روانینێك بۆ فیلمی "كوڕە پێشمەرگە"، بەرهەمی زانیار ئادەمی

19:36 - 3 رێبەندان 2711
Unknown Author
روانینێك بۆ فیلمی \"كوڕە پێشمەرگە\"، بەرهەمی زانیار ئادەمی
شێركۆ جیهانی

لە كۆتایی ساڵی ٢٠١١، دەرهێنەرێكی لاوی كورد بە ناوی \"زانیار ئادەمی\" لە وڵاتی سوئێد، فیلمێكی بە ناوی \" كوڕە پێشمەرگە The Guerilla son \" بەرهەم هێنا و دواتریش بڵاوی كردەوە. ئەم فیلمە لە شاری ستۆكهۆلم پێشاندرا و دواتریش لە هێندێ كاناڵ بۆ وێنە \"ئەلجەزیرە\" بەشی ئینگلیسیەكەی بڵاو كرایەوە و هەتا ئێستاش بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ دا كردووە.

لە مێژ بوو چاوەڕێ بووم كە هێندێك كەس لە سەر ئەم فیلمە، رەخنە یان لانی كەم ڕوانگەی خۆیان بنووسن. بەڵام ئەوەندەی كە چاوم لە ماڵپەڕە كوردییەكان كردووە، هەتا ئێستا چاوەڕوانیەكەم وەدی نەهاتووە. هەر بۆیەش خۆم (لە گەڵ ئەوەشدا كە رەخنەگری فیلم نیم)، بۆ دووهەم جار چاوم لە فیلمەكە كردەوە و رەخنە یان باشترە بڵێم بۆچوونی خۆم وەكوو بینەرێك، بەم شێوەیە لە سەر نووسی:

فیلمی \"كوڕە پێشمەرگە\"، فیلمێكی دۆكیۆمێنتی یان بەڵگەییە. چیرۆكی بنەماڵەیەكی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە كە زانیار ئادەمی، واتا دەرهێنەری فیلمەكە، خۆی كەسایەتی سەرەكیەتی.

ئەم بنەماڵەیە، سەرەتا لە چوار كەس پێك هاتوون: زانیار ئادەمی+ باوكی زانیار بە ناوی تاهیر كە خۆی پێشمەرگەیەی دێرینە و لە ستۆكهۆلم تاكسی لێدەخووڕێ+دایكی زانیار بە ناوی لەتیفە كە ئەویش پێشمەرگە دێرین بووە + خوشكی زانیار بە ناوی كەژاڵ. جیا لەمانە، هێندێك كەسایەتی دیكەش لە فیلمەكە دا خۆ دەنوێنن كە بریتین لە دایە گەورەی زانیار واتا دایكی تاهیر كە بۆ سەردانیان لە كوردستانەوە دێتە سوئێد و كچە خۆشەویستەكەی زانیار كە دواتر زەماوەندی لە گەڵ دەكات و كوڕی زانیار كە دواتر لە دایك دەبێت...

كورتەی فیلمەكە ئەوەیە كە زانیار لە كوردستان و لە ناو بنەماڵەیەكی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا لە دایك بووە. دایك و باوكی لە تەمەنی پێنج ساڵەیی دا، زانیار بە تەنیایی و بە ڕێگای فڕۆكەخانەی بەغدا، رەوانەی وڵاتی سوئێد دەكەن و بنەماڵەیەكیش لە سوئێد، بۆ ماوەی ساڵێك زانیار لە لای خۆیان رادەگرن و ساڵێك دوای ئەمەش، دایك و باوكی زانیار دەچنە سوێد و دەست لە ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵدەگرن و لە گەڵی دەژین. زانیار و خوشكەكەی گەورە بوون و ئێستا زانیار خاوەنی هاوژینە. باوكی زانیار ئێستا شۆفیری تاكسییە و جاروبارەش لە گەڵ زانیار بە یەكەوە دەچن بۆ مەلە كردن لە مەلەوانگە. لەم نێوەدا زانیار دەزانێ كە باوكی لە گەڵ ئەوەشدا كە حەز ناكات باسی ڕووداوەكانی سەردەمی ڕابڕدووی خۆی بكات لە وێنەی قۆناخی پێشمەرگایەتی و زیندانی بوونی لە ئێران و شكەنجە كرانی لە زیندان، بەو حاڵەش هەموو كاتێك ئەم بیرەوەریانەی لە مێشك دایە و ئازاری دەدەن. هەر بۆیە هەوڵ دەدات باوكی بگەیەنێتە دەرۆنناسێك و دەرمانی بكرێت. بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی لە گەڵ ناوەندنێكی دەرۆنناسی تایبەت بە ئەشكەنجەكراوان دەگرێت و خۆشی سەردانیان دەكات. دەروونناسەكە هێندێ پرسیار لە زانیار دەكات و لێرەوە دەردەكەوێ كە خودی زانیاریش گریمانەی رابردووی هەیە. لێرەوەیە كە زانیاریش هەوڵ دەدات خۆی دەرمان بكات و ڕابڕدووی بدۆزێتەوە. بە تایبەت ئەم پرسیارە لە مێشكی زانیار دا دەورووژێ كە بۆ چی دایك و باوكی، كاتێك كە ئەو پێنج ساڵان بووە، بە تەنیایی ئەویان بۆ سوئێد ناردووە؟ زانیار دەزانێ كە لەو تەمەنە دا زۆریش نەخۆش بووە و وا هەست دەكات كە دایك و باوكی زۆریان خۆش نەویستووە و بە جۆرێك لە كۆڵ خۆیان كردووەتەوە. زانیار دواتر خۆی دەگەڕێتەوە كوردستان و دەچێتە باشووری كوردستان و تەنانەت دەچێتە سەردانی شاخەكانی سەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، واتا ئەو شوێنەی كە سەردەمانێك باوكی پێشمەرگە بووە و لە دژی ئێران شەڕی كردووە و دواتر دەگەڕێتەوە سوئێد و زەماوەند دەكات و لە كۆتایی فیلمەكەش دا خۆی دەبێتە باوك و كوڕێكی دەبێت...

