راپۆرتی نوێی ئەحمەد شەهید لە رووی ئامارییەوە

19:48 - 24 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەحمەد شەهید بەپێی دیمانە و گفتوگۆ لەگەڵ ١٣٣ هاووڵاتیی ئێرانی لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمە لە دووتوێی ٧٤ لاپەڕەدا بڵاو بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەحمەد شەهید رۆژی رابردوو لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە چۆنیەتیی راپۆرتی نوێی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کرد و نیگەرانیی خۆی لە \" جیاوازیی یاسا میللی – ناوخۆییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەڵێن‌نامە نێونەتەوەییەکان و پابەندنەبوونی ئەو حکوومەتە بە یاسا نێونەتەوەییەکان\" دەربڕی.

ئەحمەد شەهید لەو کۆنفڕانسەدا رایگەیاند: بەداخەوە دەبێ بڵێم، سەرەرای ئەو وتانەی کە لەلایەن سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هاتوونەتە ئاراوە و رەنگە هێندیک هەنگاوی بەرەو رێفۆرم هاویشتبێت، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هەروا جێگەی نیگەرانییە.

رێپۆرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کەمینە نەتەوەیەیکان رایەگەیاند: لە مانگی ژانویەی ئەمساڵدا، سەرچاوە هەوالدەرییەکان هەواڵی دەستبەسەری و مەحکووم کردنی لانیکەم ٥٠ داکۆکیکاری مافی کەمینە نەتەوەییەکان، ٢٨ چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی و ٢٠٠ چلاکی سیاسیی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران\"یان بلاو کردۆتەوە و نووسیاویانە کە ئەم زیندانیاینە لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە کراون.

بەوتەی ئەحمەد شەهید، لە رێکەوتی ١٤ی ژانویەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‌دا، ٨٩٥ زیندانیی سیاسی، مەزهەبی لە زیندانەکانی ئێراندا بوون، کە ٣٧٩ کەسیان چالاکی سیاسی، ٢٩٢ کەسیان زیندانییانی مەزهەبی و ٩٢ کەسیان داکۆکیاکری مافی مرۆڤ و ٧١ کەسیان هاوولاتیی مەدەنی، ٣٧ رۆژنامەنووس و وێبلاگنووس و هەروەها ٢٤ کەسیشیان چالاکانی خوێندکاری بوون.

دوو لەسەر سێی حاڵەتی دەستبەسەر کردنەکان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بووە و حاڵەتەکانی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دیکەی وەکوو پۆلیس و سپای پاسداران و هێەکانی بسیجەوە ئەنجام دراون.

لە راپۆرتی نوێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کەلە ماڵپەڕی فەرمیی ئەحمەد شەهیدا بڵاو بۆتەوە، هاتووە کە ٩٠%ی زیندانیان بەرەوڕووی ئازاری دەروونیی وەک \" ژووری تاکە کەسی، لەسێدارەدانی لەسەرتۆمەتی بێ بنەما، ئازاری جینسی، هەڕەشە کردن لە بنەماڵەیی و جوێنی نەشیاو و ناشیرین، هەڕەشەکردن بە دەستدرێژیی جنسی، چەندین شێوە ئەشکەنجەی دیکە بوونەتەوە.

لە بەشی کەمینە ئایینیەکاندا، رێپۆرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات: هەتا رێکەوتی ٣ی ژانویەی ئەمساڵ، لانیکەم ٣٠٧ کەس لە هاووڵاتییانی سەربە کەمینە ئایینییەکان لە زیندانەکانی ئێراندان، کە ١٣٦ کەسیان بەهایی، ٩٠ کەسیان سوننی، ٥٠ کەسیان مەسیحی، ١٩ کەسیان دەروێش (بۆ نموونە چوار پارێزەری دەروێش و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ) و دوو کەسیشیان هاووڵاتیی زەردەشتی بوون.

ئەحمەد شەهید ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رۆژنامەی (بەهار) و (ئاسمان) بە پێچەوانەی ئیدیعای ئەندامانی کابینەی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی کە باسیان لە ئازادیی چاپەمەنی کردبوو، بەرەوڕووی داخران بوونەوە، کە ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران تەنانەت لە چوارچێوەی مەزهەبی فەرمیی وڵاتیشدا ئیزنی باس کردن نادات.

بەپیی ئەم راپۆرتە، ژامرەی لە سێدارەدان لە ساڵی ٢٠١٣دا لە ئێران (٦٢٤ کەس)دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٢ی زایینی ١٦٥% رووی لە زیادبوون کردووە.

هەروەها بێبەری کردن لە خوێندن لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بە یەکێکی دیکە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دادەندرێت، کە لە راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهیددا گونجێندراوە.

ژمارەی ئەو خوێندکارانە کە رۆژلەدوای رۆژ رووی لە زیادبوون کردووە لە ساڵی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠١٣ی زایینی ٩٣٥ خوێندکار لە خوێندن بێبەری کراون و کە زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١ هەتا ٢٠١٣ی زایینی‌دا لە خوێندن بیبەش کراون.

ئەحمەد شەهید ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم راپۆرتەدا لەگەڵ ١٣٣ کەس لە چالاکنی ئێرانی لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، فەڕانسە، ئاڵمان و هۆلەند چاوپێکەوتن و ئاخاوتنی کردووە و وردەکاریی راپۆرتەکەی تەکمیل کردووە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەتەوە، ٢٦ رێکخراوی ناسراوی مافی مرۆڤ داوای درێژکردنەوەی سەرلەنوێی ماوەی مەئموورییەتی رێپۆرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.

هەروەها دەگوترێت، نزیک بە ٥٠ وڵاتی ئەندامی شۆرای مافی مرۆڤ لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنیەوە داوایان لێکراوە لە کۆبوونەوەی ١٧ی مارسدا بەشداری بکەن کە بڕیارە تیایدا ئەحمەد شەهید راپۆرتی خۆی لەسەر پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە ئێراندا بکات.

بۆ خوێندنەوەی دەقی راپۆرتی فارسیی ئەحمەد شەهید لێرە کرتە بکە.