رۆژنامەنووس و چالاكێكی مەدەنیی كورد بە 3 ساڵ زیندان مەحكووم كرا

13:12 - 21 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: رۆژنامەنووس و چالاكێكی مەدەنیی كورد لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە سێ‌ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سنە، سەعید ساعێدی رۆژنامەنووسی كورد، بە تاوانی كۆبوونەوە و هاوكاری بەدژی تەناهیی نەتەوەیی بە دوو ساڵ زیندان و هەروەها بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و لایەنگری لە دوو حیزبی كوردیی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری حكوومەت بە یەك ساڵ زیندان و سەرجەم بە 3 ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دراوە.

ئەو رۆژنامەنووسە كوردە لە ساڵانی رابردووشدا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی حكوومەتەوە بە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەر كراوە.

سەعید ساعێدی زستانی ساڵی پێشوو لە ماڵی حەبیبوڵڵا لەتیفی چالاكی خوێندكاریی بە ئیعدام مەحكووم كراوی كورد لە سنە هاوڕێ‌ لەگەڵ چەند چالاكی فەرهەنگیی دیكە دەستبەسەر و پاش 74 رۆژ راگرتن لە ژووری تاكەكەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە دانانی وەسیقە ئازاد كرا.

پێشتر لە جەریانی دادگاییەكانیدا ناوبراویان بەپێی كۆمەڵێك بەڵگە بەوە تاوانبار دەكرد كە هاوكاریی چەند ناوەندی نێودەوڵەتیی كردووە و بەدژی حكومەت زانیاریی پێداون.
دوایین چالاكیی سەعید ساعێدی سەرنووسەری گۆڤاری \"رووبار\" و وتەبێژەی بەرەی ئاشتیی كوردستان بووە.