فیلمی The guerilla sun خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی. فیلمێكی سوێدی-كوردییە. سوئێدیە، بەو مانایە كە بە دەرفەت و ئیمكاناتی سوئێد ساز كراوە و لە باری یاساییەوە وڵاتی سوئێد مۆری خۆی لەم فیلمە داوە. هاوكات فیلمێكی كوردییە، بەو مانایە كە دەرهێنەرێكی كورد سازی كردووە و باس لە بنەماڵەیەكی كورد دەكات و بەشیك لە دیمەنەكانیشی لە كوردستان گیراون و لە بارەی كوردستان دایە. رەنگە ئەمە یەكەمین فیلمە لە سەر كوردان كە پێكهاتەی دەروون ناسی لە خۆ گرتووە و ئێمە دەباتە نێو ناخی مرۆڤی ئازار دیتووی كوردەوە. لەو فیلمە دا دەروون ناسی و هەستی تاكەكەسی زانیار ئادەمی دەوری سەرەكی دەگێڕێ و گریمانەی ڵێڵ بوون ڕابڕدووی زانیار، كاریگەریەكی زۆری لە سەر ژیانی ئێستا و داهاتووی ئەو داناوە. گریمانەیەك كە زانیار هەوڵ دەدات بیكاتەوە. بەڵام چۆن دەتوانێ ئەم گریمانەیە بكاتەوە ئەگەر نەزانێ كە لە ڕابڕدوو دا چی بە سەر هاتووە و كێ بووە و چۆن هاتووەتە سوئێد و بووەتە ئەم كەسەی كە ئێستا هەیە؟!ئەمە هاوكات گەڕانە بە دوای خۆ ناسین. لێرە دایە كە پەیامێكی فەلسەفی لە چەشنی \"خۆت بناسە\"، لە نیگا و ئەندێشەی لاوێكی كوردی دانیشتووی ئوروپا، بە جۆرێكی تر خۆی نیشان دەدات: \"خۆت بدۆزەوە\". بەڵام خۆ دۆزینەوە بۆ كەسێك كە لە وڵاتێكی داگیركراو و جەنگیەوە هاتووەتە ناو كۆمەڵگایەكی ڕۆژاوایی رەنگاورەنگ بە كولتوریكی جیاواز، كارێكی ئاسان نییە و شێوازی خۆی دەوێت. بە تایبەتیش ئەوەی كە لە سەردەمی منداڵی دا تەنیا ماوەتەوە و ڕابڕدووی خۆی و ئەم وڵاتەی كە لێی هاتووە، لە بەر چاوی ڵێڵ و ناڕوونە. ئەو لە شێوازێك دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی خۆی و پێی وایە ڕوون بوونەوەی ڕابڕدوو، دەتوانێ كلیلی ئەم خۆ دۆزینەوەیە بێت و ڕێگای داهاتووشی لێ ڕوون بكاتەوە. هەر بۆیەش پەنا دەباتە بەر باوكی خۆی واتا تاهیر و بەردەوام داوای لێدەكات كە باسی سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی و منداڵی ئەو بكات. هەر بۆیە لە دەستپێكی فیلمەكەوە تا كۆتایی، زانیار پێداگرە لە سەر پرسیارەكانی لە دایك و باوكی لەم بوارەدا.

لەم فیلمەدا، بە تایبەتی لە باری تكنیكی و هونەری جوان ناسیەوە، گەلێك دیمەنی سەرنجراكێش بەرچاو دەكەون. بۆ وێنە دیمەنی مەلەی هاوبەشی زانیار و تاهیری باوكی كە چەندین جار نیشان دەدرێت، یەكێكە لە دیمەنە سەرنجراكێشەكان. ئەمە یەكەمین دیمەنی فیلمەكەشە و باوك و كوڕ بە ڕووتی و لە ژێر ئاو، مرۆڤ وەبیر مەلەی هاوبەشی دوو ماسی لە وێنەی \"دۆلفین\" لە ژێر ئاو دەخەنەوە كە ژیان و چارەنووسیان بە یەكتر گرێدراوە و بەردەوام لە گەڵ یەكترن.لەو دیمەنە دا زانیار و باوكی، وەك سێمبولی دوو ئینسانن كە ڕەگ بە ڕەگ و نەسل بە نەسل دەرۆن و مەلە كردنیشیان بەرەو پێش، وەك بڕینی ڕێگەی ژیانی هاوبەشیانە. ئەوان ئێستا بە یەكەوەن، بەڵام ئایا لە رابڕدووش دا بە یەكەوە بوون؟ لە فیلمەكە دا ئاشكرا دەبێت كە لێك دابڕانێكیش هەبووە. بنەماڵەیەك كە لە قۆناغێك دا لێك دابڕوان و ئەم لێكپچڕانەش وەك باس كرا، گریمانەی دەرۆنی زانیار پێك دێنێت. كێشەی دەرۆنی باوك بەڵام، شتێكی دیكەیە. باوك شكەنجە كراوە و ئازاری دیتووە و ئێستا دەیهەوێ بە خۆشی بگات و ئەو ڕابڕدووە دژوارەی زیندان و پێشمەرگایەتی فەرامۆش بكات. بەلام لە هەر حاڵ دا هەر دوو كەس ئێستا بە یەكەوەن. وەك دوو ماسی كە هاوژینی یەكترن.

دیمەنی سەرنجراكێشی دیكەی ئەو فیلمە، دیمەنی لێخووڕینی تاكسیەكەی كۆنە پێشمەرگەیە لە ناو شاری ستۆكهۆلم.تاهیر، ماشێن لێدەخووڕێ و لە سەر شووشەی پێشی ماشێنەكە، كاروانی پێشمەرگە دەبینین كە لە شاخ سەردەكەون. بەم جۆرە و بە جوانی و سادەیی، دیسان دەرهێنەر نیشانی داوە كە لە دەرۆنی باوكی دا چی دەرباز دەبێت. ڕابڕدوو هێشتا لە گەڵیەتی،دەست لە سەر سەری باوكی هەڵناگرێت، ئەگەری چی لێی هەڵدێت و ئەگەر چی ناهێنێتە سەر زمان.

دیمەنی جوانی هاتنە خواری باوكی زانیار لە ئاسانسۆریش، دیسان پێشاندەری دووپات بوونەوە و بەردەوامیە. بەردەوامی ڕۆژەكان و ئازارەكانی دەرۆنی... دیمەنی جوانی دانیشتنی زانیار و تاهیری باوكی لە قەراغ سۆبەیەكی ئاگر و هەروەها دیمەنی ئەو كاتەی كە زانیار و تاهیری باوكی بە یەكەوە گەڕاونەتەوە كوردستان و لە سەر هەمان ئەوشاخانەن كە سەردەمانێك تاهیر وەك پێشمەرگەیەكی چەك بە دەست لە سەریان بووە و ئێستا بە جلوبەرگێكی سڤیل لە هەمان شوێن راوەستاوەتەوە. لەم فیلمە دا دیمەن و وێنە كۆنەكان و بە تایبەت ئالبۆمی فۆتۆكان، دەورێكی بەرچاویان هەیە لە نیشان دانی ڕابڕدوو و (فلاش بەك). تاهیر بە كۆت و شەڕواڵ لە سەر شاخەكانە و ئەم دیمەنە لە گەڵ دیمەنی كۆنی پێشمەرگەیەك كە بە هەمان حاڵەتی راوەستانی ئەو، ڕوو بە شاخەكانی بەرامبەر ڕاوەستاوە، تێكەڵ دەكرێ و ئەمانەش زۆر بە جوانی میكس كراون و تێك كراونەتەوە. هاوكات هێندێك دیمەنی جوانی دیكە لە وێنەی چراكانی رەنگینی شاری ستۆكهۆلم لە كاتی شەو، سرووشتی رەنگاورەنگی سوێد و دارستانەكانی و ئەوینداری كردنی زانیار و ...هتد، هاوڕێ لە گەڵ موسیقایەكی باش كە بۆ ئەم فیلمە هەڵبژێدراوە، بە راستی سەرنج راكێشن.

