راگەیەندراوی چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان سەبارەت رووداوەکانی ئەو شارە

19:27 - 28 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ٣ ئەنجومەنی مەدەنی فەرهەنگیی شاری مەریوان بەنیشانەی ناڕەزایەتی بە بڕیاری بەرپرسانی دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەروەها سوکایەتی کردن بە کەسایەتیی ژن، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا داوا لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان کراوە کە هاودەنگ لەگەڵ ژنانی کورد بۆ بن‌بڕ کردنی ناعەداڵەتی و دەستەبەر بوونی مافی ئینسان دەنگ هەڵبڕین.

نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە کە لێرەدا وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

خەڵکی چاو نەترس و بوێری کوردستان

بێ دەنگی لە هەمبەر سووکایەتی کردن بە ژنان کە نیوەی کۆمەلگەی مرۆییە و خولقێنەری ئەو بەشەی دیکە کۆمەلگەیە، خەیانەت بە کۆمەڵگەی ئینسانییە.

\"12068.jpg\"
کاتژمێر ٦ی سەرلە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوەتی ٢٦ی خاکەلێوە، بڕیاری دادوەری گشتیی شاری مەریوان سەبارەت بە سزادانی کەسێک لەو شارە و لەبەر چاوی خەڵک بەڕێوە چوو. کە گۆیا کەسێک بەناوی \" ت. م. د \" لەگەڵ بنەماڵەیەک بە کێشە هاتووە و قازی و دادوەری شاری مەریوان بۆ تەمێ کردنی ئەو کەسە، ناوبراویان بە جلوبەرگی کوردیی ژنانەی سوورەوە لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک داوە. لە روانگەی ئێمەوە کەسی تاوانبار پێویستە بەشێوەی ئینسانی و بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ سزا بدرێت، بەڵام لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردیی ژنان بۆ پیاوانی تاوانبار و پیشاندان بە خەڵک لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، تەنیا سووکایەتی کردن بە ژن و پێگەی ژنی کوردە، بۆیە ئەم هەڵسووکەوتەی دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران توڕەیی و نیگەرانیی خەڵکی بوێر و چاونەترسی کوردستان بەتایبەتی ژنانی لێکەوتەوە.

دەسەڵاتدارانی نیزام، رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرکۆمار، دەزگای قەزایی، شۆرای نیگابان و ......

لە فەرهەنگی لە مێژیینەی ئێمە کوردەکاندا لە ٢٧١٣ ساڵ پێش ئیستاوە ژنان پێگە و جێگەی تایبەتیی خۆیان هەبووە، لە هەموو شوێنێک رێزیان لێگیراوە و شانبەشانی پیاوان لە هەمبەر نایەکسانیدا راوەستاون. لە سەردەمێکداا کە گەلانی دیکە ژنەکانیان زیندە بەچاڵ دەکرد، ژن لە فەرهەنگی ئێمەدا رێبەر و فەرماندەر، خاوەن پێگەی شیاو و جێگەی رێز بوون. تەنانەت پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچە، هەتا ئێستاش تاکە رێبەرێکی ژن کە لە نێوان سەرجەم موسوڵمانانی جیهاندا بووە، ژنێک لە نەتەوەی کورد بەناوی \" مرواری خاتوون \" نەوەی سەلاحەدین بووە. بەڵام ئێوە بەوپەڕی بێ‌ڕێزی سووکایەتی کردنەوە پیرۆزی و گەورەیی ژن هاوتای کەسانی تاوانبار لە قەڵەم ئەدەن.

هەروەها لەماوەی ساڵانی رابردوودا زۆرێک لە ژنانی کورد لە هەمبەر زوڵم و جەوری کۆمەڵگەی پیاوساڵاردا دەنگی مافخوازییان هەڵبڕیوە و بە دەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون و ئەم دیاردەیەش بەردەوام لە دووپات بوونەوە دایە.

هاووڵاتیتانی مەریوانی کە پەیکەرەی شەرەف و بوێرتان زامدار کراوە، ئاوڕێک لە مێژووی پڕ لە شانازییەکانی خۆتان بدەنەوە و ئیزن مەدەن چیدیکە نەتەوەی ئێمە بەتایبەتی ژنانی کورد لەمە زیاتر سووکایەتییان پێ بکرێت، لە حکوومەتێکدا کە ژن بوون وەک تاوان سەیر بکرێت، لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی سزای تاوانباران بێت، یاسا چ واتایەکی هەیە؟! بۆیە هاودەنگ لەگەڵ ژنانی کورد بۆ بن‌بڕ کردنی ناعەداڵەتی و دەستەبەر بوونی مافی ئینسان دەنگ هەڵبڕن.

ئەنجومەنی ژنانی مەریوان
خویندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان
ئەنجومەنی ئەدەبیی گوندی نێ


٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٢