راپۆرتێک سەبارەت بە رۆژی جیهانیی کەمئەندامان لە ئێران و کوردستان

19:09 - 11 سەرماوەز 2714

 

ئاژانسی کوردپا: لە رۆژی جیهانیی کەمئەنداماندا لە وڵاتانی جیهاندا لە کاتێکدا یادی دەکرێتەوە، کە ئەو چینە لە کۆمەڵگەی ئێران لە زۆربەی مافەکانیان بێبەشن.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا رۆژی ١٢ی سەرماوەز بەرامبەر بە ٣ی دیسامبر وەکوو رۆژی جیهانیی کەمئەندامان دیاریکراوە، لە وڵاتی ئێران کەمئەندامان وەکوو یەکێک لە بێبەشترین توێژ بە ئەژمار دەکرێن و و حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش نە تەنیا بۆ یارمەتی گەیاندن بە کەمئەندامان کۆنڤانسیۆنی پشتیوانیی لە مافی کەمئەندامنی واژۆ نەکردووە، بەڵکوو بە واژۆ نەکردنی پەیماننامەی ئۆتاڤا، رۆژ لە دوای رۆژ ژامرەی کەمئەندامان لە وڵاتی ئیراندا بەرەو زیاتربوون دەبات.

کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٢دا و بە مەبەستی پەرەپێدانی فەرهەنگی رێزگرتن لە کەمئەندامان و بەردنەسەرەوەی ئاستی زانیاری لەمەڕ کەمەئەندامان، رۆژی ٣ی دیسامبری وەکوو رۆژی جیهانیی کەمئەندامان دیاریکرد.

زیاتر لە ١ملیارد کەس لە حەشیمەتی ئێستای جیهان بەهۆی کێشەی سیستەمی دەروونی، مێشک، جەستەوە کەمئەندام بوون و بەدەست ئازارەکانیەوە دەناڵێنن.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی بێهزیستیی ئێران ساڵانە ٦٠ هەزار کەس لە ئێراندا کەمئەندام دەبن، کە بەپێی ئەو ئامارە لە هەر رۆژێکدا ١٦٥ کەس بە ئاماری کەمئەندامانی ئێران زیاد دەبن.

بەپێی سەرژمیریی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ١ ملوێن و ٥٧٠ هەزار کەس کەمئەندام لە وڵاتی ئیراندا هەن، کە بەپێی ئاماری رێکخراوی داکۆکی لە مافی کەمئەندامان، زیاتر لە ٣ ملوێن کەس بە شێوەی جیددی کەمئەندام لە وڵاتی ئێراندا هەیە.

سالی ٢٠٠٠ی زایینی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پێشنیاری وڵاتی مەکزیک بە مەبەستی لابردنی یاسای هەڵاواردن دژبە کەمئەنداما، پشتیوانی لە مافی کەمئەندامان، پێڕاگەیشتن بە کێشەی کەمئەندام، دەستەبەربونوی عەداڵەت بۆ کەمئەندام، بەشداری کەمئەندامان لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتانی جیهاندا، کۆنڤانسیۆنێکی تایبەتی بە مافی کەمئەندامان پێکهێنا.

کۆنڤانسیۆنی داکاکۆکی لە مافی کەمئەندامان دەستبەجێ ١٣٢ وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان پەیوەستی ئەو کۆنڤانسیۆنە بوون، بەڵام حکوومەتی ئیسلامیی ئیران هەتا ئێستا پەیوەستی ئەو کۆنڤانسۆنە نەبووەو پاش ١٤ ساڵ بەسەر پەسندکرانیدا لە کۆڕی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حاڵی تاوتوێکردنی ناوەرۆکەکەیدایە.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە کەمئەندامانی وڵاتی ئیران قوربانیانی تەقینەوەی مین، کە بەشیکیان منداڵانن، پێکی دێنن و لەگەڵ لە هەموو مافەکانیان بێبەرین و تەنانەت بەپێی یاساکانی حکوومەتیش، کە دەبوا لە کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ ئوستانداریی شارەکان خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت وەکوو کەمئەندام بناسرایەن، هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە.