بەڵام لەم فیلمە دا، كوردستان بۆ زانیار واتای چییە؟ بۆ تاهیری باوكی زانیار، كوردستان مانای چییە؟ خوێندنەوەكان تا رادەیەكی زۆر جیاوازن. لە دیمەنێك دا كە زانیار و تاهیری باوكی بە یەكەوە لە ماشێن دان و لە ناو شار بە شەو دەگەڕێن، كاتێك زانیار لە باوكی دەپرسێ كە ئایا حازرە بچێتەوە كوردستان؟ باوكی بەم پرسیارە وڵامی دەداتەوە: \" بۆ سەردان یان بۆ ژیان؟\". وەك كاتێك زانیار دەڵێت تەنیا بۆ سەردان، ئەوسا دەڵێت: \" ئەرێ\"! بەڵام مرۆڤ وا هەست دەكات كە ئیتر كوردستان جیا بۆ سەردان نەبێت، بۆ ژیان شوێنی تاهیری كۆنە پێشمەرگە نییە، هەر چەند كە ئەم شتەی راستەوخۆش نەگوتووە.تاهیر، بە پێچەوانەی كوڕەكەی، لەو فیلمە دا بەردەوام هەوڵی خۆ شاردنەوە و هەڵاتن لە كوردستان دەدات. دیالۆگەكانی تاهیر، ئەو دیالۆگە بەهێزانە نین كە بۆنی خەبات و تێكۆشانی ئازادیان لێ بێت و نرخ بداتە ڕابڕدووی شۆڕشگێرانەی خۆی، بە پێچەوانەوە بۆنی پەشیمانیان لێ دێت!

لە یەكەمین دیالۆگەكانەوە و لە دەسپێكی فیلمەكەوە كە زانیار، باوكی وەكوو كۆنە پێشمەرگەیەك دەناسێنێ كە بۆ \"بەرابەری و یەكسانی\" لە كوردستان و لە دژی حكومەتی ئێران شەڕی كردووە، تا كۆتایی فیلمەكەش تاهیر نیشان نادات كە بیروباوەڕێكی وای مابێت و شتێك لەم پێوەندیە دا دەرنابڕێت. لە دەستپێكی فیلمەكە دا تاهیر تاكسیەكەی لێدەخوڕێ و لە دڵی خۆی دا (مۆنۆلۆگ) قسە دەكات و دەڵێت: \" ئەمە مێژووە، دەبێ بینێژم. ئەگینا لەناوم دەبات !\". بەم جۆرە، وشەی لە گۆڕنانی بە كار هێناوە. ئایا ئەمە تەنیا لە گۆڕ نانی بیرەوەریەكانە یان حەزی نیشتیمانیش؟! ئایا هاتن بۆ سوێد و بوون بە هاووڵاتی سوێدی، بە واتایە دێت كە ئیتر نیشتیمانی ئەو تەنیا هەر سوێدە و ئەو وڵاتەش كە لێی هاتووە و سەردەمانێك بۆ ئازادیی شەڕی تێدا كردووە، دەبێ بۆ هەمیشە بە گڵكۆی مێژووی بسپێرێت؟!.

لە دیالۆگێكی كۆتایی فیلمەكەشدا ، تەنانەت بە ڕاشكاوی تاهیر باس لە پەشیمانی دەكات!

تاهیر:\"-دەی دوایی، دوای ئەوەی كە ئینسان هاتە سوێد و هات و ژیانی ساز كرد و ئیتر لەوە نەترسا كە بیكوژن، ماڵی بوو، ژیانی بوو، ئیتر وردە وردە پەشیمان دەبێتەوە!\"

لێرە دا بە تەواوی ڕوون نییە كە مەبەستی لە پەشیمان بوونەوە چییە؟ پەشیمان بوونەوە لەوەی كە شۆڕشگێر بووە؟! لەوەی كە نرخی بۆ ئازادی و یەكسانی داوە؟ یان لە چی؟ مەگەر شتێكی دیكەی كردووە تا لێی پەشیمان بێت؟ ئەگەر شتێكی دیكە لە گۆڕێ دا بێت، بێگومان لەو فیلمە دا دیاری نەكراوە. كەوابوو پەشیمانی لە چی؟ چۆن هەبوونی ماڵ و ئاسایشی تاكەكەسی لە سوێد، بووەتە هەموو شتێك بۆ كەسێك كە بە قەولی خۆی سەردەمانێك پێشمەرگەیەكی ناودار بووە! ئەمە خاڵێكە كە لەم فیلمە دا بۆ من جێگەی پرسیارە.

بە گشتی خاڵی لاوازی ئەم فیلمە كەسایەتی تاهیرە كە وەك كۆنە پێشمەرگەیەك بەردەوام پەیامێكی وا دەدات، یان لانی كەم هەست بەم پەیامە دەكرێت كە\"شۆڕشگێری لە كوردستان واتا فەلاكەت و مرۆڤ دەبێ لە دانی نرخ بۆ ئازادی خۆی ڕزگار بكات و هەڵبێت.\" ! راستە كە ژیانی پێشمەرگایەتی ژیانێكی سادە نییە و دژواری زۆرە، بەلام شۆڕشگێر بوون، نرخە نەك بێ نرخی. هاوكات هۆكاری فەلاكەت لە كوردستان، نەك شۆڕشگێری كورد، بەڵكوو ئەو هێز و دەوڵەتە كۆلۆنیالیستانەن، كە ولاتی كوردانیان داگیر كردووە و وێرانی دەكەن.

ئێمە، زانیار و باوكی تەنیا لە یەك شوێن دا، لە چالاكی سیاسی دا دەیانبینین، ئەویش ڕێپێوانی ژمارەیەك ئێرانیە كە ئالای سەردەمی رەزاشای ئێرانیان بە دەستەوە گرتووە و لە ستۆكهۆلم كۆبوونەوە! جیا لەم دیمەنە كە دەكرێ وا نیشان بدات كە باوكی هێشتا بیر لە تێكۆشان دژ بە رژیمی ئێران دەكاتەوە، لە هیچ شوێنێكی دیكەی فیلمەكە دا، نە قسەیەك لە زاری تاهیر دەبیسین كە باس لە تێكۆشان بكات و نە كردەوەیەكی لێ دەبینین. هەڵبژاردنی ئەو دیمەنەش بە رای من جێگەی پرسیارە. چۆنە زانیار و باوكی كە بە هۆی كورد بوون ئاوارە بوون، لە ستۆكهۆلم دەچنە ژێر ئالای ئێرانیەكان!؟ مەگەر نە ئەوەی كە تاهیر لە ژێر هەمان ئاڵا شكەنجە كراوە و لە ژێر هەمان ئاڵاش هاوڕێیانی لەسێدارە دراون و كوژراون و هەر ئەو دەسەڵاتانە بوونە هۆی دەربەدەر بوون و لێك هەڵپچرانی بنەماڵەكەی خۆیشی !؟ هەر لەو شوێنەیە كە كچە فارسێك سرودێكی خۆشی سیاسی دەخوێنێ كە لە گەڵ ناوەڕۆكی ئەو فیلمەشدا یەكی گرتووە. گۆرانیەك كە \"خۆزگە بۆ ئەوە دەخوازێ كە توانیبای رابڕدوو فەرامۆش بكات، بەڵام ناتوانێ. هاوكاتیش باس لە هیواكانی داهاتوو دەكات\". بەڵام سەڕەڕای جوان بوونی ئەو دیمەنە و سەرنجراكێش بوونی ئەم سروودە، بە رای من هەڵبژاردنی دیمەنەكە و تێكەڵ بوونەوەی كۆنە پێشمەرگەیەكی كورد بە ئێرانیەكان، بە جۆرێك لە جۆرەكان سەلماندنی ناسنامەی كۆلۆنیالیزمی حاكم بە سەر كوردستان و چەمكی ئێرانی بوونە لەجیاتی ئازادیخواز بوون بە ناو و نیشانی كوردیەوە.ئەمەش واتا دوور بوونەوە لە چەمكی راستینی خۆ ناسین و دۆزینەوەی ناسنامەی راستەقینەی دوو كورد كە بە تایبەتیش یەكیان پێشمەرگە بووە و ئەمەی دیكەشیان كوڕە پێشمەرگە!

