتە ئازاد کراوم.

سەرنووسەری حەفتەنامەی \"دیدگاه\" ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ئەمساڵدا ٢ جارلەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر و هەر جارەی بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژێر لێکۆڵینەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بووم.

مادێح نەزەری باسی لەوەش کرد کە جۆزەردانی ئەمساڵ هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێیان راگەیاندم کە خۆم بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بناسێنم کە پاش خۆناساندن دەستبەسەر و ماوەی ٢ مانگ بەشێوەی بەردەوام لە ژێر لێپرسینەوە هەڕەشەدا بووم و دواتر بە دانانی بارمتەیەکی ٢٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرام.

\"11518.jpg\"
سەرنووسەری حەفتەنامەی \"دیدگاه\" راشیگەیاند جاری دووەم لە رەزبەری ئەمساڵدا و لە دەفتەری کاری حەفتەنامەی \"دیدگاه\" لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەرکرام و دواتر بەبێ ئامادەبوونی خۆم لەلایەن داگای شۆڕشی شاری سنەوە بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو حوکم درام و پاشان بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تمەنی ئازادیان کردم.

مادێح نەزەری رۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەفتەنامەی \"دیدگاه\" ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بانگهێشت و هەڕەشەی لێکرابوو کە بەو هۆیە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشتووە و لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی وڵاتی تورکیە داوای پەنابەری کردووە.

لەلایەکی دیکەوە شیوا گەنجی هاوسەری ئەو رۆژنامە‌نووسە کوردە بەهۆی لێدوان بۆ مێدیاکان لەمەڕ چارەنووسی نادیاری هاوسەرەکەی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و بەڵێننامەی فەرمیی لێوەرگیرابوو کە بەو هۆیەوە و هەروەها نیگەرانی لەمەڕ چارەنووسی هاوسەرەکەی ، ماوەی ٢ رۆژ له نەخۆشخانەی شاری سنە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو.

هەروەها لە ماوەی ئەمساڵدا دەیان رۆژنامەنووس، چالاکی فەرهەنگی _ مەدەنی و سیاسی کورد وەک: عەباس کاکایی، دیاکۆ خەیات، بەفرین حوجەتی، شاهۆ و نیشتمان حوسێنی، حەسەن مەلاک و لوقمان کۆخا و سەعد ئەیوبی بە ناچاری زێد و ئاخێزگەی خۆیان به‌جێ هێشتووە.