بە گوتەی عوسمان موزەیەن، لە یاسای وڵاتی ئێراندا هیچ جیاوازییەک بۆ قوربانیانی تەقینەوەی مین لە نێوان منداڵان و گەورەساڵان لەبەرچاو نەگیراوە، کە منداڵانی نشکاش کە بەهۆی تەقینەوەی مین بوونە قوربانی، هیچ جیاوازییەکیان بۆ لەبەر چاو نەگیراوە.

ناوچەی سنووریی ئوستانەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی رۆژئاوا و خوزستان لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا مینڕێژ کراون و بە پێی ئامارەکان ١٦ بۆ ٣٠ ملوێن مینیان تیدا چێندراوەو پاش تێپەڕبونوی ٢٦ ساڵ بەسەر تەواوبوونی ئەو شەڕەدا، هەتا ئیستا ئەو مینانە هەڵنەگیراونەتەوە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەویکە، کەمترین هەوڵی بۆ هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانی سەر سنوور داوە، بەبیانووی رێگری لە \"قاچاخ\"، رۆژانە لە ناوچە سنوورییەکان مین دەچێنێت و کۆڵبەران و هاوولاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی.

حکومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا پەیماننامەی ئۆتاڤا، کە تایبەت بە قەدەغە کردنی بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی مینی دژە نەفەرە، واژۆ نەکردووەو لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی سویس، نوێنەری وڵاتی بۆسنی لەمەڕ واژۆنەکردنی پەیماننانەمی ئۆتاڤا رەخنەی لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرت، کە بۆ هەڵگرتنەوەی ٢٠ ملوێن مینی دژە نەفەر هیچ هەوڵێکی نەداوە.

بەهۆی ئەندام نەبوونی ئێران لەو پەیماننامەیەدا، لە یارمەتیی نیونەتەوەیی وەک کەلووپەلی پێشکەوتووی خاوێن کردنەویە کێڵگە مینەکان بێبەری بووەو بە گوتەی کارناسان ئەم مەسەلەیەش هۆکاری زیادبوونی قوربانیانی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی نیزامی لە ئێراندایە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زۆربەی ئەو کەسانەی کە بە ناوی دەزگای مین هەڵگرتنەو ەکار دەکەن، چەند خولێکی کورت و سەرەتایی تەخریب و تەقاندنەوەیان بۆ بەشداریی لە شەڕدا بینوەو کارەکەیان لەگەڵ شێوەی کاری پاکسازیی مرۆڤدۆستانە جیاوازیی بەرچاوی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ گوتی، کە لە حاڵی حازردا دوو کەس لە ولاتی ئێراندا شارەزایی تەواویان لەسەر پووچەڵکردنەوەی مین بەپێی ستانداردە نێونەتەوەییەکان هەیە، کە بەهۆی رەچاوکردنی یاسا نێونەتەوەیەیکان لەلایەن ئەو دوو کەسەوە، هیچکامیان بۆ پووچەڵکردنەوەی مینەکان کەڵکیان لێ وەرناگیرێ.

ئاشکرای کرد، کە وەزارەت بەرگری بۆ هەر هێکتار کێڵگەی مین ٤ ملوێن و ٥٠٠ هەزار تمەنی تەرخان کردووەو خاوێنکردنەوەی کێڵگەمینەکان بە چەند شیرکەتێکی سەربە سوپای پاسداران سپاردووە و ئەو شیر ئەو شیرکەتانەی سوپای پاسدارانیش بە چەند پەیمانکارێکی دەسپێرن و بەهۆی ئەو پارە کەمەی کە پێیان ئەدرێ بە وردی کێڵگە مینەکان خاوێن ناکەنەوە.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، جێژنی خاوێنکردنەوەی کێڵگە مینەکان بەڕێوەچووەو ئوستانداریی شارەکان و وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی ئیسلامی، بە ئاشکرا ناوچە مینڕێژکراوەکانیان بە خوێنکراوە و پاکسازیکراو راگەیاندووە، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە، کە رۆژانە لە ناوچە سنوورییەکان هاوولاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانیی تەقینەوەی مین.