باوكی زانیار لە شوێنێك دا كە زانیار لێی دەپرسێ كە بۆ چی ئەویان بە تەنیایی لە تەمەنی پێنج ساڵەیی دا ناردووەتە سوێد، تەنانەت هاوڕێ پێشمەرگەكانی كۆنی خۆی تاوانبار دەكات و هەستێكی وا بۆ بینەر ساز دەبێت كە بڵێی ئەم پێشمەرگانە چەندە زالم بووبن لە بەرامبەر ئەندامانی بنەماڵەكانی یەكتر و بە تایبەت منداڵەكان دا! واتا لە جیاتی ئەوەی كە زۆرتر لایەنی سەرەكی و سەرچاوەی ئەم فەلاكەتە رژیمی ئێران نیشان بدرێت، بە جۆرێك خەریكە هەستێكی وا ساز دەكات كە ئەمە پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی بووە كە بنیانی بنەماڵەی زانیار و باوكی شێواندووە. (هەڵبەت مرۆڤ ناتوانێ باس لەوە نەكات كە پارتە كوردیەكان و هێزی پێشمەرگە بێ خەتا بووە، نا. بەڵام ئەمانەی كە تاهیر باسیان دەكات، زۆر لۆژیكی نین). دیالۆگەكە بەم جۆرەیە:
تاهیر:-من بۆ ئەوەی تۆ ڕزگار بكەم، زۆرم هەوڵ دا !

زانیار: - بەڵام ڕوانینی منداڵی من ئەوە بوو كە تۆ نەتویست لە گەڵ من بی. وەهاتان پێ باشتر بوو كە من نەبووبام، چوونكە من نەخۆش بووم و بە بەڵاتان دەزانیم.

لێرەدا تاهیر دیاری ناكات كە ویستوویەتی زانیار لە چی ڕزگار بكات؟ مرۆڤ وا هەست دەكات كە كوردستان جەهەننەمێكە و ڕێگای رزگاریش تەنیا و تەنیا گەیاندنی زانیار بووە بە بەهەشتی نەجات واتا سوێد! ئەوە لە كاتێكدایە كە بەردەوام بێ باوەڕی زانیار لە بەرامبەر ئەم قسانەی تاهیر و قسە هاوشیوەكانی دایكی دا دەبینین و هەست بەوە دەكەین كە زانیار، نە تەنیا لە لایەن دایك و باوكیەوە هەوڵی رزگار كردنی نەدراوە، بە پێچەوانەوە لەوپەڕی بێ بەزەیی دا بە تەنیایی ناردوویانەتە ولاتێك كە هیچ شتێكی لە بارە دا نازانن و شایەدیش كردوویانە بە پردێك بۆ خۆیان تا بەم جۆرە خۆشیان لە پێشمەرگایەتی خڵاسیان بێت و بچنە ئوروپا، هەر وەك چۆن ساڵیك دوای هاتنی زانیار بۆ سوێد، ئەوانیش چوونەتە لای.

تاهیر لە درێژەی هەمان دیالۆگدا، هێرش دەكاتە سەر \"سەید ئیبراهیمی عەلیزادە\" (سكرتێری یەكێك لە لقەكانی كۆمەڵە) و تاوانباری دەكات بەوەی كە ئەم كەسە نەیهێشتووە لە گەڵ زانیار بچێتە فڕۆكەخانەی بەغدا و بۆ سوێد رەوانەی بكات! دیارە لێرەشدا تەنیا تاقمێكی سیاسی كورد سەید ئیبراهیم دەناسن و زۆربەی كوردانی ناسیاسی و بینەری ڕۆژاوایی نازانی سەید ئیبراهیم كێیە. تاهیر دەڵێ شەڕی لە گەڵ ئەو دا كردووە و گوتویەتی كە یا من یان هاوسەرم \"لەتیفە\" دەبی بچینە فڕۆكەخانە و دواتر لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا ئیجازەیان داوە كە لەتیفەی دایكی زانیار، تا فڕۆكەخانە لە گەڵی دا بچێت و منداڵی تەمەن پێنج ساڵەی خۆی بە تەنیایی رەوانەی سوێد بكات ! ئەگەر ئەم قسانەی تاهیر راست بن، مرۆڤ ئەم گومانەی لە لا درووست دەبێت كە ئایا شۆڕشگێر و پێشمەرگەی كورد، ڕزگاری منداڵانی نیشتیمانی خۆی لە چی دا دیتووە؟ ئایا بە راستی حیزبێكی وەك كۆمەڵە ئامادە بووە قەبوڵ بكات كە پێشمەرگەكانیان، منداڵەكانی خۆیان بە تەنیایی بنێرنە ئوروپا و تەنانەت ڕێگەیان نەدابێت كە دایك و باوكی منداڵەكان تا فرۆكەخانەش لە گەڵیاندا بچن؟! من وەك تاكەكەسی خۆم بڕوا بەو چیرۆكە ناكەم كە لەم دێكۆمێنتە دا هەیە و هاوكات بە خراپ كردنی سیمای پێشمەرگەی دەزانم لە لایەن كۆنە پێشمەرگەیەكی وەك تاهیر، ئەویش تەنیا بۆ داپۆشینی خەتای تاكەكەسی خۆی كە ناردنی منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵە بووە بە تەنیایی بۆ سوێد. دواتریش تاهیر دەڵێت كە سپاسی زانیاری كوڕی دەكات، چوونكە ئەو بووەتە هۆی خۆ ناسینی! بەلام ئێمە گۆرانكاریەك بە شێوەی خۆناسین لە تاهیری كۆنەپێشمەرگە دا نابینین جیا لەوەی كە ئێستا تەنیا هەوڵ دەدات رابڕدووی شۆڕشگێرانەی خۆی فەرامۆش بكات. كەوابوو زانیار چۆن دەتوانێ هۆكاری خۆ ناسینی ئەو بوو بێت؟ بە رای من زانیار، زۆرتر وەكوو پردی دەرباز كردنی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو بووە، بەرەو دەستپێكردنی شێوازێكی تەواو جیاواز ژیانی لە ئوروپا و ئەمەش ناتوانی ماناكەی خۆ ناسین بێت. ئەم قسەیەی تاهیر هاوكات بەو مانایە دێت كە تا بەر لە هاتنی بۆ سوێد، واتا لەو قۆناغانە دا كە پێشمەرگە بووە، بە ئاگایی و خۆناسین نەگەیشتووە. كەسێك كە چەكی بە دەستەوە بووە و بە قەولی زانیار بۆ یەكسانی و بەرابەری شەڕی كردووە و سەختی شاخ و یەكساڵ ئازاری زیندانی دیتووە و دواتریش بنەماڵەكەی لە یەك هەڵوەشاوە، دان بەوە دادەنێ كە لەم قۆناغە پیرۆزانە دا كەسێكی وشیار نەبووە، بەڵام كاتێك كە هاتووەتە سوێد، بە هۆی منداڵێك كە بە تەنیایی و لە تەمەنی پێنج سالەیی دا ناردوویەتی بۆ وڵاتێكی نەناس، كەسایەتی وەرچەرخاوە و خۆی ناسیوە!!! بەڵام ئایا ئەم وەرچەرخانە بە راستی خۆ ناسینە؟ ئەم وەرچەرخانە چ جۆرە وەرچەرخانێكە و بە كردەوە لە فیلمەكە دا چۆنی دەبینین؟ ئەمە خاڵێكە كە بۆ بینەر، دەكرێ جێگەی پرسیارێكی گەورە بێت !

تاهیر لە شوێنی دیكەی ئەم فیلمەشدا وڵامێكی نالۆژیكی و ساویلكانە دەداتەوە. لە شوێنێكی دیكەی فیلمەكە دا، دیسان لە ولامی هەمان پرسیار كە بۆ چی بە تەنیایی و لە تەمەنی پێنج ساڵەیی دا زانیاری ناردووەتەوە سوێد، بەم جۆرە وڵام دەداتەوە:
\"دەزانی، ئەمن كەسێكی ناسراو بووم. لەتیفە وەكوو من بە ناو بانگ نەبوو!\"

لێرەشدا بینەر نازانێ كە تاهیر چی دەڵێت! ئایا كەسێك كە پێشمەرگەیەكی ناسراو بوو بێت، مافی ئەوەی نەبووە كە لە گەڵ كورەكەی خۆی تا فرۆكەخانەیەك بڕوات، بەڵام هاوسەرەكەی كە پێشمەرگەیكی سادە بووە، ئەو مافەی هەبووە!؟ مرۆڤ بەم قسانە وا هەست دەكات كە سیستەمێكی تەواو \"پۆل پۆتی\" بە سەر ئۆردوگای كۆمەڵە و هێزی پێشمەرگە دا زاڵ بووە كە كەس نەیوێراوە بێ ئیزنی فەرماندە پلەدارەكان، ئاویش بخواتەوە و تەنانەت مافی سەردانی بنەماڵە و مەحەبەت كردن بە منداڵەكەشی نەبووە. ئایا بە راستی تاهیر لە گەڵ سەید ئیبراهیم دا شەڕی كردووە تا ئیزن بدات زانیار لە گەڵ دایكی بێت!؟ لە كاتێكدا كە لە فیلمەكە دا دەردەكەوێ كە زانیار لە دوای لە دایك بوونی بۆ ماوەی یەكساڵ لە لای دایكی گەورە بووە و دواتریش تا تەمەنی چوارساڵەیی لە لای داپیر و باپیری لە لایەنی دایكیەوە ژیاوە . هاوكات هیچ لۆژیكێك ئەمە قەبول ناكات كە هێزی پێشمەرگە ڕێگەی لە پێشمەرگەیەكی ژنی خۆی گرتبێت كە لە گەڵ منداڵەكەی بوو بێت و هەموومان دەزانین، مەگەر ئەوەی كە ئەم پێشمەرگەیە خۆی لە منداڵەكەی دابڕی بێت و بۆ ماموریەت و كاری تەشكیلاتی چووبێتە شوێنێك، ئەگینا لە حاڵەتی ئاسایی دا مافی ژیان و مانەوەی لە گەڵ منداڵەكەی وەك مافێكی سرووشتی هەبووە. كەوابوو لێرە دا لە نێوان رێئالیتەیەك كە لە كوردستاندا هەبووە و گێڕانەوەی تاهیر دا، ناكۆكی و پارادۆكسیك دێتە ئاراوە، كە ئەمەش زۆرتر بە رای من بۆ داپۆشینی هۆكاری رەوانەی كردنی منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵە بە تەنیایی بۆ سوید دەگووترێن. بەڵام بە چ نرخێك؟ بە نرخی خراپ كردنی سیمای پێشمەرگە بە دەستی كۆنەپێشمەرگەیەك كە دواتر لە تاكە حاڵەتی سیاسی نوێی خۆی دا چووەتە ژێر ئاڵای ئێرانیەكان، نەك ئالای كوردی! هاوكات ئەمە پێشاندەری هەستی نامۆ بوونە لە گەڵ رەوتی ڕووداوەكانی ئێستای كوردستانیش.
زانیاریش كە دێتەوە كوردستان، ئەو نامۆییەی تێدا بە دی دەكرێت. زانیار بە پێچەوانەی باوكی، نایهەوێ لە گەڵ كوردستان نامۆ بێت. ئەو هەوڵ دەدات بچێتە ناخی و خۆی تێدا بدۆزێتەوە. بەڵام كاتێك كە بۆ یەكەمین جار دوای بیست ساڵ دووری دێتەوە كوردستان و دەچیتە باشووری وڵات، بە قسەكانی و بە دیمەنەكانی فیلمەكەی، ئەم نامۆییە هەست پێ دەكەین. زانیار بەم جۆرە باس لە كوردستان دەكات:
\" كوردستان بۆ من وەكوو تێكەڵ بوونی تەم و مژێكی ڕەشە لە ناو حافزەیەك لە تاریكی.\"

هەر بەم جۆرەشە كە دیمەنی خۆی كە دوای هاتنی بۆ كوردستان لە ناو شەقامە ڵێڵ و تاریكەكان و وەكوو غەریبەیەك نیشان دەدات. ئەوەندەی لە كوردستانە، هەوڵ نادات پەیوەندی لە گەڵ خەڵكی كوردستان بگرێت و تەنیا خۆی و باوكی نیشان دەدات. دەڵێی لەم خەڵكە بێگانەیە و ڕووداوەكانی سەردەم و ڕەوشی هەنووكە بە لایەوە گرینگ نین تا لە فیلمەكەی ئەو دا رەنگ بدەنەوە. تەنیا گەڕان بە دوای رابڕدووی دا گرینگە و بەس. ئەو دەیهەوێ تەنیا لە گەڵ ئەم ڕابڕدوویە ئاشنا بێت و بەم جۆرە سیمای خۆی تێی دا بدۆزێتەوە. بەم شێوەیە شۆڕشگێرێكی سۆسیالیست كە باوكی زانیارە و كوڕەكەی كە گەورە بووی ئوروپایە، واتا خودی زانیار، تا رادەیەكی زۆر تووشی ئەم شتە هاتوون كە پێی دەگووترێ \"ئێگۆئیزمی ڕۆژاوایی\" و ئەمەش لە فیلمەكە دا بە ڕوونی ئاشكرایە. ئەگینا ئەگەر ئامانج دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەكان بێت و بۆ گرتنی شتێك لەم حەقیقەتە، دەست لەم تاریكیە وەر دەدرێت، واقعی ئێستا و زانیاریەكانی دیكە چی؟ نەدەكرا بۆ ماوەیەكی زۆر كورتخایەنیش بووبا، چاوێكی لەوانیش كرابا؟

لەم فیلمە دا بە جۆرێك لە جۆرەكان هەستێكی كۆنی شەرقیش دەبینین. هەستی باوك سالاری ! لە بنەمالەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی و سوننەتی دا، باوك دەوری سەرەكی هەیە لە بنیانی بنەماڵەدا. هەمان هەست لە زانیاریش دا وەدی دەكرێت. دایكی زانیار كە وەك باوكی زانیار پێشمەرگە بووە، دەوری سەرەكی نییە و پێوەندیەكانی زانیار زۆرتر لە گەڵ باوكیەتی.باوكیەتی كە زۆرتر لە باوەشی دەگرێت و وەك پەناگەی خۆی دەزانێت. پەناگەیەك كە لانی كەم ئەگەر پێی وایە لە منداڵی دا نەبووە، ئێستا دەبێ ببێت. كەمبوودی سەردەمی منداڵی چۆن دەتوانێ پڕ بكاتەوە؟ بە باوەشی باوكی و گریانێك؟! ئەمە چەندین جار لە فیلمەكە دا ڕوو دەدات. باوكی زانیار وەك خۆی لە فیلمەكە دا دەڵێت، قارەمانی ژیانی ئەوە. باوكێك كە نەخۆشە و نایهەوێ دڵی لە لێدان بكەوێت. هەر چەندە لەو پێوەندیەش دا قسەیەكی لاواز لە زانیار دەبیسین كە لە سەرەتای فیلمەكە دا بەم جۆرە دەڵێت:
\" من دەمهەوێ دڵی باوكم لێ بدات، چوونكە دەمهەوێ بزانم چیم بەسەر هاتووە لە كوردستان !؟\"