ساڵی رابردوو وەزارەتی بەرگری و ئوستانداریی کرماشان لە رێوڕەسمێکدا کە تابەت بە خاوین کردنەوەی کێڵگە مینەکان رێکخرابوو، رایانگەیاند، کە ٧٠٠ هەزار هیکتار زەوی و زاری ئاڵوودە بە مینی ئوستانی کرماشانیان خاوێن کردۆتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا (٢١ مانگی رابردوو)دا، سەرجەم ٨٩ کەس لە ئوستانی کوردنشینی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونەتە قوربانیی تەقینەویە مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ، کە سەرجەم ١٢ منداڵ تەمەن ژێر ١٥ ساڵ لە نێو برینداران و کەمئەنداماندایە.

لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٤٦ کەس لەو چوار ئوستانە کوردنشینە، کوژراو و بریندار بوونە، کە ١١ کەستیان دەستەبجێ گیانیان لەدەست داوە و ٣٥ کەسیشیان تووشی برینداری و کەمئەندامی هاتوون.

هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (١٣٩٣) هەتا ئێستا (رێکەوتی ١١ی سەرماوەز) لەو ئوستانەکانی ئیلام، کەماشان، کوردستانو ئازەربایجانی رۆژئاوا سەرجەم ٤٣ کەس بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجیماوی شەڕ کە ٩ کەسیان گیانیان لەدەست داوەو ٣٤ کەسیشیان بریندار و کەمئەندام بوونە.

لەکۆی ئەو ٨٩ کەسی کەلە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە ناوچە کوردییەکان بوونەتە قوربانی، ٢٦ کەسیان لە ئوستانی کرماشاندابەهۆی مین و تەقەمەنیی بەجێاموی شەر کوژراو و بریندار یان کەمئەندام بوونە، کە ٨ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە کە شەری ئێران و عێراق کۆتایی پێهاتووە، هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ١٥٦٩ کەس بەهۆی تەقینەوی مین کەمئەندام بوونە و ٣٠٩ کەسیش گیانیان لەدەست داوە کە ٦٩ کەسی گیان لەدەستداوان ژن و ٢٤٣ کەشیان پیاو بوونە.

بەپێی ئەو ئامارە، لە ئوستانی کوردستانیشدا لە ماوەی ساڵی ٦٧ هەتا ١٣٩١ی هەتاویدا، ٦٩٩ کەس بریندار بوون و ٣٦٨ کەسیش گیانیان لەدەست داوە، کە ٣١ کەسی گیان لەدەستداوان ژن و ٣٣٧ کەشیشیان پیاوان پێکیان هێناوە.

بەپشت بەستن بەو ئامارەی وەزارەتی بەرگریی ئێران، لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ئوستانی کرماشانیشدا ١٩٣٣ کەس، کە ١٠٨ کەسیان ژن بوون، بریندار و کەمئندامی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجێماو بوونە و هەر لەو ماوەیەشدا ٩٣٣ کەس گیانیان لەدەست داوە، کە ٤٣ کەسی گیان لەدەستداوان ژنان بوونە.

هەروەها لە ئوستانی ئیلام لە ماوەی ساڵانی ٦٧ی هەتا کۆتایی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٥٣٦ کەس بریندار و کەمئەندام بوون، کە ٣٧ کەسیان ژن بوون و هەروەها ٣٢٦ کەسیش کە ١٨ کەسیان ژن بوون، بەهۆی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەری ئێران و عێراق، گیانیان لەدەست داوە.

لە ئوستانی عەرەبنشینی خوزستانیش کە لە باشووری رۆژئاوای وڵاتی ئێران هەڵکەوتووەو و لە ماوەی ساڵی ٦٧ هەتا ٩١ی هەتاوی ٨٦٤ کەس بریندار و کەمئەندام بوونە، کە ٩٦ کەسیان ژن و ٧٦٨ کەسیشیان پیاو بوون و لەو ماوەیەشدا ٤٣٧ کەس، کە ٣٤ کەسیان ژن بوون، کە بەهۆی مین وتەقەمەنیی بەجێماوەی شەڕەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی یونیسێف؛ هەنووکە رووبەری ٤ ملوێن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە خاکی شارە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران وەک مێهران، دێلهلوڕان، نەوت شار، سۆمار، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، گیلانغەرب، پاوە، مەریوان، بانە، سەردەشت، شنۆ، پیرانشار و ورمێ بە مینڕێژکراوی ماونەتەوە، کە ١٧ جۆر مینیان تێدا چێندراوە.
\"23414.jpg\"