ئەم ڕستەیە لە گەڵ ئەوەشدا كە راستە، بەڵام هەڵەیەكی سەرەكی تێدایە. مرۆڤ حەز دەكات باوكی بژی، لە بەر ئەوەی كە حەز لە باوكی دەكات، نەوەك مرۆڤ ئاوات بخوازێ كە باوكی بژی، تەنیا لە بەر ئەوەی چیرۆكێكی بۆ بگێڕێتەوە! واتا مرۆڤ زیندوو مانەوەی باوكی بە خاتری خودی باوكی دەوێت نەوەك لە بەر شتێكی دیكە. ئەگەر وشەی \" چوونكە\" لەم رستەیە دا نەبا، بە رای من كێشەیەك نەدەبوو. بەڵام بەمە مرۆڤ وا هەست دەكات كە زانیاریش باوكی تەنیا وەكوو پردیك دەبینێ لە نێوان خۆی و ڕابڕدووی و بەس. هەر چەند لە راستی دا وا نییە. ئەو باوكی خۆش دەوێت و حەزی لێدەكات. باوك بۆ ئەو قارەمانە، هەر چەند بە گومانیشەوە لەو بابەتە دەڕوانێ كە لە منداڵی دا، باوكی زۆر ئەوی خۆش ویست بێت یان زۆری گرینگی بە زانیار دابێت. ئەو لە باوكی دا سیمای كۆنە پێشمەرگەیەك دەبینێت كە دوای ئەوەی منداڵی بووە تا تەمەنی پێنج سالەیی نەیتوانیوە لە گەڵی بێت و دواتریش هەمان منداڵی بە تەنیایی و نەخۆشی ناردووەتە سوێد! ئەمەش شتێكە كە تا ئێستاش بۆ زانیار دەرك ناكرێ كە بۆ چی وایان رەفتار لە گەڵ دا كردووە؟! ئایا هەلومەرجی پێشمەرگە و شەڕی كوردستان لەو قۆناغە دا زۆر دژوار بووە، یان بێ ڕەحمی دایك و باوكی بووە كە بەم جۆرە ئەویان ناردووەتە دەرەوە.مرۆڤ بە درێژایی فیلمەكە هەست بەوە دەكات كە زانیار، بە هۆی ئەم كەمبودی مەحەبەتەی كە لە منداڵی دا پێی كراوە، هەتا ئێستاش هەر خۆی بە منداڵ دەزانێ و هەستی منداڵی و ئاكاری منداڵانەی تێدا ماوە، بە جۆرێك كە هەموو جارێ وەكوو منداڵێك دەچێتەوە باوەشی باوكی و پێی دەڵێت كە دەیهەوێ هەمیشە لە باوەشی دابێت.ئەمەش واتا نایهەوێ بەم زووانە دەست لە منداڵ بوون هەڵبگرێ و لەم هەستە خۆشەی پێوەندی باوك- منداڵیەتی تێر نابیت، تەنانەت ئێستا كە زانیار خۆی دەبێتە باوك و لە فیلمەكە دا منداڵی دەبێت. هەر ئەوەشە كە كاتێك دەیهەوێ بۆ دەرمانی ناڕاحەتیەكانی باوكی پێوەندی بە پزشكی دەرۆنناس بكات، لە راستی دا خۆی تووشی دەرۆنناسی و لێكۆڵینەوەی دەرۆنی خۆی دەبێت و هەوڵی كردنەوەی ئەم گریمانەیە دەدات. ئاخر هەر چیەك بێت زانیار ئادەمی، ئێستا هاوسەری هەیە و منداڵێك و لەمەو بە دوا دەبێ ڕۆڵی باوكێك بگێڕێت نەك منداڵی جاران.

بابەتێكی دیكە لە بارەی ڕووداوەكانی ئەم فیلمە و تەمەنی زانیار ئەوەیە كە زانیار لە گەڕانی بە ناخی منداڵی دایە كە هێندێك شتی وەبیر دێتەوە و ئەم شتانەش دیسان ڵێڵن و بۆ زانینی راستی ڕووداوەكان، پرسیار لە دایك و باوكی دەكات، بەڵام لە جێگەیەكی فیلمەكە دا شتێكی سەیر دەڵێت كە ئەمە لە گەڵ مەنتیق و لۆژیك دا ناگونجێت. لە یەكێك لە دیمەنەكانی كۆتایی فیلمەكە دا زانیار دەڵێ:
- لە بیرمە لیستی ناو دەهاتنەوە. لیستی ناوی ئەو پێشمەرگانەی كە دەكوژران. نیگەران بووم كە ناوی باوكیشم لە ناویان دا بێت !
بەڵام بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی كە زانیار لە كاتی پێشمەرگە بوونی باوكی دا تەمەنی زۆر زۆر كەم بووە و لە پێنج تا شەش ساڵ تێنەپەڕێوە، چۆن منداڵێكی لەو تەمەنە دا شتێكی وای زانیوە و نیگەرانیەكی بەم جۆرەی هەبووە كە نەكا باوكی لە لیستی ئەم كەسانە دا بێت كە كوژراون؟
زانیار لەم فیلمە دا لە دوای باوكی، لە دەوری دایكی خولاوەتەوە. ئەو لە دایكیشی زۆرتر لە سەر ئەو بابەتە پرسیار دەكات.وڵامەكانی دایكیشی زۆر لۆژیكی نین. دایكی بە پێچەوانەی باوكی كە هەموو شتێكی لە بیرە و باس ناكات، دەیهەوێ باس لە ڕابڕدوو بكات، بەڵام دەڵێ تووشی فەرامۆشی هاتووە.

لە دیالۆگێك دا لە نێوان زانیار و لەتیفەی دایكی، بەم جۆرە هاتووە:
زانیار: - لەتیفە، بۆ منتان بە تەنیا نارد بۆ سوێد؟
لەتیفە: - ئێمە بڕیاڕمان نەبوو وا بكەین!
زانیار:- چۆن؟
لەتیفە: - رێگەی تر نەبوو. یان لەوێ رایان دەگرتی، یان دەبوایە بە تەنیا ڕۆیشتبای!
ئایا بە راستی ئەمە وڵامێكی لۆژیكیە لە لایەن دایكێكەوە لە هزری بینەر دا؟! كێ هەیە بەم وڵامە قانع بێت؟!چۆن دایكیك دەتوانێ منداڵێك بە تاقی تەنیا، جا بە هەر هۆكار و بەهانەیەك بێت، بنێرێتە وڵاتێكی دوور كە نایناسێت. ئەگەر ئەم منداڵە تووشی كێشەیەك هاتبا لەم وڵاتەدا، كێ بەرپرسیار بوو؟ ئەگەر دایك و باوكی چەند ساڵیك دواتر یان بۆ هەمیشە نەیانتوانی با چووبانە لای و دۆزیبایانەوە، چی دەقەوما؟ لێرەدایە كە رەنگە بینەرێكی سیاسی كورد بزانێت كە هۆكاری سەرەكی ئەم رەفتارە، هێزی پێشمەرگە و سەختی ژیان لە كوردستان نەبووە، بەڵكوو هەڵسوكەوتی شەخسی ئەم دایك و باوكە بووە كە دڵیان رازی بووە كە ڕۆڵەكەیان بە تەنیایی بنێرنە ئەم سەفەرە. ئەگینا كام هێز هەبووە كە بتوانێ بە زۆری ڕۆڵەكەیان بەرێت و ئەوان نەیانتوانیبێت پێشی پێ بگرن !؟ ئایا بە راستی لەتیفە و تاهیر، هیچ ڕێگایەكی دیكەیان نەبووە جیا لە ناردنی منداڵەكەیان بەم شێوەیە؟ كامە دایك ئامادەیە لە دژوارترین هەلومەرجەكانیش دا منداڵی تەمەن پێنج ساڵەی خۆی بنێرێتە وڵاتێكی دوور؟
درێژەی دیالۆگەكە بەم جۆرەیە:
زانیار: - باشە تاهیر لە كوێ بوو؟
لەتیفە: - پێم وایە لە شەڕ بوو!
لێرەدا پارادۆكسێك هەیە. لە لایەك تاهیر باس لەوە دەكات كە لە گەڵ سەید ئیبراهیم بە شەڕ هاتووە كە ڕێگە بدات یان خۆی یان لەتیفە لە گەڵ زانیار دا بڕۆنە فڕۆكەخانە! كەوابوو تاهیر و لەتیفە دەبێ بە یەكەوە بووبن و ناكرێ تاهیر لە كات و شێوازی چوونی زانیار بێ ئاگا بوو بێت. دیالۆگێكی وا لە گەڵ سەید ئیبراهیم، خۆی نیشان دەدات كە تاهیر یان لە شەڕدا نەبووە، یان ئەگەر ویستبای، ئیمكان و دەرفەتی چوونی هەبووە لە گەڵ كورەكەی دا.هاوكات لەتیفە بە شك و گومانەوە وڵامی كوڕەكەی دەداتەوە و دەڵێ: \" پێم وایە\" لە شەڕ دا بوو! لێرە دا وشەی پێم وایە دوو حاڵەت دەگەیەنێ، یان هەوڵی شاردنەوەی حەقیقەتێكی تر دەدا بە بەهانەی ئەوەی كە مێردەكەی لە شەڕ دا بووە، یانیش وەك لە فیلمەكە دا باس كراوە، بە هۆی ئەوەی تووشی فەرامۆشی هاتووە، وەبیری نایەتەوە كە تاهیر لە كوێ بووە !
هەر لە درێژەی ئەم دیالۆگەدا لەتیفەی دایك، بانگەشەی ئەوە دەكات كە \" زانیار هەموو كەس و هەموو شتێكی ئەوان بووە\"و دواتریش باس لەوە دەكات كە بە هاتنی بۆ سوێد و لە باوەش گرتنی زانیار، كەم كەم ئەم سارد و سڕیەی كە بە هۆی دووری لە زانیار تێی دا ساز ببو، لە ناو چووە ! واتا ئەگەر چاوێك بە ڕەوایەتەكە دا بخشێنین دەبینین كە زانیار، لە كاتی لە دایكبوونی، تا یەك ساڵ باوكی نەدیتووە. باوكی لە شەڕ دا بووە و لە ناوچەی سەردەشت. كاتێك هەواڵی ئەوەی بیستووە كە زانیار لە دایك بووە، ڕێگای سێ ڕۆژی پێواوە و خۆی گەیاندووەتە ئەم كەمپەی كە لەتیفە و زانیاری لێ بووە و تەنیا ماوەی چوار-پێنج ڕۆژ توانیویەتی لە لایان بمێنێ و بە جێی هێشتوون. دواتر زانیار یەكساڵ لە لای دایكی گەورە بووە كە ئەمە تەمەنی شیر خۆری و گاگۆڵە كردنی منداڵە. دوای ئەمە تا تەمەنی پێنج ساڵەیی، واتا بۆ پێنج سالان هەر لە لای داپیر و باپیری بووە لە بەرەی دایكی و ئەمەش واتا بێ بەش بوون لە مەحەبەتی دایك و باوكی راستەقینە. هەر ئەوەشە كە دوای هاتنی بۆ سوێد، كاتێك بووەتە شەش ساڵە و دایك و باوكی هاتوونە لای، (بە دان پێیانانی دایكی لەم دیالۆگە دا) ساردی و سڕیەك هەبووە لە پێوەندی دایكانە و بابانەیان دا لە گەڵ زانیار!ساردی و سڕیەك كە بە وتەی دایكی كەم كەم لە ناو چووە !!! ئەمە تەنیا شوێنێكە كە ئەم شتە دانی پێیا نراوە و لە درێژەی ئەم فیلمە دا بەردەوام هەم دایك و هەم بابی زانیار، ئامادە نین دان بەوە دا بنێن كە خۆیان وەك تاكەكەس كەمتەرخەمیان كردووە لە بەرامبەر چارەنووسی زانیار و كەم مەحەبەتیان هەبووە بۆی و خەتاكان دەخەنە ملی هەلومەرج و شۆڕشگەرانی هاوڕێیان ! بەڵام ئەم پرسیارە بۆ منی بینەر ساز بووە كە چۆنە دایكێك باس لەوە دەكات كە \"سارد و سڕی\" پێوەندی لە گەڵ منداڵەكەی هێدی هێدی دوای هاتنی كەم بووەتەوە!؟ ئەسڵەن چۆن توانیویانە لە گەڵ جگەرگۆشە و منداڵێك دا كە بە قەولی خۆیان هەموو كەسیان بووە، سارد بوو بن، تا دواتر گەرم ببنەوە؟!
خوشكی زانیار، كەسایەتیەكی دیكەیە كە زۆر لە میحوەری فیلمەكە دا نییە و تەنیا لە چەند شوێنێك، بە سانایی بە سەری دا دەرباز بووە. زانیار لە شوێنێك دا دەچێتە ماڵی كەژاڵی خوشكی و دیالۆگەكانیش ناڕوونن. واتا بینەر ناتوانێ بە باشی تێبگات كە باسی چی دەكەن و دەكرا دیالۆگەكان ڕوونتر بان.
چەند بابەتی ناتەبای دیكە لە فیلمەكە دا، یەكیان مەسەلەی زمانی فیلمەكە بوو. ئەوەی كە لەم فیلمە دا زۆرتر قسەی پێدەكرێ كوردیە و لە هێندك شوێنیش دا سوێدی. بەڵام ئەم كوردیەی كە قسەی پێ دەكرێ، گەلێك وشەی سوێدی لە گەڵدا تێكەڵ بووە. بۆ وێنە كەژاڵی خوشكی زانیار لە شوێنێك دا دەڵێت:
- من \"ئۆركا\" ناكەم.
واتا من ناتوانم! گەلێك وشەی دیكەش لە ناو كوردی قسەكردنی زانیار و باوك و دایكی دا هەیە لە وێنەی :
سنێلا Snälla (واتا:تكایە)
بێرێتێلسێ Berättelse (واتا : چیرۆك و بەسەرهات(
ئاندرا سیدا Andra Sidan (واتا:لایەكەی دیكە) و .... هتد.
دیارە لە بەر ئەوەی كە فیلمەكە بەڵگەیی و دۆكیۆمێنتە، رەنگە ئەمە ڕەخنەیەك نەبێت لە سەر دەرهێنەر. چونكە فیلمی بەڵگەیی دەبێ هەوڵ بدات راستیەكان وەك خۆیان نیشان بدات و مەخابن ئەو راستیەش لە ژیانی كوردانی دانیشتووی سوێد دا هەیە كە زمانی كوردیەكەیان كەوتووەتە ژێر كاریگەری گرانی زمانی سوێدی و گەلێك وشەی سوێدی تێكەڵ بووە. بەڵام لە هەمان كات دا ئەگەر كوردێك گوێ بداتە فیلمەكە، لە هێندێك شوێن بە هاتنی ئەم وشانە كە ناونەتەوەییش نین، ڕەنگە تێنەگات كە چی گوتراوە.
دوویەم، باسێكی كولتوریە. لەو فیلمەدا زانیار وەكوو ئوروپاییەك ژیان دەكات. لە گەڵ كچێكی ئوروپایی ژیانی هاوبەشی پێك هێناوە و بە یەكەوە، تەنانەت بەر لەوەی كە زەماوەند بكەن دەژین و دەتوانن سێكسیان هەبێت و منداڵیشیان هەبێت. بە سوێدی بەو سیستەمە ژیانە دەڵین Sambo.ئەگەر هەڵەم نەكردبێت بە ئینگلیسیش پێی دەڵێن Cohabiting كە كوردیەكەی دەبێتە\"پێكەوە ژیان\". هەر بۆیە كاتێك كە لە سەرەتای فیلمەكە دا زانیار، مزگێنی بە باوكی دەدات كە دۆستە كچە هاوژینەكەی زگی پڕ بووە و حامیلەیە و ماوەیەك دواتر زەماوەندی لە گەڵ دەكات، ڕەنگە بۆ كەسێك كە لە كوردستان و بە كولتوری كوردی دەژی، بە ئاسانی هەزم نەكرێ! رەنگە بینەرێك لە كوردستان كە ئاگای لەم شێوازە كولتورە نییە بە خۆی بڵێت: چۆنە لەو فیلمە دا سەرەتا ژنەكەی زگی پڕ بووە و دواتر زەماوەندیان كردووە و بوون بە ژن و مێرد!دیارە ئەوەش بە رەخنەیەك لە سەر دەرهێنەر نازانم و هەر وەك گوتم، ئەركی دەرهێنەری فیلمی بەڵگەیی نیشان دانی راستیەكانە وەك خۆی. تەنیا شتێك كە لێرە دا زەق دەبێتەوە ئەوەیە: ئەگەر موخاتەبمان لەم فیلمە دا زۆرتر خەلكی كورد، یان نەتەوەگەلێكی بە كولتوری سوننەتی هاوشێوەی كوردان بێت، ئەو موخاتەبانە چۆن لەو فیلمە دەتوانن تێبگەن !؟
لەم فیلمە دا كە وەك ئاماژەم پێكرد، رەنگە یەكەمین فیلمی دەرۆنناسی لە مێژووی فیلمی كوردی دا بێت، ئەنیمەیشێن زۆر بە جوانی بە كار هاتووە.رەنگە ئەمە یەكەمین فیلمی كوردیش بێت كە ئەنیمەیشێن لە ناوی دا تێكەڵ بە دیمەنی رێئال كراوە. دیمەنی زانیار لە كاتێكدا كە لە لایەن دەرۆنناسێكەوە هیپنۆتیزم دەكرێت و دەچێتەوە ناو قووڵایی ڕەش و تاریكی ڕابڕدووی، یەكێكە لە دیمەنە سەرنجراكێشەكانی ئەم فیلمە. لێرە دا بە شێوەی ئەنیمەیشێن دەرگەیەك دەكرێتەوە و كەسێك، لە تاریكایی شەو دا، بۆ لای ئەو هەڵدێت. دواتریش كۆمەڵێك چەكدار لە سەر سەربانەكان و تەقینەوەیەك نیشان دەدرێت.لێرەدا بە تەواوی، زانیار چووەتەوە ناو سەردەم و تەمەنی منداڵی خۆی و چووەتەوە گوندێك كە پێشمەرگەی تێدابووە و دواتر هێزەكانی ئێرانی هاتوون و بۆمبارانیان كردووە. زانیار بە بێ ئەوەی كەس هیچی پێ گوتبێت، بە هیپنۆتیزم ئەم دیمەنە دەدۆزێتەوە.لێرەدایە كە دیسان پێداگری لە دایك و باوكی دەكات كە باسی ئەم ڕووداوەی بۆ بكەن. ئەمە كەشفێكی دەرۆنییە بە ڕێگای هیپنۆتیزم. ئەو هەستی بە بۆنی سووتانی مرۆڤ كردبوو. هەستی بە ترس و هەڵاتن. باوكی بۆ یەكەم جار بۆی دەگێڕیتەوە كە زانیار لەم هێرشە دا بووە و ئەم هێرشە بە كردەوە ڕووی داوە. هەر لەم هێرشە دا نزیكەی بیست تا بیست و پێنج كوژراون و ماڵەكانی دەوروبەری ئەو ماڵەی كە زانیاری لێ بووە دراونەتە بەر بۆمب و لەم نێوە دا زانیار بە شێوەیەكی موعجیزە ئاسا ڕزگاری هاتووە لە مردن!
لە چەند شوێنێكی دیكەش جیا لە كەرەسەی فیلم و فۆتۆ كۆنەكان، بە ڕێگای ئەنیمەیشێن، زانیار خۆی بە ڕابڕدووی خۆیەوە گرێ دەدا و كەشفی راستی ئەم ڕووداوانە و تەنانەت كەشفی دەرۆنی لە خۆی دا دەكات.بۆ وێنە كاتێك كە بۆ یەكەم جار چووەتەوە كوردستان و لە پشتەوەی ماشێنێكدا لە جاددە دایە و بە دیمەنێكی ئەنیمەیشێن، تەقینەوەیەكی لە ناكاو لە پشتە سەری خۆی هەست پێ دەكات و دیمەنی چەكدارەكانی سەر سەربان و هەڵات هەڵاتی خەلكی دێتەوە بەر چاو.
كۆتایی فیلمەكەش، كۆتاییەكی سەركەوتووانەیە. زانیار منداڵی دەبێت و تاهیری باوكی زانیار و لەتیفەی دایكی زانیار، دەبن بە باپیر و داپیر. زانیار ئێستا ئیتر نەك منداڵەكەی جاران، بەڵكوو خۆی باوكیكە. وە لێرە دایە كە دیمەنی جوانی كۆتایی فیلم، واتا دیمەنی كوڕی زانیار لە باوەشی تاهیری باوكی زانیار دا دەبینین كە دەیلاوینێتەوە و دواتریش فیلمەكە بە نیشان دانی وێنەی منداڵی زانیار لە كوردستان و لە باوەشی تاهیری باوكی دا كۆتایی پێ دێت... وە بەم جۆرەیە كە زانیار، رابڕدوو و ئێستا و داهاتوو بە یەكتر دەگەیەنێت...
بە هیوای ژیانێكی سەربەرزانە و بەرهەمی باشتر لە كاك زانیار ئادەمی...